بەڕێوبەرێكی ئاسایشی سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە
20/06/2014 نوسەر: bzavpress

بەڕێوبەرێكی ئاسایشی سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە


بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی رۆژئاوای‌ سلێمانی وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر "دەستوەردانی" بەرپرسێكی ئەمنی لە كارەكانی  دەستلەكاردەكێشێتەوە.

عەمید جەودەت محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی رۆژئاوای‌ سلێمانی رایگەیاند: "لە خاڵی پشكنینی (بانی مەقان) دەستیانگرتووە بەسەر 80 چەكی سوپای عێراقدا كە لای‌ خەڵكی تربووە، بەڵام پێش ئەوەی‌ رێوشوێنە یاساییەكانیان لەگەڵدا بگیرێتەبەر، د. خەسرەو گوڵ محەمەد، لێپرسراوی دەزگای‌ زانیاری‌، دەستیوەرداوەتە كێشەكەو داوای‌ كردووە كە ئەو مامەڵە لەگەڵ ئەو چەكانەدا بكات.  

بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی رۆژئاوای‌ سلێمانی وتیشی، "ئەوە لە كاتێكدا بووە كە ئێمە دەمانویست بە پێی‌ یاسا لەگەڵ ئەو چەكانەدا مامەڵە بكەین‌و لیژنەیەكیشیمان بۆ ئەو مەبەستە پێك هێنابوو".

عەمید جەودەت راشیگەیاند‌، "لە بەر ئەو هۆكارەو دەستێوەردانی لێپرسراوی دەزگای‌ زانیاری‌ لە كارەكانمان كە هەندێكجار رێگر بووە لەوەی‌ ئیجرائاتی پێویست بگرینەبەر، بڕیارمدا دەست لەكاربكێشمەوە."

بەپێی زانیاریەكان لە ئێستادا (عەقید ئەحمەد نادر) وەك بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی رۆژئاوای‌ سلێمانی لە شوێنی‌ عەمید جەودەت محەمەد ساڵەح دانراوە.




ئاوێنە نیوز