23/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
گواستنەوەی ناوەندی قاعیدە بۆ ناو عیراق
هەموو پێشبینییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە عیراقو وردتر ناوچە سوننە نشینەكەی عیراق، بەرەو ئەوە هەنگاودەنێ كە بەهۆی داعشەوە ببێتە گەورەترین مەكۆی رێكخراوی قاعیدە لەجیهاندا، هەرچەندە هێشتا دەرفەتێكی زۆر بۆ تەگەرەدان لەم سەرەنجامە ماوە، بەڵام هێشتا پلانێكی تۆكمە لەئارادا نییە.
گرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە خەریكە بەو سەرەنجامە دەگا كە ناوەندی چالاكییە جیهانییەكانی قاعیدەی بگوازێتەوە بۆ عیراقو ئەبوبەكری بەغدادیی سەرۆكی داعش جێی ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی سەركردایەتیی جیهانیی قاعیدە بگرێتەوە.
خودی داعش بەلقێكی یاخی لەسەركردایەتی زەواهیری دادەنرێ. لەساڵی 2013 دا بەغدادی كە چالاكییەكانی بۆ ناوخۆی سوریا گواستبۆوە، لەبەرەی نوسرە جیابۆوە، خودی جیابوونەوەكە بەجیابوونەوە لەڕێكخراوی قاعیدە دەژمێردرێ، چونكە بەرەی نوسرە خۆی بەلقی سوریای قاعیدە دادەنا. لەگەڵ جیابوونەوەی بەغدادیو پێكهێنانی داعش، ژمارەیەكی زۆری چەكدارە بیانییەكانی سوریا وازیان لەبەرەی نوسرە هێناو پەیوەندییان بەداعشەوە كرد، چونكە پێیان وابوو داعش سیستماتیكترو رێكوپێكتر كار دەكات.
داعش هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەو بنەمایە كاری كرد كە عیراقو سوریا بكاتە سەنتەری چالاكییەكانی خۆی. بایەخی سوریا بۆ داعش لەوەدایە كە سەرچاوەی رێكخستنی چەكدارە بیانییەكانەو لەقەڵەمڕەوێكی فراوانیدا دیاردەی بۆشایی دەسەڵات تێیدا رەنگی داوەتەوە. داعش لەڕێی خاكی سوریاوە چەكداری فرەڕەگەزی دروست كردووە. لێشاوی هاتنی چەكداری بیانی لەسوریاوە بەرەو عیراق دووەم لێشاوی گەورەی هاتنی چەكداری بیانییە بۆ عیراق.
لەم هەلومەرجەی ئێستاداو پاش ئەوەی ئەبوبەكری بەغدادی توانی بەكردەوە بیسەلمێنێ كە لەزەواهیری بەتواناترو لێشاوەترە، خەریكە سەركردایەتیی زەواهیری دەپوكێتەوەو بەغدادی وەك سەركردەی قاعیدە دەردەكەوێ.
بەغدادی هەر لەسەرەتاوە شێوازی كاركردنی زەواهیریی بەدڵ نەبووە. زەواهیری وەك شاگردێكی ئوسامە بن لادن لەو بڕوایەدا بوو كە دوژمنی سەرەكی، ئەمریكایە. ئەوەش لەكرداردا بەو ئاكامە گەیشتبوو كە قاعیدە چالاكییەكانی خۆی لەدژی ئەمریكا چڕكردەوە، لەكاتێكدا بەغدادیو نەوەی دووەمی قاعیدە لەو بڕوایەدان كە ئەمریكا بەبێ لەناوبردنی رژێمە حكومڕانەكانی جیهانی ئیسلام لەناو ناچێ. ئەمە بەم مانایە نییە كە نەوەی دووەمی قاعیدە وازی لەدژایەتی كردنی خۆرئاوا هێناوە، بەڵكو بەو مانایە دێ كە تاكتیكی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕیوەو چۆتە سەر ئەو باوەڕەی كە لەناوبردنی دوژمنی نزیك سەرەتای لەناوبردنی دوژمنە دوورەكەیە.
ئەمریكییەكان پێش دروستبوونی داعش، هەستیان بەمەترسیی بەغدادی كردبوو. هەر ئەوەش بوو كە وای لێكردن پاداشتێكی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ گرتنی یان كوشتنی تەرخان بكەن.
گرتنی موسڵ نیشانی داوە كە بەغدادی لەهەموو سەركردەكانی تری قاعیدە مەترسیدارترە. ئەم پیاوە خەو بەگرتنی بەغداو تێكدانی شوێنە پیرۆزەكانی نەجەفو كەربەلاوە دەبینێو لەخەیاڵیدایە دەوڵەتێكی پانوپۆڕ لەژێر ئاڵای ئیسلامێكی بەپێودانگ تاڵیبانی بەیەكپارچەكردنی عیراقو سوریا دابمەزرێنێ.
هەرچەند خەونەكانی بەغدادی لەتوانای گەورەترن، بەڵام رێ لەوە ناگرن كە هەوڵدانی بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی، مایەی دروستكردنی گێچەڵێكی گەورە بێ لەناوچەكەدا، بەتایبەتی كە گواستنەوەی ناوەندی قاعیدە بۆ ناو عیراق بەم مانایە دێ كە قاعیدە قۆناغێكی تری ژیانی دەست پێ دەكا كە تەواو جیاوازە لەقۆناغەكانی پیشووی.