24/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
چی سوودت پێ دەگەیەنێ لە دوای مردنت
پێغەمبەری خوا صلى الله علیه و اله وسلم ئەفەرموێ : (اذا مات الانسان انقطع عنه عمله الا من ثلاثة الا من صدقة جارية او علم ينتفع به او ولد صالح يدعو له) رواه مسلم واتە : ( ئەگەر مرۆڤ مرد کردەوەکانی لێ ئەپچڕێ ئیللا لە سێ شت نەبێ ئیللا لە سەدەقەیەکی بەردەوەام ڕۆیشتوو -لەپاش خۆی بمێنێ- یان زانستێکی -جێ هێشتبێ- سوودی لێ وەربگیرێ یان مناڵێکی چاکی -جێ هێشتبێ- دوعای بۆ بکا ) .
وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : ( سبع يجري للعبد أجرهن و هو في قبره بعد موته : من علم علما أو أجرى نهرا أو حفر بئرا أو غرس نخلا أو بنى مسجدا أو ورث مصحفا أو ترك ولدا يستغفر له بعد موته ) صحيح الجامع 3602 واتە : ( حەوت شت پاداشتەکەی بەردەوام ئەبێ بۆ بەندەو ئەویش لە گۆڕەکەیەتی لە پاش مردنی : کەسێک زانستێکی فێری -خەڵک- کردبێ یان ڕۆیشتنی ڕوبارێکی ئاسان کردبێ -بۆ خەڵک- یان بیرێکی هەڵکەندبێ یان دار خورمایەکی ڕواندبێ یان مزگەوتێکی دروست کردبێ یان موسحەفێکی -کتابی قورئانی- لە پاش جێ مابێ یان مناڵێکی جێ هێشتبێ داوای لێخۆشبونی لەخوا بۆ بکا ) .
ئەم دوو فەرموودە زۆر سوودی تیایەو هانمان ئەدات بۆ زۆر شت لەوانە :
یەکەم : هانمان ئەدات بۆ جوان و ڕاست پەروەردە کردنی مناڵەکانمان لە سەر ئیسلام بۆ ئەوەی کە مردین دوعای خێرمان بۆ بکەن و سوودمان پێ بگەینن ، دیارە پەروەردە کردنی مناڵیش لە پێشا ئەبێ دایکێکی خاوەن دین و ڕەوشت بەرزی بۆ هەڵبژێری تا یارمەتیت بدا بۆ پەروەردەکردنی .
دووەم : هانمان ئەدا بۆ فێر بوونی زانستی شەرعی وە زانستی بەسوود تا بتوانین ئێمەش فێری خەڵکی بکەین و لەپاش مردنمان پاداشتمان بەردەوام بێ .
سێهەم : هانمان ئەدا بۆ خزمەت کردنی موسڵمانان و ئاسان کردنی بەرژەوەندیەکانیان لەوانە ئاسان کردنی گەیشتنی ئاو پێیان بۆ خۆیان و مەڕو ماڵات و کشتوکاڵیان پاداشتی ئەمەش بەردەوام ئەبێ لە پاش مردنیشمان .
چوارەم : هاندانی موسڵمان بۆ ڕواندن و چاندنی داری بەسوود لە هەموو دارێکیش بە سوودتر داری خورمایەو تەمەن درێژە و سوود زۆر بە موسڵمانان ئەگەیەنێ لە پاش مردنیشت تا سوودی هەبێ پاداشتت مسۆگەرە .
پێنجەم : هاندانی موسڵمان بۆ بڵاو کردنەوەی کتێب و لەدوای خۆی جێی بێڵێ لە هەموو کتێبێک بەسود تریش قورئانی پیرۆزە تا خەڵک سوودی لێ ببینێ تۆش پاداشتت ئەبێ .
شەشەم : هاندان بۆ دروست کردنی مزگەوت و ئاسان کردنی تاپاداشتی بەردەوامت هەبێ لە ژیانت و لەدوای مردنت .
ئەوەی بیر لەو فەرموودانە بکاتەوە سوودی زیاتر و فەزلی خوای زیاتر بۆ دەرئەکەوێ سبحانه وتعالى خوای گەورە رێگای خێر و پاداشتی بۆ ئاسان کردوین دەبا هەوڵ بدەین توێشوی قیامەتمان زیاد بکەین و کە مردین ناتوانین بێینەوە دونیا چاکە بکەین با ئەم شتانە-تایبەت مناڵی چاک- لە دوای خۆمان جێ بێڵین تا پاداشتەکەمان بۆ بەردەوام بێت وەکو ئەوەی خۆمان لە دونیا بین !.
وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : ( إن الرجل لترفع درجته في الجنة ، فيقول : أنى ( لي ) هذا ؟ فيقال : باستغفار ولدك لك ) سلسلة الاحاديث الصحيحة 1598 واتە : ( پیاو هەیە پلەی بەرز ئەبێتەوە لە بەهەشت ، ئەڵێ ئەوە بەچی بۆ من ؟ ئەوترێ پێی : بە دوعای مناڵەکەت بۆت لە خوا کە لێت خۆش بێ و تاوانت داپۆشێ ) .
ئەو فەرموودە هانمان ئەدا بۆ چەند شتێک و چەند سودێکیشی تێدا:
1- هانمان ئەدا بۆ زوو ژن هێنان بۆ ئەوەی هۆی مناڵ بوون بگرینە بەر .
2- هەڵبژاردنی ئافرەتێکی باش بۆ ئەوەی مناڵەکەمان بە شێوەیەک پەروەردە بکا کە لە پاشە ڕۆژ دوعامان بۆ بکا لە خوا کە لێمان خۆش بێ .
3- گرنگی دان بە پەروەردە کردنی مناڵ چونکە هۆیەکە بۆ بەرز بوونەوەی پلە لە بەهەشت .
4- زۆر داوا بکەین لە خوا بپاڕێینەوە کە مناڵی چاکمان پێ ببەخشێ پاش ئەوەی هۆکارەکان ئەگرینە بەر .
5- خۆمان دوعا بکەین و لە خوا بپاڕێینەوە کە لە دایک و باوکمان خۆش بێ و پلەیان بەرز بکات لە بەهەشت .
وە زۆر سوودی تر وەک ئەوەی کە لە پاش مردن دوعای مناڵ سوودی هەیە بۆ دایک و باوک وە هەروەها بۆمان دەر ئەخا کە بەهەشت پلە پلەیە جا ئەوەی ئەیەوێ پلەی بەرز بەدەست بێنێ با هەوڵی بۆ بدا مناڵیش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پلەمان بەرز ئەکاتەوە لە بەهەشت دەبا هەوڵی بۆ بدەین مناڵمان زۆر بێ نەک وەک کەسانێک بە داخەوە مناڵیان لێ بەڵایەو بێزارن لێی لە جیاتی هەوڵ بدەن بۆ بوونی هەوڵی نەبوونی ئەدەن و ڕێی لێ ئەگرن !.