25/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن، شەقام بێدەنگ ناکات
ئەنجامەکانی دووھەڵبژاردنی 21ی ئەیلوولی پارساڵ و 30ی نیسانی ئەمساڵ، دەریانخست، ئۆپۆزسیۆن وەک پێویست جێگەی ئومێدی دەنگی شەقام و ڕایگشتیی نەبوون، بەڵکو بە دیوێکدا، لە گۆڕەپانی ڕامیاریی و ململانێی دەسەڵات لە کوردستاندا، توانیان کەڵک لەھەردوو ئاراستەکە وەربگرن، بۆ تۆکمەکردنی پێگەی خۆیان.
پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن فاکتەرێکی بەھێز نەبوون، بۆ کاراکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک لە دەستپێکدا بینرا، بۆن و بەرامەی دەسەڵات، بەجۆرێک وڕی کردن، بەباشی توانای ھەڵمژینی ھەناسەی شەقامیان نەما، ھەموویان پێش لایەنە کۆنەکانی دەسەڵات، مەست بوون بە نەشئەی خەیاڵی کابینەی نوێ، ئەرکە سەرەکییەکەی خۆیان لەبیر چووەوە، ئەوان لەبری فشار بۆ خێرا پێکھێنانی کابینەی نوێ، بوونە دەستبارێکی بەھێز و فریادڕەسێکی باش بۆ حکومەتە کاربەڕێکەرەکە.
دواکەوتنی چەند مانگەی دانیشتنەکانی پەرلەمان و پێکنەھێنانی سەرۆکایەتییەکەی و ڕانەسپاردنی سەرۆک وجێگری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، گەر ویستیی دەسەڵاتدارێتیی دوو زلحیزبەکە بوو بێت، گرێدراوی ھەڵوێستی شەرمنانەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بوو، کاتێک ئەوان لەو ماوە درێژەدا، تەنھا 30خولەک ھۆڵی پەرلەمانیان ئاوەدانکردەوە و ھەرێمیش دووچاری بۆشایی سیاسی و ئیداری ھاتبوو، پەرلەمانتارانیش ڕوو لە فەرمانی حزبەکانیان و پشت لە جەماوەر، کاتیان بەڕێدەکرد.
گەر دۆخی چەندساڵی ئایندەی دەسەڵاتدارییەتی کوردستان، بە بەشداریی لایەنەکانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن، بەو جۆرە تێپەڕێت، سەرەڕای ئەوەی لەڕووی پێگە و جەماوەرێتییەوە دوولایەنە کۆنەکەی دەسەڵات سوودمەندی یەکەم دەبن، چیتر شەقامیش گرێدراوی گوتاری کۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان نابێت، لەو ڕووەوە دەبێت بیر لە ئاڵتەرناتیڤی نوێ بکرێتەوە، بۆ خستنەڕووی داخوازیی ڕەوا و دەستنیشانکردنی کەموکورتییەکانی دەسەڵات، لە ئاست بژێویی ژیان و فەراھەمکردنی خزمەتگوزارییەکاندا، کە بەڕووی پێنج لایەنی دەسەڵاتی ئایندەدا، دەبێت بەشێوازی مەدەنیانە، داخوازییەکان پەخش بکرێت.
بەرزیی و نزمیی کێرڤی دەنگ و ئاستی جەماوەریی لایەنەکان، ئەو ڕاستییەی تۆختر کردەوە، کە ھیچ گروپ و لایەنێک لە کوردستاندا، خاوەدارێتیی خەڵکی نیە، بەڵکو ئەوە خەڵک و دەنگدەرانن، بڕیار لەسەر زیاد وکەمیی حزب و لایەنەکان دەدەن، بۆیە ئەم ھەلومەرجە نوێیە، دەخوازێت کۆنتاکتی ھێزی گەل و دەسەڵاتی مێدیایی بۆ چاودێری حکومەتی یەکڕیزیی نیشتیمانی (وەک ناونراوە) کارا بکرێت، دەرفەتێکی لەباریشە بۆ جیاکردنەوەی دەنگی خەڵک لە دەنگی حزبەکان، ھێزە ئازادییخواز و نیشتیمانپەروەرەکانیش، دەتوانن پشتگیر و پستیوانی داوا ڕەواکان بن و ئەجێندای کاریان لەسەر بنەمای دەنگی شەقام و ڕای خەڵک بنیات بنێنەوە، نەک ھەموان لە چاوەڕوانی دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا بژین ....