25/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
برای (مەشعان جبووری) لە هەولێر نەكوژراوە
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگی هەولێر ڕایگەیاند، چەند ماڵپەر و پەیجێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویان كردووەتەوە كە دوێنێ برای (مەشعان جبووری) لە هەولێر كوژراوە، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە كە كەسێكی دوژمندار كوژراوە و پۆلیسیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگی هەولێر ڕائید (كاروان خۆشناو) گوتی: "دوای ئەوەی دوێنێ سەعات (٩)ی شەو پۆلیس لە بوونی رووداوێكی كوشتن لە نزیك شیرنەمەنیی عەشتار ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەركەوت كە شوفێری ئۆتۆمبێلێك بە دەمانچە تەقەی لە كەسێك كردووە بە ناوی (عەبد حوسێن زامن) كە بە رەگەز عەرەبە و دواجار گیانی لە دەست داوە".
ڕائید (كاروان خۆشناو) ئەوەیشی خستە ڕوو كە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم رووداوە كرایەوە و بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیش كوژراو دوژمندارە، پۆلیسیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی زیاترە بۆ دەستگیركردنی تاوانبار.
گوتیشی: "بە داخەوە چەند ماڵپەر و پەیجێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك هەواڵەكەیان شێواندووە گوایە كوژراو برای (مەشعان جبووری)ـیە، ئێمە وەكو پۆلیسی هەولێر ئەم هەواڵە رەت دەكەینەوە و هیچ بنەمایەكی نییە و لە ڕاستییەوە دوورە، بەڵكو ڕاستییەكە ئەوەیە كە كوژراوەكە لەسەر كێشەی دوژمنداری كوژراوە و پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی زیاترە بۆ دەستگیركردنی تاوانبار".