29/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
كەرنەڤاڵی ملیۆنی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوە دەچێت
كۆمیتەی ئامادەكاری سەربەخۆیی كوردستان، لە بانگەوازێكدا وێڕای ئامادەسازیی بۆ كەرنەڤاڵی ملیۆنی، داوا لە كوردستانیانی سەرتاسەری دنیا دەكات لە كاتی گونجاودا بڕژێنە سەر شەقامەكان و دەنگی سەربەخۆیی بەرز بكەنەوە.
كۆمیتەی ئامادەكاری سەربەخۆیی كوردستان، بانگەوازێكی ئاڕاستەی كوردانی سەرتاسەری دنیا، رۆشنبیر و رۆژنامەوانان، رێكخراوە جەماوەری و پیشەیی و دیموكراتییەكان، كۆمەڵە و سەندیكا پیشەییەكان، سەنتەرە رۆشنبیری و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، پارتە سیاسییەكانی كوردستان، قوتابی و ژنان و لاوانی وڵاتپارێز، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان، زانایانی ئایینی ئیسلام و مەسیحی و ئێزدی و یارسان و سابیئە، دیموكراتخواز و لیبراڵ و دید و بۆچوونە جیاوازەكان دەكات، كۆمیتەیەك لە هەر پێنج پارێزگاكەی باشووری كوردستان سەرقاڵی ئامادەسازییە بۆ كەرنەڤاڵی ملیۆنی بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان و ئەم كۆمیتەیەیش بە پشتیوانیی هەموو چین و توێژەكانی گەلەكەمان ئەم هەنگاوە دەنێت، بۆیە ئەركی ئێوەی نیشتمانپەروەرە پشتیوانیی بكەن و لە كاتی گونجاودا لە تەواوی كوردستاندا بڕژێینە سەر شەقامەكان و دەنگی سەربەخۆیی بەرز بكەنەوە.
كۆمیتەی ناوبراو وێڕای ئەوەی داوای پشتیوانیی هەمووان بۆ كاتی گونجاو دەكات، هەروەها بڕوایشی وایە كە یەكدەنگیی ناوخۆیی، دەبێتە هۆی بەهێزكردنی دەنگی سەربەخۆخوازانەی كورد و وڵاتی تازەی كوردستان لە نەخشەی نوێدا.
كۆمیتەكە بۆ پەیوەندی و ڕا و سەرنجی كوردستانیان، ژمارە مۆبایلی سێ ڕێكخەریشی بڵاو كردووەتەوە:
07508477621 چنار نامق: هەولێر
07702106960 مەشخەڵ كەوڵۆسی: سلێمانی
07504574648 ئیسماعیل هاجانی: دهۆك