05/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
مەترسیەکانی وتارەکەی بارزانی لەناو پەرلەماندا
لە سایەی ئەو بێدەنگییە مەترسیدار و بێ پاساوەی کە پەرلەمانی کوردستان تێی کەوتوە لە ئاست قەیرانە چارەنوسسازەکان و پرسی ناوچە گەڕێنراوەکان و ئەگەری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا ، کە تا ئێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕونی ئەوتۆی لێ بەدی ناکرێت ، من لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر ڕۆڵی نێگەتیڤی پەرلەمانی کوردستان بکەم لە رۆژی هاتنی سەرۆکی وادە بەسەر چوو بۆ هۆڵی پەرلەمان لە 3/7/2014 دا چی کرد و بۆچی ، چونکە وادیارە پەرلەمان بڕیاری پێشوەختی داوە کە ئەم خولە ببێتە نمایشخانە بۆ ئەم و ئەو ، ببێتە دادنوسێک بۆ ڕاستاندنی هەڵوێستە سیاسیەکان بە بێ هەڵوێستە کردن لەسەری و هەڵسەنگاندنی، من نامەوێت بپرسم بۆچی سەرۆکایەتی پەرلەمان خۆی خستۆتە دۆخێکی دژ بەیەکی ئەوتۆ کە نازانن چی ئەکەن ، کۆبونەوە بە نهێنی ئەکەن و دواتر بڵاوی ئەکەنەوە، لێیان ناپرسم بۆ ئێوە هێشتا نازانن جیاوازی چیە لە نێوان کۆبونەوەی نهێنی و کۆبونەوەی داخراو لە ڕووی پەخشەوە وەک لە ماددەی 9ی پەیرەوەی ناوخۆی پەرلەماندا هاتوە، ناڵێم بۆ کۆبونەوەی داخراو ئەکەن ، کەچی لەولاوە بڵاوی ئەکەنەوە ، دیارە هەر بە بێ بەرنامە، بەرنامە دادەنێن، وە ناشمەوێت پرسیار بکەم بۆ هێندە پەرلەمانتاران لە هەموو کات زیاتر قڕوقپیان لێ کردووە تەنها تێبینی دەنوسن، بەس نازانم بۆ کەی ، تۆ بڵێی هەڵەیەک ڕووی نەدابێت ، تۆ بڵێی ئێستا هەموتان هاوهەڵوێست بن لەسەر هەموو شتێک ، ئەی ئەگەی وا نیە ، ئەی کەی ئیشەلڵا ئەدوێن ، لە هاتنی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکاردا هەر بێدەنگ، لە هاتنی سەرۆکی وادە بەسەر چوو هەر بێدەنگ،
هەروەک چۆن ناشمەوێت لە بێ هەڵوێستی بەشێکی زۆری پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بدوێم ، ئەوانەی لەترسی ئەوەی پێیان نەوترێت لە یەک ڕیزی نیشتیمانی دەرچوون، ناوێرن هیچ بڵێن، بۆ خۆیان بێ بەرنامە پاڵیان لێداوەتەوە، لە کاتێکدا گەر لێیان بپرسیت هەڵوێستان چۆنە ، ئەڵێن لە دۆخە کە زۆر نارازین و بەرنامەی تۆکمەمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ، ئەوان لەم دۆخەدا لەژێر سایەی چەترەکەی سەرۆکی وادەبەسەرچودا جارێ ئەحەسێنەوە ، ئەگەر هەڵوێستەکەی بارزانی راست دەرچوو، ئەوا ئەلێن ئەوە ئێمەش بوین ، خۆ ئەگەر بە هەڵەدا چوبو ، ئەوا ئەڵێن هەر زوو وتمان هەڵەیە لە کاتێکدا ئەوان هیچیان نەوتوە ، یان ناوێرن بیڵێن ، هەر بۆیە لێرەدا تەنها مەبەستمە کەمێک لەسەر مەترسیەکانی بەشێک لەو وتانە بدوێم کە سەرۆکی وادە بەسەرچوو لە هۆڵی پەرلەمان لە ڕۆژی پێنج شەممە 3 / 7 / 2014 گەڵاڵەی کردن کە ئێستا ئەوان تاکە کارەکتەری سەرەکی هەڵوێستەکانی هەرێمن، بۆ نمونە :
- سەرەتا ئەبێت ئەوە بڵێین سەرۆکی وادە بەسەرچووی هەرێم پێشتر لە کاتی کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا (ولیام هیغ) کەوتە دژ یەکیەکی دەستورییەوە کاتێک وتی ماددەی ( 140 )ی دەستوری عێراق تەواو بووە ، چونکە ئەم مادەیە بەم شێوەیە تەواو نابێت ، ئەگەر تەواویش بوبێت، نابێت تۆ وەک عەرەبی شۆڤێنی وابڵێیت ، بەڵکو پێویستە پێداگری بکەیت لەسەر ماددەکە ، چونکە ئەمجارە بڕیارەکە لەدەست خۆتە نەک بەغداد ، وادیارە دواتر سەرۆکایەتی هەرێم درکیان بەم هەڵەیە کرد پاشان هەوڵیاندا بە ڕونکردنەوەیەکی پاشگری پاشتری سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر ئەو لێدوانە هەڵەکە ڕێک بکەنەوە ، بەڵام نەیانتوانی ئەو هەلەیە ڕێک بکاتەوە ، هەر بۆیە بەشێکی زۆری وتەکانی بارزانی لە ناو پەرلەمان بە بڕوای من تەنها بۆ ڕێک کردنەوەی دارشتنی ئەو هەڵە دەستورییە بووە ، بەڵام ئەم وتارە نەیانتوانی ئەو هەڵە یاساییەی کەبەسەر بارزانیدا تێپەڕین ،ڕێک بخاتەوە. هەروەک چۆن بەشێکی تری ئەم وتارە تەنها بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی و سپی کردنەوەی هەڵوێستی سەرۆکی وادە بەسەر چووە لەناو هۆڵی پەرلەماندا، کەلە پاش 30-6-2013 وە گومان لەسەر شەرعیەتی یاسایی سەرۆک هەیە.بەڵام پەرلەمان کارەکەی بۆ بارزانی ئاسان کرد.
- بارزانی وەکو ئەمری واقیع دانی نا بە دروستبونی دەوڵەتێکی نوێی هاوسنوری هەرێمی کوردستان ، لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ هێز و دەوڵەت و هەرێمێکی ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانیان بەم دۆخە نوێیەدا نەناوە ، نەک هەر ئەوەش بگر خودی ئەو قەوارە نوێیە کە قەوارەیەکی ( نا یاسایی- نا دەستوریی ) ە ، باوەڕی بە هەرێمی کوردستانی عێراق نیە ، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵی-دەستوریی – یاساییە ، جا نازانم ئەبێت چ سودێک بە هەرێم بگات گەر تۆ وەک دیفاکتۆ دان بە قەوارەیەکدا بنێیت لە کاتێکدا ئەو قەوارەیە هەر زۆر بێباکە لەم دانپیانانەی تۆ، هەربۆیە ئەم دانپیانانەی سەرۆکی وادە بەسەر چوو بەم قەوارە نا یاساییەدا ، هیچ خوێندنەوەیەکی قوڵیی لە پشتەوە نیە ، بەڵکو تەنها گوزارشتە لە قۆناغێکی هەنوکەیی ،وە ئەمەش هەڵەیەکی ستراتیجی گەورەیە ، وە دڵنیان هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم هەڵوێستە بێ بەرامبەرە زیانی بەردەکەوێت.
- سەرۆکی وادەبەسەر چووی هەرێم بەو وتارەی ، بەشێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانی خستۆتە دۆخێکەوە گەر بە پێچەوانەی ئەوەوە بیر بکەنەوە ، ئەوا یەکسەر ئەکەونە خانەی دژی دەوڵەتی کورد ، دژی سەربەخۆیی ، دژی گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان ، دۆستی نەیارەکانی کورد ، ئەمە لە کاتێکدا بەشی هەرە زۆری ئەو خەڵکە ( هەروەک نعوم چومسکی لە یەکێک لە وتەکانیدا ئەڵێت ( ئەوان هەر ناشزانن چی ئەگوزەرێت )، بەڵام ڕاستی قسەکە ئەوەیە ئەبێت خەڵک لە سەرۆکەکەیان زیاتر بزانن ، ئەوان بڕیار بدەن نەک سەرۆک ، سەرۆک ئەرکی جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی خەڵکە ، بەڵام بێ هەڵوێستی بەشێکی زۆری پارتە سیاسیەکانی تر ، ئەم دۆخە ناهەموارەی زیاتر چەسپاندووە ، لە بەرامبەردا هەرگیز هێزەکانی پێشوی ئۆپۆزسیۆن )م هێندە بێ بەرنامە و بێ هەڵوێست نەبینیوە ، وەک ئەوەی کە لەم دۆخەدا تیایدا ئەژین ، ئەوانە ئێستا تەنها پاشکۆی ڕوداوەکانن و هیچ، هیچیان بەرنامە و کارنامەیان نیە ، تەنها پشتگیرییەکی شەرمنانە بۆ پارتەکەی سەرۆکی وادە بەسەر چووی هەرێم ئەکەن.
- بارزانی نە لە دوور نە لە نزیک هیچ باسی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانی نەکرد ، جا نازانم وادیارە بارزانی ئاگای لە دۆخی ئێستای خەڵک نیە کە لە چ قەیرانێکی گەورەدا ئەژین ، ئێستا میللەت هەمووی لەسەرەدایە ، هەرێمەکە هەمووی لە قەیراندا ئەژی ( قەیرانی گرانی / قەیرانی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و سوتەمەنی /قەیرانی موچە / قەیرانی بێ متمانەیی /...هتد ...وا دیارە کێشەی بارزانی جارێ ئەمانە نیە ، بەڵام بە داخەوە خۆ پەرلەمانتارێک لەوێ نەبوو بە بارزانی بڵێ ئەری سەرۆک تۆ جارێ وەرە لایەک بکەرەوە بەلای میللەتەکەدا بزانن ئەوان چییان ئەوێت..ئەوان جارێ بە هۆی خەمی ژیان و بژێوی ، ناوی خۆیان لەیاد کردوە ، ئەگەر پلانێکت هەیە، با ئەوان چێژی خۆشیی پلانەکەت بکەت ، نەک هەر خەم بخۆن...ئەڵێی ئێستا کەس کێشەی نا عەدالەتی و گەندەڵی و بێ پلانیی نیە ، هەربۆیە تەنها داوای ئەوەیان لە سەرۆکی وادە بەسەر چوو کردوە کە لێبوردنی گشتی دەربکات ، ئەمە لە کاتێکدا لێبوردنی گشتی پەرلەمان دەریدەکات نەک سەرۆکی هەرێم...ئەمە چ کارەساتێکە !!!!
- بارزانی لە وتارەکەی خۆیدا ئەوەی نەشاردەوە کە ئەم هەنگاوەی ئەوان لە قوڵترکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا ، بەشێک لە موجازەفەی تێدایە، هەموشمان نەزانین ئێستا هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکە چۆنە و هەڵوێستەکانی بارزانیش لەگەڵ کێ و کوێدا یەک ئەگرنەوە و لەدژی کێن ، بەڵام ئەوەی کە نەیوت ئەوەبوو ئایا بەڕێزیان بە پشتی کێ هەڵوێستی توند ئەنوێنێت لە بەرامبەر بەغداددا ، من ئەزانم ئێستا ڕەنگە یەکێک لە هەوادارانی بارزانی بڵێت ( پشت بەست بە خودا و میللەتەکەی ) ئەو کارە ئەکات ، بەڵام ئەی دوای ئەوە، ئەوەی کە ئەبوو بیڵێت ، ئەو نەیوت ، ئێستا ( ئێران / تورکیا / ئەمریکا ) وەک سێ کارەکتەری سەرەکی ، وە سێ هێزگەل لە دواهەمین لێدوانیاندا بە ئاشکرا و بە پەنهایی لە سەربەخۆیی کوردی ئەوەستنەوە لەم قۆناغەدا ..وە لە ئێستادا داوا لە خەڵک ئەکرێت خۆی ئامادە بکات،بەڵام پێی ناڵێن بۆ چی ، بۆ سەربەخۆیی ، یان بۆ جەنگ ، یان بۆ گەرانەوە بۆ باوەشی عێراق، یان بۆ لکان بە تورکیاوە ، من دڵنیام هیچ کوردێک لەگەڵ ئەوە نیە ئەو ناچانەی گەڕێنراونەتەوە سەر هەرێمی کوردستان ، جارێکی تر لەدەست بدرێت ، بەڵام ئەوەی کە ئێمە لێی دڵنیا نین ئەوەیە ئێوە چۆن مامەڵە بەم دۆسیەیەوە ئەکەن...سەرۆکی وادە بەسەرچوو بەم وتارەی لەبەردەم پەرلەماندا تۆپەکەی خستە ساحەکەی پەرلەمانەوە ، بۆ ئەوەی دواتر بڵێت ئەوە ئێوەن نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیانەدا ئەکەن.
- سیحری بەشێکی سەرەکی وتەکانی بارزانی لە ناو هۆڵی پەرلەماندا لە ڕووی نەتەوەییەوە، پێشتر وەزیری سامانە سروشتیەکان (ئاشتی هەورامی ) پوچەڵی کردبۆوە ، چونکە ئەوان لە تورکیاوە لێدوانی ئەوەیان دابوو کە لەبەر ئەوەی کەرکوک لە ژێر دەستی کورددایە ، ئەوا هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکوکیش ئەفرۆشێت، بەڵام ئەگەر ئەوان بیانویستایە هەڵوێستەکەیان وەک هەڵوێستێکی نەتەوەیی پێناس بکردایە ، ئەوا هەرگیز نەدەبوو لەم دۆخەدا ئەو لێدوانەیان بدایە ، ئەبوو بیانوتایە شەڕی کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان شەڕی گێرانەوەی زەوییە نەوەک نەوت و سامانە سروشتیەکانی ،..هەربۆیە ئێستا بە ئاشکرا دەستەکە لای نەیارانی بارزانی کەشف بوە بەوەی وتەکانی بارزانی دەبارەی چارەنوسی ناوچە گەڕێنراوەکان بۆ زەوی نیە ، بەڵکو بۆ نەوتە.بەڵگەشیان لەسەر قسەکە وتە پێشوەختەکانی وەزیری سامانە سروشتیەکانە لە تورکیاوە.
- سەرۆکی وادە بەسەرچوو بەم وتانەی لە ناو هۆڵی پەرلەمان هەرچی دۆسیەی تایبەت بە گەندەڵی و نا عەدالەتی و پرسی درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتە زۆرەکانی و...هتد، هاوشێوەی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکاری ئەوکات، لە ناو هۆڵی پەرلەماندا سپی کردوە.
- هەر بۆیە لە پاش وتارەکەی بەڕێز بارزرانی لە ناو هۆڵی پەرلەمان ، من ئێستا لە هەموو کات زیاتر ئەترسم لە چارەنوسی سیاسی و ئابوری ئەم هەرێمە