ئەو یاسایەی سەرۆکی هەرێم داوای کرد ئامادەیە
06/07/2014 نوسەر: bzavpress

ئەو یاسایەی سەرۆکی هەرێم داوای کرد ئامادەیە


بەڕێز کاک مەسعود بارزانی لە وتارەکەیدا لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان لە 01/07/2014 دا، داوای لە پەرلەمان کرد یاسای پێکهێنانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەربکەن، بە مەبەستی ئەوەی بتوانێت سەرپەرشتی ئەنجام دانی راپرسی بکات لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا.
سەرەتا ئەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە پرۆژە یاسای پێکهێنانی کۆمسیۆنەکە ئامادەیەوە سەرجەم هەنگاوە تەشریعیەکانی لە پەرلەماندا بڕیوە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە. لەئێستادا تەنها هەفتەیەکی بەسە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی تر و گفتوگۆ و پەسەند بکرێت. پێشم وایە بەو حوکمەی لە هەرێم و کەرکوک و سەرجەم پاریزگاکاندا ئۆفیسی کۆمسیۆنی عێراق هەیە و تۆماری دەنگدەران و سەرجەم داتاو رێکارەکانیان لەبەردەستەو، بەو حوکمەی پێشتر لە هەرێمدا کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ هەبوو وە لە ئێستاشدا مەکتەبی هەرێم هەیە، بۆیە دەکرێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا سەرجەم رێکارە ئسوڵی و کارگێڕیەکانی پێک هێنانی کۆمسیۆنەکە تەواو بکرێت.
لێرەدا بە هۆی ئەوەی بۆ ماوەیەک سەرقاڵێ ئەو دۆسێیە بوم و لە زۆرینەی گفتوگۆکاندا بەشدار بوم هەندێک سەرنجی خێرا دەخەمە روو، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە دروست کردنی ئەم کۆمسیۆنە زۆر گرنگ و پێویستەو هەق نییە بە هیچ شێوەیەک دوابخرێت:
یەکەم: لیژنەکانی پەرلەمان لە مانگی دەی ٢٠١٠ ەوە راپۆرتی کۆتایی خۆیان لەسەر یاساکە ئامادە کردووە.
دووەم: بە هۆی رێکنەکەوتنی فراکسیۆنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر چەند مادەیەک، بۆیە چەند کۆبونەوەیەکی سیاسی لەدەرەوەی پەرلەمان ئەنجامدرا بۆ گەیشتنە ئەنجامێک.
سێیەم: داواکاری ئۆپۆزسیۆن ئەوە بوو کە دەبێت ئەنجومەنی دەستەکە( واتە کۆمسیۆنەکە) لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانەوە کاندید بکرێن بۆ پەرلەمان، نەک لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە وەک لە پرۆژەکەدا هاتبوو. ئێمە داوامان دەکرد کە ئەو لیژنەیە، بە کۆی دەنگ ئەندامانی دەستەکە پەسەند بکەن و بیخەنە بەردەمی پەرلەمان. فراکسیۆنی زۆرینە سەرەتا داوایان کرد کە بە زۆرینەی رەها بێت کە دیارە ئەوە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی کەمینە نەبوو، دواتر لەسەر دوو لەسەر سێ رازی بوون و پێم وابێت هەندێکیان تەنانەت بە ئیجماعەکەش رازی بوون.
چوارەم: کێشەی دووەم لەسەر دەنگ دان بوو لە پەرلەمان بۆ پەسەند کردنی ئەو لیستەی لە لیژنە تایبەتەکەوە دانراوە. ئێمە داوامان دەکرد کە ئەمەش بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بێت، ئەوان داوایان دەکرد کە بە زۆرینەی رەها واتە ٥٠+١ بێت. دواتر کە لەسەر ئەوە رێککەوتین کە ئەو لیستە بە ئیجماع دابنرێت بۆیە ئیتر هیچ کێشەیەک لەوەدا نەما رێژەی دەنگی پەرلەمان چەند بێت. بەڵام هەندێک لە هاوڕێیانی ئێمە هەر سوور بون لەسەر دوو لەسەر سێ و زۆرینەش دەیانوت با بە زۆرینەی رەها بێت.
پێنجەم: کێشەی سێیەم لەسەر دەنگ دان بوو لە نێو دەستەکە واتە لە نێو هەیئەی کۆمسیۆنەکە. هەندێک داوایان دەکرد ئەوەش بە ئیجماع بێت کە عەمەلی نییە. هەندێک داوایان دەکرد بە دەنگدانی دوو لەسەر سێ بێت کە ئەوەش بۆ هەموو پرسێک زەحمەتەو دەبێتە رێگر لەبەردەم دەرکردنی بڕیارەکان. ئەوانی تر پێیان وابوو زۆرینەی رەها بەسە بۆ بڕیاردان. گرنگ لەسەر ئەوە رێککەوتین کە بابەتەکان پۆلێن بکرێن بە مەبەستی دەنگدان.
شەشەم: کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر دژی ئەم پرۆژەیە بوو وە پێیان وابوو ئەمە کارێکی نا دەستوریە. ئێمە(گۆڕان) زۆر پێداگریمان لەسەر گرنگی و دەستوری ئەم دەستەیە دەکرد. پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن KIE کۆمەڵێک تیبینی بەنرخیان لەسەر پرۆژەکە بۆ پەرلەمان نارد کە دەکرێت ئێستاش سودی لێببینرێت.
حەوتەم: دوای ئەوەی لەسەر زۆرینەی خاڵەکان رێککەوتین و هیچ گرێ کوێرەیەک نەمایەوە، ئێستاش نازانم بۆ ئەو پرۆژەیە دواخراو کپکرایەوەو ئەوە بڕیاری کێ بوو؟