07/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ناڕێکخراوەیی هێزی پێشمەرگە
تەنها ژمارەی زۆری پێشمەرگە و هەبونی ورەی 'پۆڵایین' بەس نییە بۆ پاراستنی کوردستان و سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە، بەتایبەت کە هێزی پێشمەرگە روبەڕوی هێزێکی تێرۆریستی وەک داعش بۆتەوە لە ئێستا دا.
ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرەکانی جەنگ و بێ هیچ مەشق و راهێنان و پەروەردەیەکی سەربازیی، ریسکێکی گەورەیە هەم بە ژیانی پێشمەرگە و هەم بە خاکی کوردستان.
بۆ روبەڕوبونەوەی داعش، لانیکەم هێزی پێشمەرگە پێویستی بەوە هەیە کە چەکی باشتری لە داعش پێبێ، بەڵام وەک دەردەکەوێ، جگە لە هێزەکانی دژە-تێرۆر کە هێزی رێکخراون و پەروەردە و مەشقی سەربازیی باشیان بینیوە، زۆربەی هێزی پێشمەرگە کڵاشینکۆف بەکاردێنێ ئەمە لەکاتێک دا زۆربەی چەکدارانی داعش هەڵگری BKC و قەناسن.
پاراستنی ١٠٥٠ کیلۆمەتر سنوری کوردستان لەگەڵ داعش، کارێکی ئەستەمە و بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێ. ئەگەر داعش ببێتە هێزێکی دیفاکتۆ و تا دو ساڵی تر ئەو سنورانە بپارێزێ، لە کاتی هێرشکردنە سەر کوردستان و هێزێ پێشمەرگە، چاوەڕێدەکرێ هێزی پێشمەرگە روبەڕوی زیانێکی زۆر ببێتەوە. راستە ئەگەرێکی لاوازە داعش بتوانێ پێشڕەویی زۆر بکا، بەڵام ئەو جۆرە شەڕە پارتیزانییەی داعش مەترسیدارە و پێویستی بە خۆئامادەکردنی زۆر زیاتر هەیە.
بەهۆی نەبینینی مەشقی سەربازییەوە و جیاوازیی پلەکانی گەرمای کە ئێستا هێزی پێشمەرگەی لێیە، هێزی پێشمەرگە روبەڕوی بێتوانایی زۆر دەبێتەوە. ئەو لیوا و فەوجانەی کە پێشمەرگەکانی خەڵکی کوێستانن، کەمتر دەتوانن لە دەشتەکان دا بجەنگن، هەم لەبەر جیاوازیی پلەکانی گەرما و هەمیش بەهۆی نەزانینی شەڕی دەشت، ئەوان زیاتر شەڕی ناوچە شاخاوییەکانیان بینیوە.
ناڕێکخراوەیی هێزی پێشمەرگە لە دورەوە هەستیپێدەکرێ بە بینینی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان و سەردانی گۆرانیبێژ و هونەرمەندەکانەوە. بڵاوبونەوەی هەندێ وێنە و فۆتۆ لە شوێنی سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە، جێگەی نیگەرانین. ئەو ناڕێکخراوەییەی هێزەکانی پێشمەرگەش کە لە راپۆرتەکانەوە دەردەکەون، دیسان جێگەی نیگەرانین. وەک دەزانرێ، هەندێ پێشمەرگە بەرەکانی جەنگیان جێهێشتوە، هەندێکی تریشیان بەهۆی دۆخی خراپی ژیانیان، نیگەرانن و ئەگەری هەیە ژمارەی ئەوانەی واز لە پێشمەرگایەتیی دەهێنن زیاتریش بێ.
وەزیری نوێی پێشمەرگە، ئەرکێکی قوڕسی لەسەر شانە کە بتوانێ هێزی پێشمەرگە لە هێزێکی ناڕێکخراوی حیزبییەوە بکاتە هیزێکی رێکخراوی نیشتیمانیی. لەوەش گرنگتر، دەبێ باشکردنی گوزەرانی پێشمەرگە لە پێشینەی کارەکانی بێ بە زیادکردنی موچەیان و هەندێ ئیمتیازاتی تر.
روانینی سۆزدارییانە بۆ هێزی پێشمەرگە، دواجار توشی قەیرانمان دەکا کە زیانەکەی زۆر قوڕس دەبێ.
لهfbكمال چۆمانى