ئێران، دژى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردييه‌
08/07/2014 نوسەر: bzavpress

ئێران، دژى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردييه‌

 حوسێن ئەمیر عەبدولڵاهیان لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعالەم، ئاماژەی بەوه‌ كردوه‌ دابەشکردنی عێراق "پلانی سەهیۆنییەکانەوە" و راشیگەیاند، "تەنیا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو خۆشحاڵە" بەو روونکردنەوانەی کە لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی و دابەشبوونی عێراقەوە دەدرێ، هاوکات ئاشکراشی کرد کە هەرگیز رێگە نادەن خەونەکانی ناتانیاهو بێنەدی.

عەبدولڵاهیان باسی لەوەش کرد کە ئێران بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی دۆستانە هەڵوێستی خۆی گەیاندووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، راشیگەیاند کە "پێشێلکردنی دەستووری عێراق بە قازانجی هیچ کەسێک نییە و باسکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ لە عێراقدا، ناوچەکە بۆ چەندین دەیەی پێشوو دەگەڕێنێتەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە تورکیاش لەگەڵ ئێراندا هاوڕایە بۆ پرسی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، ئاشکراشی کرد کە لە میانەی چەندین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دیپلۆماتکارانی تورکیادا، هەڵوێستی هەردوولایان لەسەر ئەو پرسە هاوبەش بووە.

باسی لەوەش کرد کە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی و هەر هەوڵێکی "تیرۆریزمی" کە کاریگەری بکاتە سەر ئاسایشی ناوخۆی عێراق، ئەوە بە شێوەیەکی سروشتی کاریگەری دەبێ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیان، هەموو هەنگاوێکی پێویست لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەنێن.

عەبدولڵاهیان هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە بوونی راوێژکاری سەربازی دەکەن لە عێراق، هەروەک نەشیشاردەوە کە لە رێگەی کەناڵەکانی پەیوەندیانەوە راوێژکاری لەگەڵ عێراقدا ئەنجام دەدەن لە هەندێ کاتی پێویستدا و راشیگەیاند لە کاتێکدا عێراق بە رەسمی داوای چەک لە ئێران بکا، ئەوە دوای چاوخشاندنەوە بە رێککەوتنە نێوەدەوڵەتییەکاندا، ئێران ئامادەی یارمەتیدانە لەو بارەیەوە.

ئه‌نادۆڵ