14/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
هەولێر.. فرۆشیارانی یاریی ئاگرینی منداڵان سزا دەدرێن
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتی سزادانی بازرگان و فرۆشیارانی یاریی ئاگرینی منداڵانیان دەست پێ كردووە و هەر كەسێكیش سەرپێچیی ڕێنماییەكان بكات، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان) ڕایگەیاند، هەڵمەتێكی چڕی سزادانی ئەو بازرگان و فرۆشیارانەیان دەست پێ كردووە كە لە هەولێر و دەوروبەری بازرگانی بە یاریی ئاگرینی منداڵانەوە دەكەن و لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵدا دەكەن.
لیوا (عەبدولخالق) هەروەها ڕوونیشی كردەوە، هەر بازرگان و فرۆشیارێك پێچەوانەی ڕێنماییەكان بازرگانی بە یاریی ئاگرینی منداڵانەوە بكات، لێی دەپێچرێتەوە و بە گوێرەی یاسا سزا دەدرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە گازندەی دانیشتووانی شارەدێی دارەتوو لە هەولێر كە بە گوتەی خۆیان بەكارهێنانی یاریی ئاگرینی منداڵان بێزاری كردوون، گوتی: "بنكەی پۆلیسی ئەو ناحیەیە ئاگادار دەكەینەوە هەرچی زووە هەڵمەتەكە چڕتر بكەنەوە و هەموو ئەو فرۆشیارانە سزا بدەن كە یاریی ئاگرین و تۆنترەقە بە منداڵان دەفرۆشن".
ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر