14/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بارزانی و خەونەکەی تاڵەبانی
دەسەڵاتێک کەنەتوانێت سادەترین گرفتی رۆژانەی هاڵاوتیان چارەسەر بکات، قسەکردنی لەبارەی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کوردستانەوە، دەبێتە جۆرێک لە ئەتکردن و فریودان و کردەیەکی مناڵانە بەرامبەر نەتەوەیەک کە هەموو ژیانی قوربانیدان بووە بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی.
قسەکردن لەسەر دەوڵەت و پڕکردنی مێشکی تاکی کوردی بۆ ئەو پرسە، هچ نییە جگەلە موزایەدەیەکی سیاسی و شەرعیەت دان بەو دزییەی بەدیار چاوی گەلەوە دەکرێت، کە خۆی لەفرۆشتنی نەوتو و هەناردەکردنی دەبینێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت تورکیا.
دەسەڵاتی کورد لەکوردستانی باشوور کە تا ئێستا هیچ جۆرە سیاسەتێکی روونی نییەو نازانێت سیاسەتی خۆی لەدەرەوە تەوزیف بکات، دێت باسی دەوڵەتی کوردی دەکات و هەڕەمەکییانەو بێ هیچ بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی نەوت دەنێرێتە تورکیاو سەرمایەو ئابوری ئەو وڵاتەی پێ قەبەتر دەکات، کە دەبوو لەرێگەی ئەو سامانە سروشتییە پڕ بەهایەوە بیری لەسەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بکردایەتەوە، نەک قۆستنەوەی هەلێکی کاتی کە بەهۆی ناکۆکی سوننەو شیعە لەناوچەکە دروستبووە.
حەقوایە بارزانی و دەسەڵاتدارانی کورد لەکوردستانی باشوور، ئاسۆییانە بۆ دەوڵەتی کوردی بڕوانن، پرسی هەناردەکردنی نەوت بقۆزنەوەو لۆژیکیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە هەستیارەدا بکەن کە داهاتووی ئەم هەرێمەی پێوەبەندە، چونکە سیاسەتکردن لەناوچەیەکدا کە تەون دراوە بە دوژمنی کوردو نەیاری سەربەخۆیی کوردستان، عەقڵیەتێکی گەورەی سیاسیانەی دەوێت.
دەبوو پێش قسەکردن لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، زەمینەسازی بکرایەو دەستپێکی ئەوەش بە چارەسەرکردنی گرفت و کێشە ناوخۆییەکانی رۆژانەی هاوڵاتیان بێت کە خۆی لەقەیرانی سوتەمەنی و کارەباو نیشتەجێبوون و گرانی دەبینێتەوە، دواتر پرسی نەوت وەک فاکتەرێکی ستراتیجی بۆ سەربەخۆیی بەکاربێت کە ئەمەش پێویستی بە تەوزیفکردنی سیاسەتی دەرەکییەوە هەیە، کەبەداخەوە لەم قۆناغەشدا کوردو دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنها لەرووە مادییەکەوە لەپرسی نەوت دەڕوانن.
ئەو جۆرە بیرکرنەوەیەی بارزانی بۆ پرسی نەوت، چپاندنی هەمان قسەی تاڵەبانییە بەگوێماندا کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بەخەونێکی شاعیرانە لەقەڵەمدا، چونکە بەپێی ئەو سیاسەتە ناڕوونە نەوت هەناردە بکرێت، لەخەونیشدا سەربەخۆیی کوردستان نابینرێت.