14/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئایین - نه‌ته‌وه - دیموكراسی
دوو دیدی جیاواز
( 11 -- 15 )
لاپه‌ره‌ی یانزه :
له‌سه‌ر ئایین و دیموكراسی هه‌ندێك ده‌رده دڵمان قوڵب كرده‌وه،كه ئه‌وانه هێشتا كافی و هاوكوفئی پرسه‌كان نیه،جارێ رزقه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه!، چاوه‌رووانیش ده‌كه‌م پاش لێبوونه‌وه‌م مامۆستا مهدی قسه‌ی خۆی هه‌بێت له‌سه‌ر قسه‌كانم و دیسان قسه‌كانی جه‌نابیشیان من هات ده‌داته‌وه و كه‌وچك راده‌داته مێشكمه‌وه و دڵنیام قسه‌ی ترم پێ ده‌ردێنێ!، ئه‌وا منیش له‌به‌رده‌م وه‌ڵامه‌كانیدا له‌سه‌ر قاچ راده‌وه‌ستم و عاقڵانه گوێقوڵاغی ده‌بم به ئامانجی ئه‌وه‌ی باسه‌كان قوڵتر بكه‌ینه‌وه و ئێوه‌ش جوانتر له‌مه‌به‌سته‌كانی خۆمتان بگه‌یه‌نم.
دوای ئه‌و چه‌ند لاپه‌ره‌ی له‌سه‌ر ئایین و دیموكراسی پڕمان كرده‌وه،ماوه‌ته‌وه چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌كیش ره‌شكه‌ینه‌وه له‌سه‌ر سۆز‌و فیكری موسڵمانانه‌مان ده‌باره‌ی نه‌ته‌وه، نه‌ته‌وه‌ش وه‌كو ئه‌وه‌ی كه پێكهاته‌یه‌كی خوداییه و خۆی بریاری له‌سه‌ریداوه كه نه‌ته‌وه‌و نه‌وه‌كانی نه‌ته‌وه هه‌بێت و بمێنێته‌وه.
زه‌مانێك هه‌بوو له ژیانی مرۆڤه‌كان كه‌زۆر فیطريانه‌و ته‌بیعیانه‌و ئینسانانه مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد ده‌گه‌ڵ جیاوازیی نه‌ته‌وه‌و جودایی هۆزه‌كان و قیاس و قه‌ڵای خۆپه‌نادان و خۆناساندنیش ته‌قوا و ته‌عاون بوو !، پێش ئه‌وه‌ی پێم بڵێن ئێستا ئه‌وه كوا و له كوێیه وباسی كه‌ی ده‌كه‌ی؟، ده‌ڵێم :
ده‌زانم ئه‌و رۆحییه‌ته ئه‌گه‌ر هه‌شبێت - دڵنیاشم زۆره- له‌م قۆناغه‌ی ئێمه‌دا نه‌بووه‌ته نمونه‌یه‌ك له ئاستی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به مله‌وه‌نی ئه‌و حه‌قیقه‌ته ببینێت و به ئاسانی له گه‌رووی نێت!، نه‌بوونی ئه‌م ده‌زگا باڵا و به‌رچاوه كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و حاڵه‌ته ته‌بیعی و فیطریه بكات بووه‌ته له‌مپه‌رێكی ره‌زاتاڵ له‌به‌رده‌م بێ بروایی خه‌ڵك و بێ هیواییان له دروست بوونی عه‌قڵێكی موئه‌سه‌ساتی له‌و شێوه‌یه كه نه‌ته‌وه‌كان وه‌كو یه‌ك سه‌یر بكات و (ئازادی) و (ئارامی) و (ئاوه‌دانی) بۆ هه‌موو لایه‌ك بێت دوور له‌سته‌م و كه‌ڵه‌گایی كردن. نه‌ك ته‌نها بۆ مه‌سه‌له‌ی یه‌كسانی نه‌ته‌وه‌كان به‌ڵكو بۆ هه‌ر فیكره‌یه‌كی جوان و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی قه‌شه‌نگ هه‌رده‌م من له‌وه ده‌گه‌ڕێم كه‌چی بكه‌ین یان چیكراوه بۆ ئه‌وه‌ی نمونه و وێنه‌و تابلۆی واقیعی و مه‌یدانی په‌رچاو هه‌بێت كه ته‌عبیری راسته‌قینه بكات له شیعار‌و شعوری پاكی ئه‌ندامه‌كان و تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمان به نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانه‌وه؟!. له‌م قۆناغه‌دا نمونه له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كان و هه‌تتا له‌سه‌ر ئاستی تاقمه‌كان به‌ڵێ گه‌وره‌یه به‌ڵام وه‌كو ئه‌وه‌نیه كه حكومه‌تێك و ده‌سه‌ڵاتێكی قانونی و سیاسی سه‌قامگیر نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و فیكر‌و فه‌تواوه شه‌رعیانه بكات كه داوا ده‌كه‌ن نه‌ته‌وه‌كان هه‌موویان مه‌خلوقی خودان و ده‌بێت یه‌كسانانه رێزییان لێبگیرێت و بواری ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت .
لاپه‌ره‌ی دوانزه :
ئه‌و ده‌وڵه‌ته نمونه‌ییه كه ئیسلامیانه یان ئیسانانه موعامه‌له بكات له‌ته‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كاندا كه یه‌كسانانه و دوور له ره‌گه‌زپه‌رستی بێت نه‌ك له‌به‌رده‌ست نیه به‌ڵكو ئه‌وانه‌ش كه هه‌یه فارسایه‌تی و عه‌ره‌بایه‌تی و توركایه‌تیان و.. هتد كردووه‌ته پێوه‌ر بۆ جوامێری و خانه‌دانی و هه‌تا ده‌گاته ئاستی (نێره‌كه‌ری) و كه‌ڵه‌گایی!. كه‌واته له‌م چه‌رخ و ده‌ورانه‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژیی ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌ك و تاقانه ره‌گه‌زێك و تاكه ره‌نگ و ده‌نگێك زاڵه و زه‌ماوه‌ندی بوون و باڵایی و بێ هاوتایی ده‌گێرێت!، له‌م رۆژگاره‌دا چی هه‌یه له‌مه‌یان زیاتر؟، ئه‌وه سته‌م و سته‌مكاره‌و سته‌مكاریش ئاوی به هه‌ورازدا پیاسه ده‌كات . بشفرین بۆ رۆژهه‌ڵات و هه‌ڵیشبێین بۆ رۆژئاوا و باكورو باشور بكێڵین به نیسبه‌ت كورده‌وه ئه‌م وێنه ره‌ش و سپییه هه‌یه، روو به‌رووی ئه‌م دیارده‌ی ده‌یان ساڵه ده‌ڵێم :
یاران چ ته‌گبیر دۆستان چ ته‌گبیر ؟!. چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌ته‌وه‌چێتی و نه‌ته‌وه زاڵ كردنه به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تردا مه‌گه‌ر ته‌عادول بكرێته‌وه، یانی بكرێته‌وه به (یه‌ك به یه‌ك) !، ئه‌ویش به یه‌كێك له‌م سێ شێوه‌یه:
1- گرته‌نه‌به‌ری گیانی(نه‌ته‌وه‌په‌رستی) و (ره‌گه‌زپه‌رستی) و ئه‌نجا هه‌ریه‌كه‌و له سنوری مێژوویی و جوگرافی خۆیدا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و سیاسی و ئابووری خۆی بێت. كه ئه‌مه‌یان تا ئێستا رووی نه‌داوه نه‌ته‌وه‌په‌رست بیت و ته‌حه‌مول بكه‌یت سنوری خۆت بپارێزیت و سنوری گه‌لان ته‌فروتونا نه‌كه‌یت .
2- گرتنه‌به‌ری رۆحی (نه‌ته‌وه ویستی) و (نه‌ته‌وه‌پارێزیی) و پاشان له خاك و وڵاتی خۆیاندا خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و ده‌ستورو ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بن و هاوكاری و رێز‌و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌ته‌ك نه‌ته‌وه‌كانی تر لێكیان نزیك بكاته‌وه‌و یه‌كتری ته‌واو بكه‌ن كه‌شیوه‌نی ئێمه بۆ ئه‌م نمونه وون بووه‌یه !.
3- وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك بروا هێنان به (نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه په‌رستی) وه‌ك په‌یامێكی قه‌ومیی و حه‌ساو نه‌كردن بۆ سنوری خاك و جوگرافیای مێژوویی هیچ میلله‌تێكی دراوسێ و نزیك.
له‌خاڵی یه‌كه‌مدا برگه‌ی یه‌كه‌می چاره‌سه‌ره‌كه كه نه‌ته‌وه‌چێتیه كه دواتر‌و به ته‌بیعی مل ده‌نێت بۆ بۆڕدانی نه‌ته‌وه‌كانی تر بڕگه‌ی دووه‌می كه مافی به‌ڕێوه‌بردن و خود موختارییه شپرزه ده‌كات و نایه‌ڵێت به میللته‌كه بكه‌وێت و له سایه‌یدا بحه‌وێنه‌وه. له خاڵی سێیه‌میشدا كاردانه‌وه‌یه‌كه به‌هه‌ر دوو برگه‌كه‌ی كه هه‌م نه‌ته‌وه‌په‌رستی و هه‌م دژبوونه به نه‌ته‌وه و وڵاتانی تر، دووانه‌یه‌كه جگه وێرانكاریی و سرینه‌وه‌ی یه‌كتر هیچ كات به‌رهه‌م و بارانێكی ره‌حمه‌ت نابێت، ئه‌مما خاڵی دووه‌م به‌هه‌ر دوو برگه‌كه‌وه چاره‌سه‌رێكی مرۆڤانه‌و موسڵمانانه‌یه بۆ ئه‌م قۆناغه‌و پێش باس كردنی مه‌سه‌له‌ی (ئوممه‌ت) به پێناسه ئیسلامییه قورئانییه‌كه په‌نای بۆ ده‌به‌ین و خۆمانی پێ كۆده‌كه‌ینه‌وه و ده‌پارێزین له توانه‌وه.
لاپه‌ره سیانزه :
به په‌رگال و پێوه‌ره‌كانی وه‌حیی تاك بۆ تاك و كۆمه‌ڵگه بۆ كۆمه‌ڵگه وگه‌لێك بۆ گه‌لێكی تر هیچ كاتێك به‌ناوی گه‌لی سه‌رده‌سته‌و گه‌لی ژێرده‌سته رێك نا‌خرێت وپێكه‌وه ده‌رزی و درومان ناكرێن،به‌ڵكو بۆگشت ئاسته‌كان و چینه‌كان پێنج قیاسی موفازه‌ڵه هه‌یه:
1- ته‌قوا و خۆپارێزی كه ئه‌مه‌یان مافی خودایه‌و رێگای ئاشت بوونه‌وه‌ی مرۆڤه له‌گه‌ڵ خودای مه‌زندا، هه‌رچه‌نده قه‌زییه‌ی ته‌قوا شتێك نیه به چاو ببینرێت و له‌ره‌له‌ری چركه ژمێره‌كه‌ی ناكه‌وێته به‌ردیده، به‌ڵام دیارده‌و شوێنه‌واری كه كرداره ده‌بێته به‌ڵگه له‌سه‌ر كه‌م و زۆری یان هه‌ر نه‌بوونی . مه‌بده‌ئیی ته‌قوا له ته‌نها خودایه‌ك بۆ پێداگیرییه له‌سه‌ر یه‌كسان بوونی مرۆڤه‌كان و هه‌وڵی هه‌ریه‌كه‌یان چه‌ند بێت لای خودا پله‌و پایه ئه‌وه‌نده‌یه، ئیتر ره‌نگ و زمان و ره‌گه‌ز له‌م پێوانه‌یه‌دا هیچ نرخی نیه و دابه‌ش بونێكی وه‌كو (گه‌لی موختار) و (گه‌لی ناوكار)و (ژێركار) بوونی نیه.
2- ته‌عاون و ته‌كافول و به‌هاناوه‌چوون و یه‌كسانی و دادگه‌ری و حورمه‌تی مافه گشتی و تایبه‌ته‌كان ... هتد. كه‌تایبه‌تن به نێوان مرۆڤه‌كان و ده‌شبێته به‌ڵگه له‌سه‌ر راست و ناراستی ته‌قواو خۆپارێزی كه‌سه‌كان، وانه ته‌عاون و ته‌ره‌ققی كردنی سیفه‌ت و سلوكه‌كان رووی ده‌ره‌وه‌ی ته‌قواو ته‌قێكردنه له خودا‌و رێزگرتن و ژێربار بوونه بۆ فه‌رمانه‌كانی، نه‌بوونیشی به‌ڵگه‌ی نه‌بوونی ته‌قوا و ته‌زكییه‌یه .
3- ئیجتیهاد و داهێنان و ده‌ست و ده‌م ره‌نگینی له‌هه‌ردوو به‌شی تیۆریی و كرداریی و هه‌روه‌ها مه‌عنه‌وی و ماددیدا به مه‌به‌ستی خێر‌و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مووان. زۆری سه‌لیقه‌و رێزگرتن له‌كات و چالاكی عه‌قڵ و به‌دواداچوون وگه‌شبینی و ئه‌زمونی به‌رده‌وام و ساردنه‌بوونه‌وه له‌به‌رده‌م كۆسپه‌كان و كاری ده‌سته جه‌معی و هاندان باشترین زه‌مانه‌تی ئه‌و پێشكه‌وتنه ئیجتیهادی و ئینشائییانه‌ن !.
4- خه‌بات و كۆششی رزگاریخواریی نه‌ته‌وه‌ی سته‌ملێكراو بووه‌ته ئه‌رك و ئه‌ماره‌تی دینداری و ته‌قواسالاری له سته‌م و سوپای داگیركه‌ری هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه بێ مۆڵه‌ت و چه‌ته ئاسایی هه‌ڵیكوتاوه‌ته سه‌رخاك وخه‌ڵكیان و هه‌موو یان هه‌ندێك له زه‌ویی و زمان و زه‌مینه‌ی ئابووری و ئاینده‌یانی خستووه‌ته خزمه‌ت نه‌ته‌وه‌ی داگیركه‌ر.
5- په‌ره‌پێدانی زمان و ئه‌ده‌ب و جوانپێژیی میلله‌ت و میللیانه وه‌كو ئه‌وه‌ی كه موجیزه‌یه‌كی خودایی گه‌وره‌یه‌و پێویسته رێگه‌نه‌دێت بپوكێته‌وه.
به‌هێزبوونی ئه‌و زمانه‌ش له وتن و نوسیندا نیزیكمان ده‌كاته‌وه له گه‌یاندنی په‌یامی خودا و په‌یامه جوانه‌كانی مرۆڤه‌كان به باشترین شێوه. جوانی ئه‌م خاڵانه پێوانه‌ییانه له‌وه‌دایه كه زۆرینه‌یان لای هه‌موو كه‌س و لای هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك نین یان كه‌م و كورت و نه‌كوڵیون. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و پێنج پێوه‌رو گه‌زاندنه به‌رابه‌ری بكه‌ین له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی (نه‌ته‌وه‌په‌رستی) و (به‌له‌سه‌یی نه‌ته‌وه‌یی) دا ئه‌وه‌ی زاڵ و زه‌واڵانه سه‌پێنراوه په‌یوه‌ندی خوێن و شێوه‌ی ره‌نگ و روخسار‌و زمانی هاوبه‌ش و ره‌گه‌زو بنه‌چه‌ی باپیران و هاوخاك بوون و مێژوویی دوور‌و درێژ‌و نه‌ریته‌كانه !. ئه‌م خاڵانه‌ش لای هه‌موو كه‌سێك و لای هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌و گه‌لێك هه‌یه و ده‌توانن بیكه‌نه ئامرازی مل برانه‌وه‌ی یه‌كتر له جیانی ده‌ست له ملانێی یه‌كتر.
له‌پرۆژه‌ی (نه‌ته‌وه په‌رستی)دا چاوم شه‌كه‌ت ده‌بێت به‌ڵام بۆ دوعا و په‌رژین كردنیش بێت هه‌رگیز باسی ته‌قوای خودا و ته‌عاون و ته‌وازونی نێوان گه‌لان و پارێزگاری و نه‌شكاندنی سنوری خاك و مێژوو كه‌رامه‌تی یه‌كترو تێكۆشان له پێناو رزگاركردن یان كۆمه‌كی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تردا كه ناڵه‌و نركه‌ی دێت به ده‌ست سته‌م و سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تره‌وه، ئه‌وانه‌و گۆل وجۆگه‌له‌كانی تری نه‌ك باسیان نیه به‌ڵكو زۆرجار به‌خیانه‌تی قه‌ومی و دژه نیشتمان له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و خوێنی مرۆڤی پێ حه‌ڵاڵ ده‌بێت، ئێمه‌ی قه‌ڵه‌م به ده‌ستانی موسڵمان و باوه‌ردار به وه‌حیی خودایی پێویسته پێناسه‌یه‌كی نوێ بده‌ینه نه‌ته‌وه‌یی بون و نه‌ته‌وه‌پارێزیی .-
لاپه‌ره چوارده :
شه‌ریعه‌تی ئیسلام زۆر ئاسانسازانه مامه‌ڵه‌ی كردووه له ته‌ك پێكهاته‌ی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیدا،كه بریتین له‌گه‌لان و هۆزه‌كان و عه‌شیره‌ته‌كان و تیره‌و بنه‌ماڵه‌كان، هیچ ئه‌و گرێ و گرێ كوێرانه‌ی مرۆڤه ره‌گه‌زپه‌رسته‌كان له نه‌بوو دروست و په‌سه‌ندیان كردووه لای شه‌ریعه‌ت جێگه‌ی نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌وه‌ش خه‌به‌رداری كردووین كه پێرو تاقمانێكیش هه‌بوون و ده‌بن كه خۆیان لێبگۆرێت و پۆزی ره‌چه‌ڵه‌ك و فشه‌ی ره‌گه‌زسالاری بكه‌نه ترازوو سه‌روماڵی ئه‌وانیتری پێ بكێشن و به سوك و حه‌ڵاڵكراویی بیخه‌نه كیسه‌وه!.
ئێمه‌ی مرۆڤ و ئێمه‌ی كورد كێشه‌مان له‌ته‌ك ده‌قه باڵاكانی وه‌حییدا نیه كه چۆن نه‌خشه‌وسیمای گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كانی كێشاوه بۆ ژیان و ژیان سازیی، چونكه
یه‌كه‌م :
بوونی ئه‌و مه‌خلوقه جیاوازانه كاری خوا خۆیه‌تی و بۆ دروست كردنی كورد پرسی به كه‌سی عه‌ره‌ب و فارس و تورك نه‌كردووه هه‌ر به‌وشێوه‌ش بۆ خه‌لقی ئه‌و سێ نه‌نه‌وه‌و نه‌ته‌وه‌كانیتر پرسی به‌كورد نه‌كردووه!. تاكو دروست بێت میلله‌تێك منه‌ت بكات به‌سه‌ر ئه‌وی تردا و تا قیامه‌ت له‌ژێر منه‌ت و پیاوه‌تی ئه‌و ده‌رنه‌چێت. خوای گه‌وره‌ش هه‌موویانی له‌یه‌ك مادده‌و ماركه دروست كردووه و بۆ هه‌مووشیان یه‌ك ئایین و دوو ئایینده‌ی دیاری كردووه ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و ئایینه جوڵانه‌وه‌و هه‌ستانه‌وه یان پێچه‌وانه‌كه‌ی .
دووه‌م :
عه‌قڵیش له‌وه لاری نیه كه هاوسه‌نگییه‌كی ته‌واوی خواییانه هه‌یه له نێوان خه‌لقی بۆ مه‌خلوقاته ئاده‌مییه‌كان و فه‌رمان و فه‌رمایشته‌كانی بۆیان!، یانی ئایین و ئاده‌مییه‌كان ته‌نها شایسته‌ن به یه‌كترو هیچی تر ناتوانێت جێی هیچ كامیان بڕبكاته‌وه، نه مه‌خلوقێكی تر ده‌گاته ئاستی ئاده‌میه‌كان و نه ئاینێكی تر شان ده‌دات له شانی ئیسلام، ئه‌مه كاری خودایه خودا !، گه‌لێكیش نیه له ئاگرو نور خه‌لق كرابێت و ئه‌وانی تر له‌گڵ وقوڕی ده‌م لێواری ده‌ریاچه بۆگه‌نه‌كان!.لوت به‌رزیی وخۆپیرۆزاندنش سوودی نیه!.
لاپه‌ره پانزه :
خودای مه‌زن ئیراده‌ی كردووه هاوسه‌نگیه‌ك له نێوان (ئاده‌مییه‌كان) و (ئایینه)كه‌ی و هه‌مه ره‌نگی ئینتما ناوچه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی و نه‌وه‌كانیان بكات، به‌ڵام مرۆڤه‌كان هه‌موو كاتێك و له هه‌موو كه‌رت و كه‌ره‌تێكدا ئه‌و ئیراده‌یه ناكه‌ن و ئیراده‌كه‌ی تر ده‌خوازن كه بانگه‌شه‌و باش نیشاندانی چینایه‌تی و قینایه‌تی نێوان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و هۆزو عه‌شره‌ت و بنه‌ماڵه و تیره‌كانه!.
راسته قسه‌كه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤه‌كان خوازیارن و خۆیان به كوشتیش ده‌ده‌ن كه ره‌گ و ریشه‌ی خۆیان موفه‌دده‌س بكه‌ن و ئه‌سڵ و فه‌سڵی ئه‌وانی تر مه‌ده‌ننه‌س !. زه‌به‌لاحیی ئه‌م خوارو خێچ خوازییه له‌وه‌دایه كه به یه‌كسان كردنی گه‌لان رازی نین و بۆن و بێزوی فیرعه‌ونایه‌تی خۆیان و فلیقانه‌وه‌ی ئه‌وانی تر ده‌كه‌ن .
كینه‌و كرمێ بونی دڵان و كاردانه‌وه بۆ یه‌كتر هه‌تا ئاقاری یه‌كتر پلیشاندنه‌وه‌و ده‌ركردنیان له مێژوو له‌و ته‌سه‌وره نامرۆڤانه‌وه سه‌رو پێی ده‌رهێناوه كه پێی ده‌وترێت ره‌گه‌زپه‌رستی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و (په‌رستنه)كانی تر، ره‌نگ په‌رستی له باشوری ئه‌فریقیاو ره‌گه‌زپه‌رستی له ئه‌ڵمانیای هیتله‌ری و نه‌ته‌وه‌په‌رستی یه‌هودییه‌كان له فه‌له‌ستین و هۆزپه‌رستی له راوه‌ندا و چینایه‌تی په‌رستی له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و تۆرانی په‌رستی لای كه‌مالیه‌كان و فارس په‌رستی و عه‌ره‌ب په‌رستی و هه‌رچی په‌رستنه‌كانی تر هه‌یه مرۆڤایه‌تیان گه‌یانده خواری خواره‌وه‌ی درندایه‌تی و وه‌حشی گه‌رایی كه هه‌تا مرۆڤ بمێنێت ئه‌و یادگارییه ره‌ش و ته‌ڵخانه له‌چاو وون نابن و له مێشك ناسرێنه‌وه، لای خۆشمان نه‌ته‌وه‌یی بوون و سۆز‌و دڵداری له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌دا ساڵانێكی زۆر تولانی ئێمه‌یان پێوه سه‌رقاڵ و به‌دحاڵ كرد كۆتاییه‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو كه ده‌سه‌ڵات كه‌وته ده‌ستیان و سه‌ریان كرده ئاخوری دونیا ئه‌وه‌یان كه‌زۆر بانگی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌دا له هه‌موو كه‌س درۆزنتر ده‌رچوون و دوایش بوونه بخۆری (سامان) و(سه‌روه‌ری) و (سه‌ری) هاوڵاتیان،باسی كۆن ناكه‌م ته‌نها له‌بیست و سێ سالی ده‌سه‌ڵاتیان بروانن و هیچی تر !!