جیهادى گەورەى ئەم قۆناغەى هێز و لایەنە کوردستانى یەکان
17/07/2014 نوسەر: bzavpress

جیهادى گەورەى ئەم قۆناغەى هێز و لایەنە کوردستانى یەکان


رەنگە کەسمان گومانمان لەوەدا نەبێت، کە دۆخى عێراق و کوردستان و تێکڕاى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بە قۆناغێکى هەستیارى مێژوییدا دەڕوات. دۆخەکە بە هەموو پێوەرێکیان دەربڕی ساتەوەختى وەرچەرخانێکى مێژویی یە. لە دۆخێکى لەم جۆرەشدا دەرفەت و تەحەداکان لەگەڵ یەکدا تێکەڵ دەبن، یاخود لانى کەم بە پاڵ یەکەوە دەبن. بەڵکو هەندي جار دەرفەتەکان لە خودى تەحەداکاندا شاراونەتەوە و ، دەرفەت شتێک نی یە، لە دەرەوەى تەحەداوە. گەر بشگەڕێینەوە بۆ لۆژیکى تیۆریەکەى ئەرنۆڵد توینبی لەمەڕ بزاوتى مێژوو چارەنووسی کۆمەڵگا و شارستانی یەکان، تێدەگەین ئەوەى چارەنووسی نەتەوە و کۆمەڵگایەک دیارى دەکات تەحەدا نى یە، بەڵکو ئاستى ئامادەگى یە بۆ مامەڵە کردن و رووبەڕوبوونەوەى تەحەداکە و، تواناى وەڵامدانەوەیە بۆ پەیام و دەرهاویشتەکانى. بەڵام ئەوەى سەبارەت بە کورد و، بەتایبەتیش گەلى کوردستانى باشور گرنگە ئەوەیە، کە ئێمە لە سۆنگەى پاشخانى بریندار و مێژوى پڕ لە ناکۆکى و یەکتر قبوڵنەکردنى هێزەکان و ، لاوازى فەرهەنگى رێبەرایەتى ، لەسەر هەردوو ئاستى رێبەر و نەتەوە و هێزە چالاکەکانى، تەحەداکان تەنها بە پرسە نەتەوەییەکە و ململانيى گەلى کوردستان و هەرێم لەگەڵ دەرەوەى خۆیدا کورت نابنەوە، بەڵکو رەنگە تەحەداى گەورە سەبارەت بە کورد و گەلى کوردستان و جوڵانەوە و کلتورە سیاسیەکەى ، پەیوەندى بە نێوخۆى هێزەکان و نێوماڵى کوردەوارى یەوە هەبێت، ئەمەش تا رادەیەکى زۆر لە وەسفى ( جیهادى گەورە) و (جیهادى بچوک) لە فەرهەنگى ئیسلامی دا دەچێت. کاتێک پێغەمبەر" صلى الله علیه‌ و سلم" لە جەنگى بەدر گەڕایەوە ، رووى لە هاوەڵانى کرد و فەرمووى: (لە جیهادى بچوکەوە گەڕاینەوە بۆ جیهادى گەورە). مەبەست لە جیهادى گەورەش جیهادى دەروون و حەز و کەڵکەڵە ناوەکى یەکانى مرۆڤ خۆیەتى. ئەوەش ئاماژەبوو بەوەى کە هەر سەرکەوتنێکى سەربازى و مەیدانى گەر نەگۆڕێت بە سەرکەوتنێکى دەروونى و ئەخلاقى ، بە ناتەواو ء نیوەناچڵ دادەنرێت و دەمێنێتەوە .
زۆرجار روبەڕووبوونەوەى دوژمنیش زۆر ئاسانترە لە روبەڕووبوونەوەى خودى خۆت. دەکرێت و زۆر ڕویداوە ،هێز و کۆمەڵگایەک لە جەنگى روخاندنى دوژمندا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە تێکۆشانى بیناکردنەوەى دواى جەنگدا شکستى خواردووە.
ئەفغانستان و عێراق و چەندین وڵاتى تر نمونەى پشتڕاستکردنەوەى ئەو بەرەنجامگیرى یەن. عێراقیەکان بە هاوکارى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى سەرکەوتوو بوون لەوەى رژێمى بەعس بڕوخێنن. بەڵام دواى دەساڵ سەرکەوتوو نەبوون لەوەى سیستمێکى جێگرەوەى دادپەروەر و دیموکراس و دڵخواز دابمەزرێنن. موجاهیدە ئەفغانیەکان ، هێزێکى پۆشتە و پەرداخ و زەبەلاحى وەکو شورەویان بە چۆکدا هێنا و لە وڵاتەکەیان دەریانپەڕاند، بەڵام لە بنیاتنانى پایەکانى رژێم و دەوڵەتێک کە تواناى لەخۆگرتنى هەمووانى هەبێت و، کۆمەڵگاى دواى شەڕ بەرەو کەنارى سەقامگیرى و ئاوەدانى و گەشەپێدان و خۆ بیناکردنەوە بەرێت شکستیان خوارد. ئەوان سور بوون لەسەر مردن بۆ بەرگرى لە وڵات و ئاینەکەیان ، بەڵام ژیانساز و ئایندەساز نەبوون . بەتوانابوون لە روخاندندا، بەڵام وەستا نەبوون لە بیناکردنەوەدا. هەرێمى کوردستانیش لە نەوەدەکانى سەدەى رابردوودا، دەچێتە ژێر هەمان پێوەر و رێساوە. ئەزموونى بەیەکەوە ژیانى ئاشتیخوازانەى نێوان یەکیەتى و پارتى و دواتر زۆري لە هێزەکانى تر، لە چوارچێوەى دامەزراوەى نیشتمانى یەکگرتوودا، کە ئاماژەبوون بە پێنانە قۆناغى دواى روخانى شۆڕشگێڕانە وە، شکستى خوارد و، دووبارە گەڕاینەوە بۆ بادیە نشینى سیاسی. ئەمەش وایکرد ئەزموونى سیاسی هەرێم دووچارى شێوان بێت و لە سایەى شەڕى ناوخۆ و، دابەشکردنى هەرێم و لاوازبوونى دام و دەزگا نیشتمانى یەکاندا، فۆرمێکى تێکەلڕ لە بەرەى نیشتمانى و حکومەتدارى دواى بەرە بێتە کایەوە و رێگا لە گەشەکردنێکە سروشتى و خێراترى سیاسی و ئابورى بگرێت ، ئەوەى لەم کاتەشدا لە پشت شکستهێنانى ئەزموونى بەیەکەوە ژیاندا بوو، کەڵکەڵەى پاوانخوازى و، ململانآ لەسەر دەسەڵات و پارەبوو، واقیعێکى لەو جۆرەش بەڵگەبوو لەسەر ئەوەى (حزب) و سەرکردەى حزب سەنتەرە و ، لە حزبەوە دەگەڕێینەوە بۆ حکومەت نەک بە پێچەوانەوە. بەڵکو هەندآ جار لە حزبەوە گەڕاوینەوە بۆ نەتەوە!! گەڕانەوەش لە حزبەوە بۆ نەتەوە، واتە پرس کردن بە حزب لە چۆنیەتى مامەڵە کردن لەگەڵ نەتەوە و بزوتنەوە ناسیونالیستى یەکەىء و دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى !! کە ئەمەش دەچێتە سایەى ئایەتى [ أَفَمَنْ يَمْشِي مُكِبًّا عَلَىٰ وَجْهِهِ أَهْدَىٰ أَمَّنْ يَمْشِي سَوِيًّا عَلَىٰ صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ] الملک/22 .
دۆخێکى لەو جۆرە لە برى لەسەرقاچ رۆیشتن بەسەرا رۆیشتن و لنگەوقوچ بوونە. بآ ئەوەى بەسەرچوون لێرەدا بەسەرچوونەکەى (مەحوى) بێت و ئاماژە بێت بۆ تاوسەندنى کورەى عەشق و شەیدایی بۆ یار. بەسەرچوونى سیاسی وریا نەبیت بەسەرچوون و تیاچوونى لێدەکەوێتەوە.
لە ئێستاشدا کە دەرفەتێکى تەحەدا ئامێزمان بۆ هاتۆتە پێشەوە و، ئەوەش دواى مکوڕى و تۆکمەیی و، تواناى بڕیاردان و، ئیدارەى سیاسی بەهێز و ریزى پتەوى لە شکاننەهاتووى یەکگرتووى نیشتمانى و هاودڵى و هاوچارەنووسیمان لێ دەکات ، جارێکى تر کەوتووینەتەوە بەردەم تاقیکردنەوەیەکى گەورەوە . تاقیکردنەوەکەش دووبارە خستنەوە ژێر تاقیکردنەوەى دروشم و ئەخلاق و کلتورى سیاسی و عەقڵیەت و جۆرى پێکهاتەى دەروونى و سەلیقەى سەرکردایەتیمانە. گرنگە کورد و گەلى کوردستان بە گشتى و بە تایبەتیش یەکێتى و پارتى لەم ئەزموونەدا دەرچن، ئەوەى گرنگیشە سەبارەت بە دۆخى ئێمە جیهادە بچوک و گەورەکە هاوکاتن.
دەبێت چۆن شەڕى بەرگریکردن لە سنورەکانمان دەکەین، بەهەمان شێوەش شەڕ لەگەڵ پاشماوەى گري دەروونى و حزب سەنتەرى و خۆپەرستى و یەکتر قبوڵنەکردن و چاو بە یەک هەڵنەهاتن بکەین . بۆ ئەمەش دەبێت لە ئاسۆکانى نەتەوە و ، خەمە نیشتمانى یەکان و، پێداویستیەکانى مافى چارەنووس و، لەدایکبوونێکى کەمئازارترى کۆمارى کوردستانى باشورەوە ، بگەڕێینەوە و، پرسیار لە خود و ناسنامە و ئەرکى حزبیمان بکەین.