چوارقورنە هۆشداری‌ دەدات
24/07/2014 نوسەر: bzavpress

چوارقورنە هۆشداری‌ دەدات


زیاتر لە مانگێکە کۆمەڵێک رۆژنامەنووس و چالاکانی‌ کۆمەڵی‌ مەدەنی‌ لە چوارقورنە لەرێگەی‌ نامەیەکەوە داوایەکیان ئاراستەی‌ بەرپرسانی‌ ئیدارەی‌ راپەرین کردووەو تا ئێستەش وەڵامیان نەدراوەتەوە.

چالاکان داوایان کردووە رێگە نەدرێته بەهیچ کەس و لایەنێک هەڵسێت بەدرووستکردنی‌ بەنزینخانەو دوکانی‌ رۆن گۆری‌ و غەسل و هیچ جۆرە پرۆژەیەکی‌ تر لە دەروازەی‌ چوارقورنە چونکە ئەو دەروازەیە لە ئایندەدا دەبێتە دەروازەی‌ پارێزگای‌ راپەرین، هەر لەو نامەیەدا نمونە بە بینایەکی‌ تازە دەکەن کە بریارە بکرێتە بەنزینخانەو ئەوان بەنایاسایی‌ لەقەڵەمیان داوە دەشڵێن ئەو زەویە کەوتووەتە سنوری‌ شارەوانی‌ حاجیاواو ئەوکارەش تەنها بۆ ناشرینکردنی‌ ئەو دەروازەیە کراوە، هەر لەو نوسراوەدا هاتووە سنووری‌ دەروازەکە بۆ ئایندە گرینگەو هەر پرۆژەیەکی‌ تایبەتی‌ لەو ناوچەیە دەبێتە بەربەست بۆ پردی‌ پەرینەوەو ئەندەر پاس و یوتێرن و ئۆڤەرپاس،بەو پێیەش بێت ئەو دەروازەیە دەبێتە سیمایەکی‌ جوان بۆ پارێزگای‌ راپەرین لە داهاتوودا.

بۆ هەمان مەبەست حسێن احمد بەرێوەبەری‌ ناحیەی‌ چوارقورنە بەنوسراوێکی‌ فەرمی‌ بەژمارە  ٧٦٢ی‌ رۆژی‌ ٢٦\٦\٢٠١٤ کە کۆپیەکی‌ دەست " بزاڤـ پرێس " کەوتووە داواکاری‌ ئەو گەنجانە دەگەیەنێتە ئیدارەی‌ راپەرین بەڵام تاهەنووکە وەڵامی‌ فەرمیان پێ نەگەیشتوە، ئەو چالاکوانانەش هۆشداری‌ دەدەنە بەرپرسانی‌ ناوچەکەو دەڵێن ئێمە داوای‌ رەسمیمان پێشکەش کردووەو لەداهاتوودا هەرچی‌ رووبدات بەرپرسانی‌ ئیدارەی‌ راپەرین و جێنشینی‌ رانیە بەرپرسن.