25/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
مسوڵمانی ناحیزبی و ئیسلامیی ناسیاسیی ... هەڵوێستی بەرپرسیارانە!!
لەچەندین شوێن و بەشێوازی جۆراوجۆر جەختم لە راستیەك كردوەتەوە، ئەویش بریتییە لەوەی :خزمەت كردن بە پەیامی ئیسلام و لەو رێگەیەشەوە بە تاك و كۆمەڵگە رێگەكەی تەنها بریتی نییە لە كاری سیاسی و حیزبی و تەنها لە رێگەی پارتی سیاسی و ئەجینداكانیەوە بەدی نایەت. قەتیس كردنی ئیسلام و كاری ئیسلامی لە بواری سیاسییدا گورزێكی كوشندە و هەڵەیەكی گەورەیە ، دواجار باجەكەی دەدرێت، ئیسلام زۆر گەورەو بەرینترە لە ئاوەها كارێكدا قەتیس بكرێ و تەنها گروپ گەلێك بتوانن نمایندەی بن...
ئیسلام پەیامێكی خواییە و وەڵامگۆی خواستە مرۆییەكانە، بیروباوەڕو ئەخلاقە، ئەخلاق و بنەمای گشتیش دەبەخشێتە بوارە جۆربەجۆرەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی و قەزایی و هتد ... جگە لە وردەكاریی جۆراوجۆر و بنەمای نەگۆڕ و گۆڕاو بۆ هەندێ بابەت و بواری تایبەت ...
كەم نین ئەو كەس و گروپانەی رەخنە و تانە و تەشەر ئاراستەی كاری ئیسلامی دەكەن لە هەردوو روی سیاسی و حیزبییەوە، لەو بنەما و بۆچون و دید و تێڕوانینانەی ئەو گروپ گەلانە دەیخەنە روو، یان كاری لەسەر دەكەن، تا ئێرە كێشەیەكمان نییە و ئەو پارت و كۆمەڵ و رێكخراوە ئیسلامییانە لەگەڵ خزمەتە گەورە و بەرچاوەكانیان هەڵەگەلی دیار و بەرچاویشیان كردوە، بەڵام قسەكە لەوەدایە ئەوانیتر چی دەكەن و چ پرۆژەو كارێكیان لە بەرنامەدایە بۆ ئەوەی بە ئیسلام خزمەتی تاك و كۆمەڵگەمان بكەن و ئیسلامێكی جوان و پوخت پێشكەش بكەن كە كەمترین دەرهاویشتەی سەلبی هەبێ لە ژیانمدا لە رووە جۆراوجۆرەكانەوە ؟!
ئێمە زۆرمان لەوان ناوێت، نامانەوێ خۆیان سەرقاڵ كەن بە كاری سیاسی و ململانێ لەو كایەیەدا، چونكە زۆربەمان ماندوو شەكەتی ئەو دەرهاویشتە سەلبیانەین كە بەرەنجامی هەڵە مومارەسەكردنی ئەم بوارەیە... بەڵام خۆ كۆمەڵگەی ئێمە زۆر ئاتاج و پێویستی بەوانیترە كە بتوانن لەرێگەی پەیامی ئیسلامەوە خزمەت بەم كۆمەڵگەیە بكەن، زۆر پێویستیمان بە كەسایەتی خێرخواز و مرۆڤ دۆستە، زۆر پێویستیمان بە رەوشتی جوان و ئاكاری بەرزە، كە لە زۆر لاوە و بە زۆرشێوە و شێواز كار بۆ لاوازكردنی دەكرێ!! زۆر پێویستیمان بە خواویستی و چاودێری خوایی هەیە و زۆربەمان دڵخۆشین بە بونی مرۆڤی لە خواترس و ناخ و دەم و زمان پاك ... هەموو ئەمانە و چەندین كاری گەورەتر بە چەندین شێوە و شێواز دەكرێ كاری بۆ بكرێ ، لە بەرامبەردا تاكی پەیامداری خاوەن ئیمكانیەت و رێكخراوی ناحیزبی دەتوانن لەم بوارانەدا رۆڵ ببینن، چەندن ئەو خوێندنگە و سەنتەر و زانكۆ و دام و دەزگای خێرخوازی و رۆشنبیرییە پەیامدارانەی لە ئێستادا كەسی بێ لایەن و ناحیزبی دروستی كردون و رۆڵی باش دەگێڕن لەم بوارانەدا؟!! ئێمە ئێستە لەبەردەم مەترسی ئەو خوێندگە و دام و دەزگا تایبەتانەداین كە رۆڵێك بۆ دین و ئەخلاق دانانێن و بە شێوازێكی نەشیاو كار لەسەر نەوەكانمان دەكەن... لەم بارەیەوە شت زۆرە بۆ وتن ...
من لەگەڵ رەخنەدام ، لەگەڵ هەر شتێكدام خزمەتی جدیی بكات ، بەڵام ئەوەی كە دەیبینم شتێكی ترە، دەبینم هەندێ گروپی ناحیزبیی و هەندێ كەسایەتی سەربەخۆ و هەندێ رۆشنبیری كۆنە ئیسلامی(جگە لە چەند قەڵەمێكی جیدی) بە نەفەسێكی حیزبی ناشیرینەوە دژ بە حیزبایەتی قسە دەكەن و بە دیدێكی سیاسی نەشیاوو ناهاوسەنگەوە رەخنە ئاراستەی كاری سیاسی ئیسلامییەكان دەكەن، زیاتر ناشیرین كردن و ناوزڕاندن و خۆ نواندنی پێوە دیارە وەك لە خزمەتكردن و هەڵسەنگاندنی جیدی، زۆرجار باس لە بەها و ئاكاری ئیسلامیانە و مسوڵمانانەی گشتی و شەعبی جوان دەكەن بەڵام واقعی ژیانی تایبەتی و كۆمەڵایەتی خۆیان شتێكی ترمان پێ دەڵێ و پێمان دەڵێن ئەوانیش وەك هەندێ لە سیاسییە ئیسلامییە بەرژەوەندی ویستەكان بەها و قییەمەكانیان خستوەتە لاوە و تەنها سەفسەتەی تیۆرییمان پێ دەفرۆشن، لە ناخییاندا بەزیون ، بەڵام زوڕنای سەركەوتن دەدەن بە گوێمانا... یان گروپ گەلی وەها دەبینین بە حساب دوورن لەكاری حیزبی و سیاسیی كەچی سەری زمان و بنی زمانیان بە ناراستەوخۆ راستەوخۆ سیاسەت و حیزبایەتییە لە ناشیرینترین روخساریدا، یان باس لە پاك كردنەوەی ناخ و غەیبەت نەكردن و دڵ سافی و ئاكارە جوانەكان دەكەن كەچی كە دێنەگۆ یان هەڵوێست دەردەبڕن یان هەڵسەنگاندنی بەرامبەر دەكەن هەست بە نا ئەخلاقی ترین رەفتار و بۆگەنترین ناخ و دەم پیسترین زمان و بێویژدانترین تێڕوانین دەكەین ...
ئێمە پێویستیمان بە راستگۆیی هەیە ، پێویستیمان بە ئیمان و ویژدان و تێڕوانینی هاوسەنگانە هەیە، پێویستیمان بەدادگەری و ئینسافە، پێویستیمان بە داڕنینی دەمارگیری و بیركردنەوەیەكی ئارامی دوور لە كاردانەوەیە ...هتد
لەوانەیە هەندێ بڵێن تۆ باس لە چ ئیسلام و ئیسلامییەك دەكەیت؟ باس لە چ ئاكار و رەفتارێك دەكەیت؟ دیارە لێرەدا نامەوێ لەسەر ئەم وەڵامە بوەستم چونكە ئاوكێشە، تەنها ئەوەندە دەڵێم: واز لە مێژوو بهێنن و واز لە گروپگەلە جۆاوجۆرە ئیسلامییەكانی ئێستەش بهێنن، تەنها بچنە خزمەتی ئەو دەققانەی قورئان و سوننەت كە واتاكانیان رون و ئاشكران و هیچ گرێ و گۆڵەیەكی تێدا نابیینن و زۆر بە رون و ئاشكرایی بانگمان دەكەن بۆ: كاری خێر و خێرخوازیی، بۆ دەست و دەم و زمان و ناخ پاكی، بۆ هاریكاری و بەدەمەوە بوون، بۆ ئازارنەدانی ئەوانیتر و بەدەمەوە بونیان، بۆ رێزگرتنی دایك و باوك و بەرامبەر و هاوڕێ و دراوسێ و خێزان و ماڵ و منداڵ، بۆ ئاكار جوانی و رەوشت بەرزی و بەزەیی و رێز و... بۆ حەرام نەخواردن و دزی نەكردن و دوور كەوتنەوە لە ناپاكی و پاكژكردنی تاك و كۆمەڵگە و دەیان رەفتاری جوانی تر... دەی با لە پێناوی ئەمانەدا پرۆژەتان هەبێ و حزمەت پێشكەش كەن و دڵ و دەرونی خۆشتان ئاسودەكەن، ئەم گوتارە ئاراستەی هەمومانە ... لانی كەم دەكرێ ئەوەی لە توانادایە بیكەین و ئەم بنەما قورئانیە جوانەی خوای گەورە بەرجەستە كەین كە دەفەرموێ:" فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَگَعْتُمْ ۆاسْمَعُوا ۆأَگِیعُوا ۆأَنْفِقُوا خَیْرًا لِأَنْفُسِكُمْ ۗ ۆمَنْ یُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُوڵٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ" التغابن:16