شەڕەکەی جەلەولا
25/07/2014 نوسەر: bzavpress

شەڕەکەی جەلەولا


لەم رۆژانەدا بەسەردانێک لە شاری خانەقین بوم بۆ سەردانی کۆمەڵێک هاوڕیی ئازیز کە بەشێکیان سەرپەرشتی هێزەکانی ئەو قۆڵانە ئەکەن، کە زانیم پلانێک هەیە بۆ ئازادکردنی شاری جەلەولا زۆرم پێ خۆش بو بەشداریان بم لەو ئەرکە پیرۆزەدا. بۆیە شەرەفی بەشداری کردن و بینینی ئەو سەرکەوتنەم بەرکەوت. هەروەها چاودێر و ئاگاداری پاشەکشەی هێزی پێشمەرگەش بوم لە چەند شوێنێک کە لەو ماوەیەدا ئازاد کرابوو ئەمەش هەمومانی توشی ئازار و تەنانەت شۆک کرد کە لە هەموی سەختر و ناخۆشتر گیانلەدەست دانی پۆلێک گەنجی نازداری ئەم نیشتمانەمان بوو.
دوێنێ پێنج شەممە 24/7/2014 هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی تری هەرێم هێرشێکی خێراو سەرکەوتوانەی کردە سەر چەکدارەکانی داعش لە ناوچەی جەلەولادا. لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەدا دوژمن توشی تێکشکان هات و توانرا تا دەرەوەی جەلەولا و نزیک لە سنوری شارۆچکەی سەعدییە راوبنرێن. مەخابن سەرکەوتنەکە دوای ماوەیەک گۆڕا بۆ پاشەکشەیەکی نسبی هێزی پێشمەرگە و شەهید بونی پۆلێک لە لاوانی نیشتمانەکەمان.
لەم وتارەدا دەمەوێت تیشکێک بخەمە سەر چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە مەسەلە ستراتیجیەکانی شەڕ و پلان و ئامادەکاریەکان و پرۆسەی بەرەنگار بوونەوە. لەو چەند رۆژەدا سەرباری ئەوەی بە وردی چاودێری دۆخەکەم دەکرد لە هەمان کاتدا کۆمەڵێکی زۆری ئەفسەر و پیشمەرگەو بەرپرسم بینی کە چەندین تێبینی دروست و سودمەندیان هەبوو.
یەکەم: بە دڵنییایەوە جەلەولا یەکێکە لە شارە دێرینەکانی کورد، لە شەستەکانی سەدەی رابردوو رێژەی کورد لە ٨٠% تێپەڕاندبوو، دواتر و لە ئاکامی تەعریبێکی کەموێنەدا تا دەهات رێژەکە بەرەو کەمبونەوە دەچوو تا وای لێهات لە ناوەراستی حەفتاکانەوە کورد کەمینەیەک بێت لە شارەکەی خۆیدا. بە گوێرەی زانیاریەکان ئێستا کورد ئەوپەڕی ١٥-٢٠% دانیشتوانان پێک دێنن. ئەمە مانای وایە هیچ قوڵاییەکی کوردانە بۆ هێزەکانمان لەو شارەدا نییە. بەشی زۆری عەرەبەکانی ئەوێ، ئەوانەن کە لە پرۆسەی تەعریبدا هێنراون و مال و موڵکی کوردیان داگیر کردووە. بۆیە ئەکرێت بڵێین تا ئاستێک لە نێو هەندێکیاندا گیانێکی دژایەتی کورد هەیە. ئێستا ئەوان خۆیان بە خاوەن مال دەزانن و ئێمەش داگیر کەر و بێگانە. جموجۆڵ کردن لەنێو کەشێک و دەوروبەرێکی وادا بۆ هێزی پێشمەرگە قورس و مەترسیدارەو پێویستی بە وریایی و مامەڵەو تاکتیکێکی تایبەت و جیاواز هەیە.
دووەم: وەک دەرکەوت ئازاد کردنی جەلەولا کارە ئاسانەکەیە. کارە قورسەکە بریتیە لە مانەوەو پاشەکشە نەکردن. ئەو هێزەی دوێنێ هێرشیان بۆ رزگارکردنی ئەو چەند گەڕەکە برد کە بەدەستی داعشەوە بون، لە ماوەی چەند سەعاتێکدا ئازایانە توانیان رزگاری بکەن بە تایبەت ئەو شەقامە سەرەکیەی جەلەولا بە سەعدیەوە دەبەستێتەوە. من دڵنیابووم ئەو هێزەمان لە توانایدا هەیە تا ناو سەعدییەش پێشڕەوی بکات. چەکدارەکانی داعش چەند رەبایەیەکی ستراتیجیان چۆڵکردبوو کە دەیانتوانی ماوەیەکی زیاتر تێیدا بەرەنگاری بکەن. بەلام دیار بوو ورەیان نەمابوو وە توانای بەرەنگاریان نەبوو.
بۆیە کێشە ئەسڵیەکە پاراستنی ئەو ناوچانەیە کە رزگار دەکرێن. ئەمەش یەکێکە لە نەخۆشیە موزمنەکانی هێزی چەکداری کوردی کە کەمترین پلانی بۆ دوای سەرکەوتنەکان هەیە. بۆ نمونە دوێنی پاش ئەوەی هێزەکانی زریپۆش و هامەر و رەشاش توانییان هێزەکەی دوژمن تێک و پێک بشکێنن و سەرجەمی ناوچەکە رزگار بکەن، دەبوایە هێزەکانی پیادە لەو شوێنانە جێگیر بکرێن و رەبایەکانی ئەوان بکەن بە بارەگای خۆیان کە بەداخەوە ئەمە نەکرا، بەمەش داعش پاش کۆکردنەوەی هێز و هێنانیان لە سەعدیەو ناوچەکانی ترەوەوبانگەوازی جیهاد،توانیان دوای بەرەنگارییەکی ئازایانەی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێک لە ناوچەکە لە دەستی پێشمەرگە وەربگرنەوە. هەرچەندە بەوەشەوە هێشتا زیاد لە ٨٠% جەلەولا بەدەستی هێزەکانی خۆمانەوەیە.
سێیەم: ئەو هێزانەی لە ناوچەکەن جۆراو جۆرن: پۆلیس( بە جۆرەکانیەوە) ئاسایش، هێزی پشتیوانی مەڵبەند و لق و ئەوانە، پێشمەرگە( بە جۆرەکانیەوە، لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگەو هێزی پشتیوانی ٧٠ ) پۆلیسی فیدراڵی، هێزی سکرتارییەت، دژە تیرۆرو هتد. ئەم ‌هێزانە هەریەکە مەرجەعێکی خۆیان هەیە و فەرمان و تەداروکاتیان لە بنکەکانی خۆیانەوە بۆ دێت. ئەمە بە دیوێکدا ئیجابیاتی خۆی هەیەو نیشانەی بەرفراوانی لایەنە بەشداربوەکانە کە هەندێکیان تواناو تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەلام دیوی سلبیشی هەیە لە مەسەلەی هەماهەنگیکردن و تەنسیقدا. هێزەکان یا دەبێت سەرجەمیان سەر بەیەک فەرماندەیی و مەرجەع بن وەیا هەیئەیەکی هاوبەشی خاوەن دەسەڵاتیان هەبێت. ئەم ئەرکە زۆر گرنگەو نابێ لەدەرەوەی کاری دامەزراوەیی بکرێت. دەبێت سەرجەم مەرجەعییەتەکان بگەرێنەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە چونکە خودی ئەرکەکە کاری ئەوانەو دەبێت هێزەکانی تر پشتیوان و تەواوکەر بن. بەداخەوە لەم پرسەشدا لاوازی و بێپلانی هەیە کە هیوادارم دوای سەردانی وەزیری پێشمەرگەو بەرپرسانی تر، کاری جدی بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشایی و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بکرێت.
چوارەم: هێزەکانی ئێمە کەمترین شارەزاییان هەیە لە شەڕی ناوشار و گەڕەک و ماڵ بە ماڵ بە پێچەوانەی داعش و هاوپەیمانەکانیەوە کە تاقیکردنەوەی زیاتریان هەیە. ئەمە نابێ بەهەند وەرنەگیرێت. کورد لە ئایندەدا لەوانەیە توشی زۆر لەو جۆرە شەرانە بێت. بۆیە پێویستە مەشقێکی بەربڵاو و چڕ بۆ ئەو جۆرە جەنگەو ئەو چەکانەی لەو شەڕانەدا کاریگەرن بۆ نمونە قەناس و هاوچەشنەکانی بکرێت. جاران دروشمێکی سەربازی هەبوو دەیگوت: ئارەقی مەیدانی مەشق لە خوێنەکانی بەرەی جەنگ کەم دەکاتەوە. جێبەجێ کردنی ئەم دروشمە لە ئێستادا زۆر پێویست و گرنگە چونکە وەک ئاگادار بوم بەشێکی زۆری قوربانیەکانی ئێمە لە شەهید و بریندارەکان، پەیوەستە بە کەمی مەشق و نەشارەزایی لە شەڕی ناو کۆڵان و خۆنەپاراستن و وریایی نەبون و خۆلانەدان لە بۆسەو خاڵە مەترسیدارەکان.هەر بۆ نمونە دیاردەیەکی خەمساردی و بێباکی سەیر لە خۆپاراستن لە قەناسەکان هەیە، زۆر جار قوربانیەکانی ئێمە لە ئاکامی پەلە کردن لە چونە نێو بارەگاکانی ئەوانە کە لە زۆربەی کاتەکاندا بۆمبرێژکراوە( لەم شەڕەی جەلەولا پێنج بۆمب پوچەڵکرایەوە).
پێنجەم: لە شەڕی شاردا پاککردن وکێوماڵکردنی ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک زۆر پێویستە بگرە کارە سەرەکیەکەیە دوای تێکشکاندنی هێزی سەرەکی دوژمن. ئەمە زۆر بە کەمی وەیا بە خەمساردی کاری لەسەر دەکرێت. بۆ نمونە لە شەڕی جەلەولادا بە خێرایی شەقامە سەرەکی و گرنگەکە پاککرایەوە لە هێزەکانی دوژمن، بەڵام هیچ هێزێک بۆ تەمشیت کردنی گەڕەکەکان تەرخان نەکرابوو. تەنانەت بەداخەوە ئەو هێزەی کە دانرابوو بۆ هێرش کردن لە قۆڵی پشت و قەبرغەی دوژمنەوە ئەرکەکانیان بە باشی جێبەجێ نەکرد و هۆکارێک بون بۆ کەشف بونی پشتەوەی هێزەکانی ئێمە بەتایبەت بۆ قەناس بەدەستەکانی داعش کە هێشتا لە ماڵەکاندا خۆیان مەڵاس دابوو.
شەشەم:پێم وایە ناوچە دابڕیندراوەکانمان بۆ سێ گروپ پۆلێن دەکرێن:A,B,C
A: ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە زۆرینەی کوردیە و هەندێک کەمینەی تری تێدایە
B: ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە دانیشتوانی بە رێژەیەکی نزیک لەیەک وەیا بە زۆرینەیەکی کەم تێدانیشتەجێن
C: ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە کوردێکی کەم تێدا دەژی و زۆرینەکەی عەرەب یا تورکمان وەیا تێکەڵن لەوان.
بە دڵنیایەوە ئەم سێ گروپە هەمویان سەر بە خاکی کوردستانن و دوو گروپی:Bو C لە ئاکامی پرۆسەیەکی نا مرۆڤانەو دڕندانەی تەعریبەوە هەنگاو بە هەنگاو خاڵی کراوەتەوە لە دانیشتوە کوردە ئەسڵیەکەی خۆی. بەلام واقع حاڵی ئێستاو تایبەتمەندی دیمۆگرافی زۆر گرنگن بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو ناوچانەدا. دەبێت بۆ هەر ناوچەیەکی ئەو گروپانە ستراتیجێکی تایبەت و شێوازێکی کارکردنێکی تایبەتمان هەبێت. جەلەولا ئێستا یەکێکە لەو شارانەی کە کەمترین کوردی تێدا دەژی و بە پرۆسەیەکی نا ئینسانیانە رێژەی کرد لە ٨٠% دابەزێندراوە بۆ نزیک بە ١٥-٢٠ % و لەوانەشە کەمتر. ئەم واقعە تاڵە پێویستی بە مامەڵەی تایبەت هەیە. ناکرێت بەهەمان شێوازی کارکردنمان لە خانەقین (بۆ نمونە) لە جەلەولاش هەمان پرۆسە دوبارە بکەینەوە. ئەفسەرێک پێی وتم ئێمە دەتوانین بە ١٠٠ چەکدارەوە جەلەولا رزگار بکەین بەڵام دوای ئەوە پێویستمان بە لانی کەم هەزار چەکدارە بۆ پاراستنی. ئەمە نیشانەیەکە لە بونی چواردەورێکی دوژمنکارانە. بۆ ئەم وەزعە دەکرێت هەندێک هەنگاو بهاوێین وەک: بەشداری پێکردنی بەشێک لە دانیشتوانان لە بردنە رێوەی شارەکە، لەپۆستە گرنگەکان، دانانی هێزی تایبەت لە پێکهاتەکانی شارەکە و لە ژێر چاودێری پێشمەرگەدا ، بەشداری پێکردنیان لە پارێزگاریکردن لە ناوچەکە، جیاوازی نەکردن لە ماف و ئەرکەکان و مامەڵەی هاونیشتمانیی یەکسان، پێدانی هەندێک ئیمتیازات، کۆمەک کردن و پاراستنی خێزانە کوردەکانی ئاوارەو هاندانیان بۆ گەڕانەوە....هتد
لە کۆتاییدا:
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان 
سڵاو لە کاکە خالید، ئەو پێشمەرگە ئازایەی بە کارامەیی و وریایی خۆی منی لە مەترسییەکی گەورە رزگارکرد بەڵام خۆی بە سەختی بریندار بوو. بە هیوام بە سەلامەتی و لەشێکی ساغەوە لەم جەژنەدا بگەڕێتەوە ناومان.