26/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی
وەک پیویستیەکی نیشتمانی و دیموکراسی
کوردستان مافێکی دەستوری پەیرەو دەکات، لە دانانی دەستەی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لەھەرێمدا. باسکردن لە راپرسیی و ئەنجامدانی ھەر ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیی بەمانا بێگەردەکەی، لە ھەبوونی ئەو دەستەوە دەست پێدەکات بەپیی یاساو لەپەرلەمانی کوردستانەوە. نەک ئێستا بەڵکو لە خولی پێشووی پەرلەمانەوە ھەنگاوە کرداریەکانی پێکھێنانی دەستەکە لە رێگەی پرۆژە یاسایەکەوە دەستی پێکردو، رێڕەوە یاساییەکانی بڕیء ھاتەناو ھۆڵی پەرلەمان و تەنانەت چەند مادەیەکی یاساکەش پەسەند کرا. بەڵام ئاکام لە دوو ریانی پێکنەھاتنی لایەنەکان، گفتوگۆو پەسەنکردنی راگیرا، تا ھێڵرایەوە بۆ ئەم ساتەوەختە. وا جارێکی تر ئاسۆی کۆدەنگی بۆ پێکھێنانی دەستەکە پەیدا بووەتەوە. بەڵام جارێکی تر خەریکە بابەتی دابەشکاری سیاسیی لە دەستەی کۆمسیاران و دائیرەی ھەڵبژاردنەکەیەوە گرفت دروست دەکاتەوە. لەکاتێکدا پرسیی سەربەخۆبوون و میکانیزمی بێلایەنی کاری دەستەی ھەڵبژاردن بەلاوە دەنرێت! ئەمەش گرفتە بۆ کۆی پرۆسەکە. ئەوەی پێویستە لەبەرچاوگرتنی پێوەرە مەدەنیەکانی پێکھێنان و کارکردنی دەستەی ھەڵبژاردنەکانە نەک ھەر لایەو پشکی خۆی. گرنگی ئەم بابەتە وا دەکات داوا لە چاودێران و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بکەم بێنە سەر خەت و ھەڵوێست و رای خۆیان لەم رووەوە ھەبێت و لە پەیوەندی راستەوخۆدا بن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستاندا. بەمەبەستی ھاوکاری و ھەماھەنگی، ھەروەھا پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەبایەخەوە بڕواننە ھەڵوێست و تێڕوانینەکانی لایەنەکانی دەرەوەی پەرلەمان بەتایبەتی رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە پرسی ھەڵبژاردن و راپرسی. بۆیە بەم خاڵانەی خوارەوە چەند سەرنجێکی تر دەخەمە روو بەمەبەستی روونکاریی و نەھێشتنی ھیچ گرێکوێرەیەک:
١- میکانیزمی گونجاو بۆ دەربازبوون لەمەترسیەکانی قۆرخکاریی و لادان لەبەرچاوگرتنی بڕیاری کۆمسیۆنە لە پرسە ھەستیارەکاندا بە دوو لەسەر سێی دەنگدان. واتە بەشدارپێکردنی ھەرە زۆرینەی ئەندامانیەتی لە یەکلاکردنەوەی پرسەکان و دەرکردنی پەیڕەوو رێنمایی.
٢- دەسەڵات و کاری دەستەی کۆمسیاران و دائیرەی ھەڵبژاردن و نوسینگەی پارێزگاکان لە یاساکەدابە روونی جودا بکرێتەوە لەپێناو دابەشکردنی کاو سەڵاحیەت.
٣- تۆماری دەنگدەران و لیستە پەیڕەوکراوەکان بەپێی تۆماری ئەلکترۆنی بێت و میکانیزمەکانی بژارو پوختەکردن و نوێکردنەوەی تۆمارەکانی سەرەتایی و کۆتایی پشت بەستوو بێت بە تۆماری ئەلکترۆنی.
٤- رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە ئاستی ناوخۆو دەرەوە لە یاساکەدا، جۆری پەیوەندی و ھەماھەنگیان دیاری بکرێت. وەک بە پیرەوە چوونێک بۆ مەعایری نێودەوڵەتی. بەتایبەتی بۆ ئامادەکاریە سەرەتاییەکان تا دەگاتە چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنء راپرسی.
٥-
٦- دانانی دادگای تایبەتمەند بە پرۆسەی ھەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەی سکاڵاو گرفتە یاساییەکان، ئەرکی ئەم دادگایە حەسر بکرێت بۆ پێویستیەکانی ھەڵبژاردن و راپرسی.
٧- بۆ ئەوەی دەستەی کۆمسیاران بتوانن لەسەر بنەمای پێویستی نەک " رازیکردن" کارەکانیان رایی بکەن باشترە ژمارەیان لەنیوان حەوت بۆ نۆ کەس زیاتر نەبێت.
٨- سود وەرگرتن لە پێکھاتەی کۆمسیۆن یان دەزگای ھەڵبژاردنی وڵاتان لە رووی تەمەن و پیشەوە. بۆ نمونە دەزگای ھەڵبژاردنی تورکیا کە ھەموویان خەڵکانی پیشەیی و پسپۆڕو دادوەری سەربەخۆن.
٩- پێویستە پەرلەمان رۆڵی ھەبێت لەدانانی کۆمسیاران بەپێی پێوەریی شایستەیی و سیڤی.
١٠- لەیاساکەدا دیاریبکرێت دەستەکە پرۆسەی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێمیش لە ئەستۆ بگرێت.
١١- لیژنەی ئامادەکاری دوا راپۆرت پێویستە بە دیقەتەوە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنە خۆجێییەکان، لەبەرچاوبگرن بۆ پاراستنی تایبەتمەندیەکان و زۆر دوبارە نەبوونەوەی پێوەرو پرەنیسپەکان.
حکومەتی ئیتحادی بەگشتی و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عیراق نیگەرانن لەھەبوونی کۆمسیۆنی تایبەت بەھەرێمی کوردستان، بەڵام دۆخەکەی ئێستای بەغدا وایکردوە نەیانپەرژێتە سەر دەربڕینی ناڕەزایەتیەکەیان. گەرچی بەپێی مادەکانی (١٠٨و ١١٠) لە دەستوری ھەمیشەیی عیراق. ماف دەداتە ھەرێم ئەم دامەزراوەیە دابمەزرێنێت و ناچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتە حەسریەکانیشەوە.
گرنگ ئەوەیە بزانرێت بیرۆکەی ھەبوونی دەستەی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی ھی چەند ساڵێک پێش ئێستەیە، بەڵام بەھۆی بیر تەسکی سیاسیی و ململانێی حزبی نەتوانرا ھەبێت. ئێستاش کاتێکی درەنگ بەڵام گونجاوە، بۆ راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و دیموکراسیەکانی ھەرێم ئەم بابەتە بە پەسەندکردنی یاساکەو دانانی کۆمسیۆنەکە بەئاکام بگەیەنێت.