ئه‌مريكان: فرۆشى نه‌وتى ناوچه‌كانى عێراق قه‌ده‌غه‌نييه‌
01/08/2014 نوسەر: bzavpress

ئه‌مريكان: فرۆشى نه‌وتى ناوچه‌كانى عێراق قه‌ده‌غه‌نييه‌


یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند كە فرۆشتنی نەوتی هەر ناوچەیەكی عێراق لە ئەمەریكا قەدەغەنییە. و بەدوای ئەویشدا چوار كەشتی نه‌وتى  دیكەى كوردستان بەڕێكەوتوون بۆ بەندەری جیهان.
 
برێت ماكگورك یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی وڵاتەكەی لەسەر ئەو كەشتیەی نەوتی هەرێمی كوردستانی هەڵگرتووە و لەكەناراوەكانی ویلایەتی تێكساسە، لە پێگەی خۆی لە تویتەر راگەیاند ، سیاسەتی ئەمەریكی روون و شەفافە لەسەر ئەوەی نەوتی عێراق موڵكی هەموو عێراقیەكانە و جەختیشی لەوەكردەوە ، ئەو كێشەیە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوری عێراق چارەسەر بكرێت. 

ئەوەشی خستەڕوو واشنتن هیچ رێگریەكی نییە نەوتی هەر بەشێكی عێراق بێتە ئەو وڵاتە. هەرلەوچوارچێوەیەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوای ئەوەشی لە بەغدا و هەولێر كرد بگەڕێنەوە بۆ چارەسەر ئەو گرفتە لە رێگای دانوستان و گفتوگۆوە.

 سەردار عەزیز، راوێژكاری لێژنەی سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان، راگەیاند: "دوای ئەوەی كەشتییەكی نەوت هەڵگری هەرێمی كوردستان كە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی تێدایە گەیشتە تەكساس لە ئەمریكا، بەدوای ئەویشدا چوار كەشتی دیكە بەڕێكەوتوون بۆ بەندەری جیهان."

 سەردار عزیز وتیشی: "ئەو چوار كەشتییە نەوتەی هەرێمی كوردستانیان باركردووەو لە رێگای وڵاتی توركیاوە بەرەو بەندەرەكانی جیهان بەڕێكەوتوون."