سه‌رۆكى هه‌رێم، ئێمه‌ ڕوبه‌ڕوى ده‌وڵه‌تێكى پڕچه‌ك ده‌بينه‌وه‌
09/08/2014 نوسەر: bzavpress

سه‌رۆكى هه‌رێم، ئێمه‌ ڕوبه‌ڕوى ده‌وڵه‌تێكى پڕچه‌ك ده‌بينه‌وه‌


سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌سه‌رۆك كۆمارى عێراق كردو، تاوتێى بارودۆخى سياسى و مه‌نى هه‌رێم و ناوچه‌كه‌كراوه‌ و بارزانى ڕايگه‌ياندووه‌، ئێمە ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی نین بەڵكو شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكەین كەدژی هەموو جۆرە پڕەنسیپێكی مرۆڤییە.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاوى كرده‌وه‌، ئەمڕۆ شەممە 9 ی 8 ی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فواد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق كرد.

لەم دانیشتنەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی هەرێمی كوردستان و مەترسی و هەڕەشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق خرایە بەرباس و هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە لەپێناو پاراستنی ئەزموونی دیموكراسیی هەرێمی كوردستان و عێراق پێویستە گشتە لایەك هەموو تواناییە مرۆڤی و سیاسییەكانیان بخەنەگەڕ چونكە داعش مەترسییەكی گشتگیرە بۆ سەر كوردستان و عێراق و هەموو ناوچەكە و جیهان. 

پەیوەست بەم باسەوە  بارزانی ئاماژەی بەوەكردووه‌،" ئێمە ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی نین بەڵكو شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكەین كەدژی هەموو جۆرە پڕەنسیپێكی مرۆڤییە".

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌يه‌دا،  باس هەڵوێستی ئەمەریكا و ئەورووپا و وڵاتانی ئیقلیمی لە دژایەتیكردنی داعش و پاراستنی هەرێمی كوردستان بەرز نرخێندرا.