16/08/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
سه‌ربه‌خۆیی بوون له فیقهو فه‌توا .. فره رێ و فره ره‌هه‌ند ...!!
( یه‌كه‌م -- پێنجه‌م )
پشكی یه‌كه‌م :
بابه‌ته‌كانی فیقهو فه‌توا كه یه‌كێكه له‌جیهانه ئاڵۆز‌و قه‌ره‌باڵغه‌كان كه‌له دوو توێی هه‌زاران هه‌زار كتێبدا هه‌ڵگیراوه‌و ملیۆنه‌ها زانا‌و شاگردهزانا تێیداو له‌پێناویدا ژیاون و به‌ڵكو بۆشی مردوون!. ئه‌و سامان و گه‌نجینه گه‌وره‌یه زۆرینه‌ی جار عه‌قڵ تێدا رۆڵی بینیوه وه‌ك داهێنه‌رو دروست كه‌ری هه‌ر ئه‌و عه‌قڵه وه‌ك داینه‌مۆی دووباره كردنه‌وه‌و پارێزگاری له‌جه‌سته‌و جه‌وهه‌ری فیقهو فه‌تواكان (بێ گۆرانكاری و ده‌ستكاری) كاری بۆی كردووه به‌هه‌موو قوتابخانه جیاوازهكانهوهو ئه‌وه‌ی باسی تازه‌گه‌ری یان جوانكاری بێت تێدانه‌كراوه و به‌پێویستیان نه‌زانیوه !.
یانی عه‌قڵ كه بزوێنهرو بازووی فیقهو فه‌توایه هه‌ندێ كات دایهێناوه‌و له نه‌بیسراو ونه‌بینراو كردوێتی به بیسراوو بینراو، هه‌ندێك جاریش گیانی ته‌قلیدو دووباره كردنه‌وه كه عه‌قڵ تێیدا ته‌نها رۆڵی پاسه‌وان و گواستنهوهوی بینیوه فیقهی گواستووه‌ته‌وه له نه‌وه‌یه‌ك بۆ نهوهیهكیتر.
ئه‌وه‌ش نابێت وون بكه‌ین و بیكه‌ین به ژێره‌وه كه هه‌ندێك جاریش ئاره‌زوو نه‌فس په‌رستی رۆڵی هه‌بووه له به‌رهه‌م هێنانی فه‌تواو فه‌رمانی (شه‌رعی)دا به‌تایبه‌تی ئه‌و فه‌توایانه‌ی كه زه‌برو زۆری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یان هێزێكی داگیركه‌ری له پشته‌وه بووه، ئه‌وه‌ی ئێستا پێ شاد بووین ئه‌وه‌یه كهفیقهو فه‌توا له‌نێوان سێ كوچكهیهكدا (په‌ره)ی سه‌ندووه یان (په‌كخراوه)و خۆی دووباره كردووه‌ته‌وه یان (شێوێنراوه) و شپرزه‌یی به‌خشیوه‌ته‌وه به‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌ر یه‌كێك له‌و كوچكانهش پێویستی به هه‌ڵوێستێك و پێداچوونه‌وه‌یه‌ك و مهقهسكاری و(مه‌نتق كاری)یه‌ك هه‌یه .
پشكی دووه‌م :
ده‌بێت وه‌بیرخۆم و ئێوه‌ش بهێنمه‌وه كه فیقهو فه‌توا له‌هه‌موو مه‌زهه‌به‌كان و گشت قوتابخانه ئیجتیهادییه‌كان و لای ئه‌و زانایانه‌ش كه فه‌توایان زۆر بووه‌و ئیجتیهادی گه‌وره‌یان هه‌بووه به‌ڵام نه‌بونه‌ته سه‌رمه‌زهه‌ب و راو بۆچوونه‌كانیان نه‌یتوانیوه فه‌قێ و موریدو پاشان مهدرهسهو مه‌زهه‌بی تایبه‌تی لێ بێته‌وه، وه‌ك مه‌زهه‌به به‌ربڵاوه‌كانی (شافیعیه‌كان و مالیكیه‌كان و حه‌نه‌فیه‌كان و ....هتد)، هه‌موو ئه‌م مه‌زهه‌ب و سه‌ر مه‌زهه‌ب و كۆمه‌ڵگه مه‌زهه‌بیانه به‌رهه‌مه نوسراو‌و وتراوو دابهزێنراوهكانیان دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر سێ ره‌وت ورهنگدا، كه‌زۆرینه‌یان و له‌بنچینه‌دا ئه‌گه‌ر بیگێرینه‌وه بۆ سه‌ر ده‌م و ده‌ستی سهرمهزههبهكان (داهێنه‌ر) بوون به‌ڵام دواتر‌و به‌هۆكاری زانا مه‌زهه‌بیه‌كانه‌وه (وه‌ستێنه‌ر) و چه‌قێنه‌ر بوون له زه‌مانێك و مهكانێكدا، هه‌ندێ كات و هه‌ندێك جار‌و باریش تاقمێك له‌زانا مه‌زهه‌بیه‌كان زیاتر(شێوێنه‌ر) بوون و به‌بای ئاره‌زوو فه‌توایان داوه‌و فیقهیان كه‌ڵه‌كه كردووه.
ئه‌و سێ ره‌وت و رێگا مه‌زهه‌بیانه هه‌تا ئه‌مرۆ (لای كه‌می له كوردستان و ناوچه‌كه) هیچ هێماو ئاسۆیه‌ك نابینرێت كه بگه‌ڕینه‌وه سه‌ر ئه‌سڵی په‌یدابوونی مه‌زهه‌به‌كان كه بریتی بووه له گوڕخواردنهوهو قوڵبوونه‌وه بۆ داهێنان و ئیجتیهادی تازه تازه، كه‌چی گرتوویانه به قۆناغی دواتره‌وه كه بریتی بووه له ته‌قلیدو چه‌ندباره كردنه‌وه‌ی فه‌توا و تێروانینه مه‌زهه‌بیه‌كان، روونتر ئه‌وه‌یه كه ئیجتیهادی نوێیان وه‌ستاندووه و مراندووه هه‌رچه‌نده زه‌مان و مه‌كان و ئینسانی ئێستامان جیاوازن له رابردوو!، ئه‌وه‌ی بووه‌ته میرات و كه‌لتوریان به‌شه (ته‌قلید)یه‌كه‌یه یان ناوه‌ناوه (ته‌حریفی)ه‌كه‌یه!.
پشكی سێهه‌م :
دابه‌شكردنه‌كه‌ی پێشووم سه‌باره‌ت فه‌تواده‌ران و فیقهناسان به‌گشتی بۆ سێ بازنه‌ی بیركردنه‌وه و بریاردان ده‌كه‌مه پێشه‌كی بۆ ئه‌و قسانه‌ی دواترم ، هه‌ر له‌و ده‌م و ساته‌وه ئه‌وه‌ی قه‌وما كزبوون و دواتر كوژانه‌وه‌ی باڵ و بازنه ئیجتیهادییهكه بوو ئه‌نجا زاڵ بوونی بازنه (تهقلیدخواز)و خۆ هه‌ڵواسینی تاقمۆكه (ته‌حریفی)هكه به قه‌دو باڵای فیقهو فیقهبازییدا بووه رووداوی ئه‌و زه‌مه‌نانه !، ئه‌و دابه‌شبوونه ناسنامه‌یه‌ك ده‌داته ئیجتیهاد وفهتواو موجتههیدو موفتی(ئه‌گه‌ر هه‌بن) كه سه‌ربه‌خۆییان له‌ده‌ست داوه‌و دیل ودهردهداری چه‌ند كۆت و بهندێكن :
1- دیلی مێژوو : كۆمه‌ڵگه فیقهیه‌كان كه (مه‌لاكان و واقیعی مزگه‌وته‌كان و مه‌دره‌سه شه‌رعیه‌كان و رێكخراوی فه‌قێ و مه‌لایان و كۆلیج و یهیمانگهی زانسته ئیسلامیه‌كان و حیزبه ئیسلامیه‌كان و نوسینگه‌ی فهتوادهرهكانیان و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و بڵاوكراوه و گۆڤاره شه‌رعییه‌كان و كه‌ناڵه ئاسمانی و رادیۆ ئیسلامییه‌كان ....هتد ..) له خۆی ده‌گرێت هه‌موویان (مه‌گه‌ر ده‌گمه‌ن) ته‌نها زه‌مه‌ن ده‌بڕن و رویان له پێشه‌وه‌یه ئه‌گینا دڵ له‌دوان و كه‌وتوونه‌ته كه‌مینی مێژووه‌وه و ئیراده ناكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان له ده‌ستی یه‌كتر بێته‌وه و هه‌ر یه‌كه‌و به رێی خۆیدا بروات و مێژوو به شوێنی خۆی و ئه‌وانیش به شوێنی خۆیان !.
2- دیلی كه‌لتورو نه‌ریته‌كانی تر : فیقهو فه‌تواكانی ئێمه هێشتا گه‌ریده‌ی كه‌لتورو نه‌ریتی پێتهختهكانی جارانی دونیای موسڵمانانن،وه‌كو كه‌لتور و نه‌ریتی به‌غداد و كوفه‌و به‌صره‌و دیمشق و قاهیره‌و قورتوبه‌و ئه‌نده‌لوس و خوراسانن!،(نمونه فیقهیه‌كان سه‌رنج بده‌ن)، من ده‌زانم شه‌ریعه‌ت ره‌چاوی نه‌ریتی گه‌لانی كردووه‌و نه‌یویستووه دوژمنایه‌تی بكات مه‌گه‌ر دژ بووبێت به ده‌قێكی وه‌حیی، ده‌شزانم وه‌كو نه‌ریت و كه‌لتور خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه له نێوان گه‌لانی موسڵماندا، به‌ڵام هه‌موویان شۆراوه‌ی یه‌كتر نین و كور‌و كچی دایك و باوكێ نین !،
به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا نه‌ریت و كه‌لتوره‌كه زۆرێكی گۆراوه‌و زمان و زه‌مان و زه‌مینه‌یه‌كی تر هاتووه‌ته پێشێ، بۆچی نابێت و ناكرێت (كاتێك كه هه‌موو وه‌حیی له‌به‌رده‌ستایه) له رووانگه‌ی دۆخی خۆمانه‌وه پێكه‌وه بیربكه‌ینه‌وه‌و ئێمه‌ش مه‌ركه‌زێكی فیقهیمان هه‌بێت و پێته‌ختێكی ئیجتیهادیمان پێ ره‌وا بێت و له چاوی وه‌حییه‌وه و به ره‌چاوی ژینگه كۆمهڵایهتیهكهمان بریار شه‌رعیه‌كان بده‌ین؟! .
3- دیلی مه‌زهه‌بێك : كهمهزههبی جه‌نابی پێشه‌وا شافیعیه و هه‌موو دین و هه‌موو دونیامان له كتێبه‌كانی وه‌رده‌گرین و لای كه‌می نه‌مانتوانیوه به فیقهی به‌راووردكاری له‌ته‌ك فیقهی مه‌زهه‌به‌كانی تردا كامه فه‌توای مه‌زهه‌بی به‌هێزتره بۆ دین و دونیامان ئه‌وه هه‌ڵبژێرن و بیكه‌ینه یاسا‌و رێسای ئه‌م قۆناغه‌مان، ئه‌مه‌ش قسوریه له توانا فیقهیه‌كان و رۆچوونه له خۆبه‌ستنه‌وه به مه‌زهه‌بێكه‌وه و دواكهوتنیشه له بواری په‌ره‌پێدانی عه‌قڵه ئیجتیهادیهكان و ئیجتیهاده سه‌رده‌میه‌كان!.
پشكی چواره‌م :
ئه‌زمونه‌كانی رابردوو (له‌سه‌ر ئاستی وڵاتی خۆمان و وڵاتانی دوور‌و نزیك) ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی فیقهو فه‌توایه‌ك یان ئیجتیهاد و تهجدیدێكی سه‌ربه‌خۆ بێته‌كایه‌وه پێویستمان به ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆمان هه‌یه، ئه‌مه‌ش كاتێك ده‌بێته داوایه‌كی ره‌وا كه بمانه‌وێت فیقهه نوێكهو ئیجتیهاده تازه‌كه خۆمانه ههڵگۆزرێت و خۆماڵیانه دارێرێت و واقعیانهیهك كه رووبه‌ری كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانی خوێندبێته‌وه ئه‌نجا دابه‌زێنرێت و پاشان چاوه‌روانی به‌روبومه‌كه‌ی بكرێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێك و كۆمه‌ڵێك ئه‌و خۆماڵی بوونه‌ی پێ گرنگ نه‌بێت (كه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و وڵاتێك بێت) ئه‌وه بێ شك كه‌وتووه‌ته سێ هه‌ڵه‌وه :
هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م : ره‌چاوی خوو نه‌ریت وتوانای وه‌رگرتن و سنوری قبوڵی خه‌ڵك و كات و ساتی جێ به‌جێ گرتن وباری كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی و یاسایی به‌گشتی نه‌كردووه و وه‌لای ناوه.
هه‌ڵه‌ی دووه‌م : كه‌ده‌كه‌وێته هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مه‌وه هه‌ڵه‌ی دووه‌م به‌دوایدا دێت كهنادروستی و شه‌ل وكوێری فهتواكهیه.ئه‌گه‌ر وابێت ئیتر خۆماندووكردن وخه‌ڵك ره‌تاندن بۆچی و بۆكێ بوو ؟!.
هه‌ڵه‌ی سێهه‌م : خودی ره‌چاو نه‌كردنی دۆخی پێویستیه مادی و مه‌عنه‌وی و ماریفیهكانی كۆمه‌ڵگه پێچه‌وانه‌یه بهئاراستهكانی وه‌حیی و سوننه‌ت و سیره‌ی پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا (سه‌ڵات وسه‌لامی خودای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بێت).
به‌ستنه‌وه‌ی فه‌تواو ئیجتیهادی سه‌ربه‌خۆ به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆوه ده‌زانم بێ ئیشكال و پرسیار‌و وه‌ڵامی قورس نیه، با جارێ ئه‌وه‌تان پێ بڵێم كه سه‌ربه‌خۆیی لای من دوو واتا‌و واقعی ده‌وێت :
یه‌كه‌م : ئه‌و ده‌وڵه‌ته بۆ نمونه وه‌كو مالیزیا یان جه‌زائیر یان توركیا یان هه‌ر وڵاتێكی تر پێویسته جوگرافیایه‌كی دیاریكراوی هه‌بێت و خاوه‌نی ده‌ستور و ده‌سه‌ڵاتی خۆی بێت و رۆشن بێته‌وه كه عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی و عورفی سیاسی و عورفی قانونیان كامه‌یه. دووه‌م : سه‌ربه‌خۆش بێت له ته‌ده‌خولاتی بێگانه‌و به‌دوور بێت له ده‌ست تێوه‌ردانی بیانی و به فیعلی خاوه‌نی بریاری سیاسی و یاسایی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان بن . له‌وانه‌یه بوترێت ده‌ی سه‌ربه‌خۆیی به‌و شێوه‌یه هه‌یه؟!. ده‌ڵێم : بۆ خاڵی یه‌كه‌م كه هه‌بوونی جۆگرافیای ده‌وڵه‌ته‌كه‌و ده‌ستورو ده‌سه‌ڵات و عورفه كۆمه‌ڵایه‌تی و قانونی و ..هتده، به‌م مانایه به‌ڵێ هه‌یه و ئه‌وه‌تا ده‌یان وڵات دانیان پێدانراوه و كورسیان له ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌كان هه‌یه، به‌ڵام بۆ خاڵی دووه‌م ناتوانم نمونه‌یه‌ك بێنمه‌وه له وڵاتان كه له حه‌قیقه‌تدا سه‌ربه‌خۆ بێت له سه‌دا سه‌د، به هۆی شكانی سنوره‌كان له رێگه‌ی بازاره گه‌وره هاوبه‌شه‌كان و میدیای بێ سنور‌و تۆره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ده‌یان ئامراز‌و هۆكاری تر، سه‌ره‌رای ئه‌وه ده‌توانین وڵاتی سه‌ربه‌خۆ و دور له ته‌ده‌خولات و فشاری گه‌وره وه‌كو نمونه‌یه‌كی رێژه‌یی بهێنینه‌وه و چاویش بگێرین ده‌یینین!.
خۆ بوونی ئه‌و دهتهخولاتانه یان نه‌بوونی وڵاتێكی نمونه‌یی دوور له ته‌ده‌خولات ئه‌وه‌ش بۆ خۆی خاڵێكی تره كه كه‌س و كیانی ئیجتیهادی ده‌بێت ره‌چاوی بكات له كاتی فه‌تواكانیدا . له راستیدا گرفته‌كه له روویه‌كی تره‌وه‌یه كه ئایا ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ئاماده‌یه ره‌چاوی ئاینی زۆرینه بكات و هه‌ماهه‌نگ بێت له‌ته‌ك ئه‌نجومه‌نێكی باڵای فه‌توادان و ته‌جدیدی ئیجتیهاددا یان نه‌خێر هیچ ئاماده نیه و به‌ڵكو هه‌وڵیش ده‌دات یان ئه‌نجومه‌نه‌كه نه‌بێت یان ئه‌گه‌ر رێگه‌یدا ده‌یه‌وێت پاشكۆی ده‌سه‌ڵات بێت وه‌كو سعودیه‌و میسر؟؟!. من ئه‌مه‌یان خه‌م و ترسكهمه !!.
بۆ كوردستانیش هه‌مان راوبۆچوون و هه‌مان ترس و بیمیشم هه‌یه!، ترسه‌كه هه‌رچۆن بێت ئه‌و حه‌قیقه‌تانه ناسرێته‌وه كه ده‌وڵه‌تی سهربهخۆو خۆماڵی نه‌بێت ناتوانرێت فه‌تواو ئیجتیهاد هه‌موو رۆڵه باڵاكانی خۆی ببینێت، چونكه من ده‌مه‌وێت كه ئیجتیهادێكی نوێ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نێكی باڵا ئه‌گه‌ر كرا‌و تایبه‌ت بوو به به‌رژوه‌ندیه‌كی گشتیه‌وه ئه‌وه پێویسته وه‌ك یاسایه‌ك داڕێژرێت و بكرێته رێسای كۆمه‌ڵگا و ئیجبار بكرێن بۆ پاپه‌ند بوون پێیه‌وه .
پشكی پێنجه‌م :
چوار خاڵی سه‌ره‌كی و بنچینه‌یی ده‌كه‌مه پرد و له‌وێوه ده‌تانگه‌یه‌نمه مه‌به‌سته‌كانم و یه هیوام زوو لێم حاڵی ببن و پێكه‌وه‌و زوترو زۆرتر بیری لێ بكه‌ینه‌وه :
یه‌ك :
داوای هه‌میشه‌ی مرۆڤه ژیره‌كان و ئاده‌میه زیره‌كه‌كان ئه‌وه‌یه كهدهوڵهت و به‌ڕیوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ت خۆماڵیانه بیربكاته‌وه‌و یاسا دارێژێن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌كان هه‌وڵ و هیممه‌تیان هه‌بێت و دوور بن له‌هه‌موو جۆره لوت شۆڕبون و چاوشۆر بوونێك بۆ ده‌وڵه‌ته زلهێزو كۆمپانیا فره ره‌گه‌زه سروشت ئیستیعمارییه‌كان!، هه‌روا نه‌ته‌وه‌ییانه (كوردستانیانه) هه‌ڵس و كه‌وت بكه‌ن و له‌ته‌ك خۆشیی گشتی و ئاسوده‌یی مرۆڤدا بن،له‌كوێوه بای ئاسوده‌یی هه‌ڵیكرد له‌وێوه شه‌ن و كه‌و بكه‌ن !.
دوو :
عه‌ینی ئه‌م داوایه كه ئومێدی ئینسانه زه‌ین رۆشنهكانه روو ده‌كاته كه‌سانی فه‌تواده‌رو ئیجتیهاد هێن كه ئه‌وانیش له‌سه‌ریانه ئه‌و واقیعه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و قانونی و ئابورییه كه خۆیان ده‌نوێنن له كۆمه‌ڵێك گرفت و دونیایه‌ك له‌پێویستیه‌كان و كانێك له پرسیاره‌كان و جیهانێك له حه‌زو ئاماده‌ییه‌كانی مرۆڤه‌كانی نیشتمان ره‌چاو بكه‌ن و بیكه‌نه یه‌كێك له پێوه‌ره‌كان له‌دوای وه‌حیی، له‌پاش خوێندنه‌وه‌ی ووردی ئه‌و ناوچه عورفیه (عورفی سیاسی یان عورفی ئابوری ....هه‌تاد ..) هه‌مه ره‌نگانه ئه‌نجا به پێوه‌ره‌كانی وه‌حیی وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌و رێگه خۆشكه‌ن بۆ پێشكه‌وتن و به‌رز راگرتنی مرۆڤه‌كان و پارێزگاری له كار‌و ئامانجی سه‌ره‌كیان و هێشتنه‌وه‌ی كردار‌و نه‌ریته جوانه‌كانیان و به‌رگری له‌و كهرامهتهی كه‌خوای گه‌وره پێی ره‌وا بینیون.
سێ :
له خاڵی یه‌كه‌م و دووه‌مدا داوای دوو جۆر سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌رزیم كردووه بۆ هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارو فهتوادار كه ده‌كاته ئه‌وه‌ی ده‌رمانی ئێمه له‌وه‌دا ره‌نگ ده‌داته‌وه كه خۆمان خاوه‌نی مهنتوجاتی هه‌م سیاسی و هه‌م ئیجتیهادی بین!، هێشتا نه‌گه‌یشتوومه‌ته ئه‌وه‌ی روون و راشكاوانه دڵی خۆم بكه‌مه‌وه بۆتان، بۆیه ئێستا بۆتان دهكهمهمهو ده‌ڵێم وه‌كو ناپه‌سه‌ندو په‌ڕگیرییه كه سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هه‌تا زۆرێك له رۆشنبیرانیش ئهمریكیانهو رۆژئاواییانه بیربكه‌نه‌وه و بژین و بكوژی كه‌سێتی كوردانه‌مان بن، به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌موو موجتههیدو موفتیه‌كان (ئه‌گه‌ر هه‌بن) و هه‌تا مه‌لایانی مه‌زهه‌بیی خۆشمان كهسهریان كردووه‌ته كتێبه‌كانی پێشه‌وا شافیعی و شافعییه‌كان به‌گشتی و دوایش هه‌موو مه‌زهه‌به‌كانی تریان ته‌رك كردووه، به‌و خهڵكهشهوه كه مه‌لانین و به‌ڵام له جیاتی مه‌لایان قسان ده‌كه‌ن و فه‌تواش ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وانه‌ش هه‌موویان ناپه‌سه‌ندو ناره‌وایه میسریانه یان سعودیانه یان توركیانه یان یه‌مه‌نیانه یان ئێرانیانه بیربكه‌نه‌وه‌و ئیجتیهاد به‌رهه‌م بێنن و فه‌توا بنێرنه ناو خه‌ڵكه‌وه.
چوار :
ئه‌ی ئێستامان چۆنه ؟، ماندوو بوونی ناوێت ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌بای شان برۆین و به‌چاوی سه‌ر بروانین ئه‌م تابلۆیه ده‌بینین :
وه‌كو ده‌ستور و قانون بهسترواین به عێراقه‌وه، له ئابووریدا گرێدراوین به‌بانكی مه‌ركه‌زی عێراق و بازار‌و بۆرسه‌كانی ئێران و توركیا‌و سوریا‌و عێراق و ئه‌وروپاوه، پێش ئه‌وانیش مل و سه‌رمان زنجیركراوی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی رۆژ ئاوا‌و ئه‌و كۆمپانیا خۆمانه‌ن كه بوونه‌ته چاوساغی ئه‌وان، وه‌كو سیاسه‌ت و سیاسیه‌كان و حیزبه‌كان هیچ لایه‌نێكی سیاسی نیه بتوانێت بیسه‌لمێنێت كه بریاری سیاسیان %100 كوردانه‌و و كوردستانیانهیه!!، ئه‌مه جگه له هه‌ژمونی راگه‌یاندن و پێگه‌یاندن و تێگه‌یاندنی رۆژ ئاواییانه (به شێوه خوارو نادروستهكهی) له رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كان و قوتابخانه تایبه‌ت و زانكۆ بیانیه‌كانه‌وه، به كورتی و پوختی له هه‌ر چوارلاوه هێرشی فیكری و سیاسی و ئابووریمان له‌سه‌ره هه‌تا رۆژ به رۆژ خۆماڵیی بوونمان كاڵ بكه‌نه‌وه‌و له ئایین و كه‌لتور و نه‌ریت و روانینمان نه‌ك ته‌نها دوورمان خه‌نه‌وه به‌ڵكو بیشمانكهنه دوژمنی و دوژمنی ئه‌وانه‌ش كه خۆماڵیانه بیرده‌كه‌نه‌وه !!. كه حاڵهكهمان به‌م شێوه‌یه پێویسته‌و ئه‌ركی ئایینی و ئه‌خلاقی و مرۆیی و كوردستانیه كه هه‌موومان ده‌ست باری یه‌كتر بین هه‌تا ئه‌وه‌نده‌ی تر بچوك و ره‌زیل نه‌بینه‌وه .... ماوێتی