بەریتانیا، لەخۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات
18/08/2014 نوسەر: bzavpress

بەریتانیا، لەخۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات


به‌گوێره‌ى راگه‌یه‌نراوێكی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە، ئەنکس مەکی، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و له‌گه‌ڵ یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌و كۆبونه‌وه‌يه‌دا سەرۆکی پەرلەمان تیشکێکی خێرای خستە سەر ڕەوشی ژیانی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارەکانی ناوچەکانی گەرمیان بە تایبەتی.

لە بارەی ژیانی ئاوارەکانەوە، سەرۆکی پەرلەمان ڕايگه‌ياندوه‌،" ئاوارەکان لە ناوچەکانی گەرمیان لە ژیانێکی خراپدان، هیوادارین حکومەتی بەریتانیا لەڕووی خزمەتگوزاری و هاوکاریی مرۆییەوە هاوکاریمان بکات بۆ کردنەوەی کەمپی تایبەت بۆ ئەو ئاوارانە.

لەبارەی ڕەوشی ژیانی پێشمەرگەشە، سەرۆکی پەرلەمان وتی،"پێشمەرگەی کوردستان  ئێستا پارێزەری ماڵ و خاکی کوردستانن، بۆیە یەکێک لە بڕیارەکانی پەرلەمان بۆ حکومەتی هەرێم  باشکردنی ژیان و گوزەرانی هێزی پێشمەرگەیە، داواکارین بەریتانیاش لەڕووی سەربازی و لۆجستییەوە هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات.

لەبەرامبەردا، "ئەنکس مەکی" کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان،  لەبارەی هەڵوێستی فەرمی حکومەتی بەریتانیاوه‌ ڕايگه‌ياند،" بەریتانیا لەخۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات، بارودۆخی ئاوارەکانیش بۆ ئێمە مایەی نیگەرانییە و هیوادارین حکومەتی هەرێم و ناوەند زیاتر هاوكاری یه‌كتربن بۆ كۆتایی هێنان بە ڕەوشی خراپی ژیانی ئاوارەکانی کوردستان".