کوردایەتی‌ چییە ؟
29/08/2014 نوسەر: bzavpress

کوردایەتی‌ چییە ؟

 نەتەوە ، بە مانا کلاسیکیەکەی‌ واخراوەتە بەرباس ، کە کۆمەڵێک خەڵکن ، لەوەئەچێت کۆمەڵێک هۆکاری‌ هاوبەشی وەک مێژوو ، زمان و داب و نەریت ( traditions) و لەوەڕگەو جوگرافیاو پەیوەندیی خوێن ، پێکەوەی‌ گرێداون ، واتە هەرکاتێک ترس کەوتبێتە سەر ئەم فاکتەرە هاوبەشانە ، ترس کەوتۆتە سەر نەتەوە . ترس کەوتۆتە سەر کورد وعەرەب تورک و ئەرمەن ، ئەمە وەکو (کار- فعل) وەکو ( کاردانەوە – رد فعل) یش ، کوردایەتی‌ و عەرەبایەتی‌ و تورکایەتی‌ و ئەرمەنایەتی‌ و ئینگلیزایەتی‌ … بۆ دوایی . دروست بووە… پێش ئەوەی‌ ڕەفتاری‌ شارچێتیانەی‌ هەندێک سیاسیی و ، خەڵکی‌ عەوامیش ، بمخاتە سەر ڕێبازی‌ ئەم نوسینە ، دەمویست کلیک لەسەر ” تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوڵەت – نەتەوە ” دا ، بکەم .

یەکەم : ئاشتبونەوەی‌ گشتی‌ و پەیماننامەی‌ وێستڤالیا 
لە (15/ی‌ مایۆ 5/1648) . گەورەترین سوڵح و ڕێککەوتتنامەی‌ مێژوو ، لە وێستڤالیا ، بەزمانی‌ فەڕەنسی‌ نوسرایەوە . کۆتایی بە جەنگی‌ (30) ساڵەی‌ ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆز هێنا. کۆتایشی‌ بەشەڕی‌ (80) ساڵەی‌ ئیسپانیاو کۆماری‌ حەوت کانتۆنە دابەزیوە یەکگرتووەکە یا کۆماری هۆڵەندی هێنا . جگەلەوەی‌ ئەم ئاشتی‌ نامەیە بۆ هەتاهەتایە گەورەترین خاڵی‌ وەرچەرخانە لەئەوروپای‌ دوای‌ سەدەکانی‌ ناوەڕاست . بۆ هەتا هەتاشە هەموو ئۆروپیەکان و وڵاتانی‌ جیهانیش قەرزاری‌ ئەم ڕێککەوتننامەیەن ، لەبەر (3) هۆ :
یەک : کۆتایی بەجەنگی‌ کەنیسەو شەڕی‌ کاسۆلیک و پرۆتستانتیزم و دەستوەردانەکانیان هێنا . پێش ئەمە لەبنەڕەتدا شێوازەکانی‌ داهێنان لەکوشتن و ئەتککردنی‌ مرۆڤ و توندترین سزاکان لەئەرووپاوە ، سەریدەرکێشا.
دوو : هاتنە دونیای‌ یەکەم پرەنسیپی‌ سەروەری‌ نێودەوڵەتی‌ دەستی‌ پێکرد ، بەپێی دەرئەنجامەکانی‌ ئەم پەیوەستنامەیە سویسراو هۆڵەنداو چەندین دەوڵەتی‌ دیکە بەفەرمی‌ دانیان پیانرا.
سێ : هاتنی‌ ( دەوڵەت – نەتەوە – دولە قومی ) – (Nation-state). لەدوای‌ ویستفالیاوە ، بەم پێیە دەوڵەت نەتەوە دروستەکات . لەگەڵ هاتنی‌ دەوڵەت ئیتربێجگە لەدەستپێکی‌ خولی‌ دیبلۆماسیی نوێ ، نەتەوەو زمانی‌ ستاندار خۆی‌ ئۆتۆماتیکی‌ دروستەبێت . کەنەتەوەو زمانی‌ هاوبەش دروستبوو ، بازاڕی‌ هاوبەش و ئابوریی هاوبەشیش وەک سەرەکتیرین خاسیەتەکانی‌ دروست ئەبن .
کەواتە ، بۆ باسکردن لەڕۆڵی‌ کەنیسەو ، بۆ باسکردن لە سەرەتای‌ دەستپێکی‌ دیبلۆماسییەتی‌ نوێ و سەروەریی‌ وڵاتان،بۆ قسەکردن لە سەر ( دەوڵەت – نەتەوە) هەموو کاتێک دەبێت باسی ڕێککەوتننامەی‌ وێستڤالیا بکرێت . هەموو کاتێکیش دەوترێت (Westphalian &postwestphalian) .

دووەم : قۆناغی‌ دوای‌ دەوڵەت – نەتەوە ( پۆست وێستڤالیا)
ئەگەر لەدوای‌ وێستڤالیاوە ، شۆڕشی فەڕەنسی‌ لەکۆتایی سەدەی‌ هەژدە (1789) و شۆڕشی پیشەسازیی لەسەدەی‌ نۆزدە ، تێ بپەڕێنین ، کەگوڕی گەورەیان بەدرێژەپێدانی‌ ڕێنسانس و هەستانەوەی‌ ئەوروپا دا ، هەروەها هاتوهەرای‌ سەنتەربونی‌ ئەقڵ و بانگەشەی‌ ئەقڵانیەتیان و ، لەناکاو هەڵگیرسانی‌ دوو جەنگی‌ گەورەی‌ جیهانیش لەبیر بکەین ، دوای‌ ئەوەش دروستبونی‌ تیۆریی ڕەخنەگەرایی ( قوتابخانەی‌ فرانکفۆرد- ئەڵمانیا) لەبیربکەین ، کە بۆ یاخی‌ بون لەئەقڵانیەتی‌ خۆرئاوا هاتەدی‌ . لەدوای‌ هەموو ئەمانە . هیچ دیاردەیەک بەقەد هاتنی‌ مۆدێرنیتەو پرۆسەی‌ گڵۆباڵیزەکردنی‌ جیهان ، کاریگەریی بەرەو کاڵبونەوەی‌ نەخستۆتە سەر ( دەوڵەت – نەتەوە) . بۆ ؟. یەک لە سادەترین هۆکارەکان ئەوەیە کە دەوڵەت – نەتەوە ، لەهەناوی‌ وێسڤالیاوە ، بانگەشەی‌ سیادەی‌ دەوڵەت و پرەنسیپەکانی‌ کرد ، بەڵام شوناس و سیفاتی‌ جیهانگیریی (Globalization) ئەوەیە سنورەکان ئەبەزێنێت . لەڕێگەی‌ تەکانە یەکلەدوای‌ یەکەکانی‌ تەکنەلۆژیاو داهێنانە نوێیەکانەوە ، پرسیار لەسەر ئەرکی‌ مرۆڤ لەکۆمەڵدا دروستەکات ؟. لەڕێگەی‌ بەیەکداکێشانی‌ کلتورەکانەوە ، پرسیار لەسەرشارستانیەت و ناسنامەی‌ نەتەوەیی دروستەکات ؟.
قۆناغی‌ دوای‌ جەنگی‌ سارد ، تا (11ی‌ سێپتەمبەری‌ 2001) هێشتا خۆرئاوا مەستی‌ بالۆرەو هۆنینەوەی‌ بەیتەکانی‌ سەرکەوتن بەرینەدابوو ، هێشتا دوای‌ ڕووخانی‌ دیواری‌ بەرلین و یەکگرتنەوەی‌ ئەڵمانیا وەک دڵ و چەقی‌ ئەوروپا ، ئاهەنگگێران بۆ دروستبونی‌ یەکێتی‌ ئەوروپاو سیاسەتی‌ بەرگریی لەڕێگەی‌ (NATO) ەوە کۆتایی نەهاتبوو ، ئەو ماوەیە ئەگەرچی‌ گەرمەی‌ باس و خواستە لەسەر جیهانگیریی و بیری‌ عەلمانیەت ، بەهاتنی‌ ( دەوڵەتی‌ مۆدێرن) . گورزێکی‌ تەواو بەر نەتەوەو دەوڵەت دەکەوێت .

بەبڕوای‌ من (11 ی‌ سێپتەمبەر ) بە ئەداتەکانی‌ مۆدێرنیتە گورزێکی‌ لەخۆرئاوای‌ ئەوروپاو ئەمریکادا ، لەمەزیاتر قولبونەوەی‌ مۆدێرنیته و ئامرازەکانی‌ ، بۆ هەموو جیهان جێگەی‌ قبوڵ کردن نییه ، بەڵگەش بۆئەمە هەر پرۆژەی‌ خۆرەهەڵاتی‌ ناوەڕاست و ، ڕووخانی‌ سەدام و شەڕی‌ ئەفغانستان نەبوو ، هەر بەتەنها تەقاندنەوەی‌ بورجی‌ بارزگانی‌ جیهانی‌ نەبوو ، بەڵکو دەستکاریکردنی‌ هەموو تاوەرە جیهانییەکان بوو ، بە بارتەقای‌ دوو جەنگی‌ جیهانی‌ 11ی‌ سێپتەمبەر کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە نێو – دەوڵەتییەکان دانا ..

سێهەم : کاریگەریی دین و نەتەوە 
لەبەرئەوەی‌ لەزەمەنی‌ ئێستادا، دەوڵەت – نەتەوە ، قسە لەسەر ئاوابونی‌ دەکرێت ، ئێمەش نامانەوێ لەچوارچێوەی سیستەمی سیاسییدا ، قسە لەسەر بەراوردکاریی نێوان دوو دەوڵەت بکەین ، نامانەوێ دووشاریش بەیەک بچوێنین ، لەبەرئەوەی‌ باس لەنەمانی‌ سنوریش دەکرێت لەسایەی‌ ئامرازەکانی‌ مۆدێرنیتەوە ، کەواتە ئێمەش ڕێگە بەخۆمان ئەدەین ، بۆ یەک سات تەنها پارێزگای‌ سولەیمانی‌ لەباشوری‌ کوردستان ، بەراورد بکەین بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی‌ ئەمریکا . 
دەزانین ئەمریکا بەئاو دەوردراوە ، سلێمانیش بەعەربەت و چەمچەماڵ . بەڵکو تەنها گەرەکمانە لەکاریگەرییە سلبیەکانی جینات و بونیادی ئاینی و نەتەوەیی بدوێین ، هیچی‌ تر . سەرنج بە : ئەمریکا ساڵی (١٧٧٧) سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە ، سلێمانیش ساڵی (١٧٨٣) دروست بووە ، واتە ھەردوکیان بەنزیکی (٢٥٠) ساڵێک تەمەنیانە ، کە بۆمێژوو ھیچ نییە . ئەمریکا کەدروست بوو ، خەڵکی وڵاتانی ئەوروپا چوونە ناوییەوەو ، دروستیانکرد . لەھەر وڵاتێک سەدان و ھەزاران کەس بوون بەھاوڵاتی ئەمریکا . ئەوانەی کە دروستی یان کرد دەوڵەمەندەکان و عەقڵ کراوەکان بوون ، سلێمانیش کەدروست بوو ، خەڵکی ناوچەی پشدەرو قەڵاچوالان و قەرەداغ و پیرەمەگرون و دەوروبەرەکەی ، ھاتنە شارەکەوە . واتە ئەوخەڵکانەی دەوڵەمەند بوون و ، توانای دروستکردنی خانوویان لەشارەکەدا ھەبوو ، ھەروەھا ئەوانەش کە خاوەن عەقڵ و داھێنان و ڕچەشکێن بوون ، با بپرسین بۆچی ئەمریکا لەماوەیەکی کەمدا توانی دروست بێت و ببێتە سەرداری عالەم ، سلێمانیش ، ڕۆژ بەڕۆژ چەندین دەستی ئەمنی و حزبی و گرێ بچڕاو ، بەبەرنامەوە سیماو دیمۆگرافیای شارەکە دەشێوێنن . 

سلێمانی کەدروست بوو ، ھەموو ئەھلەکەی موسڵمان بوون ، کەمێکی زۆرکەم جولەکەش ھەبوو ، ئەمریکا کەدروست بوو ، مەسیحیەت و یەھودیەت و بێ دینی تیابو ، لەناو مەسیحیەتیشدا سێ مەزھەب ھەبوو ( کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئەرسەدۆکسیش کەدەکاتە ماسۆنیەتی جاران ) . واتە دین پەرت پەرت بوو ، زاڵێتی خۆی نەنواند . لەسلێمانی دین وحوجرەو فەقێکان ھۆکاری بڵاوبونەوەی عەقڵ و خوێنەواری بوون ، کۆمەڵگەیەکی تاسەر ئێسک خێڵەکی و داخراو لەکوردستان بەرجەستە بوبو . ئێستاش ھەمان ڕیتمە بەڵام تەکنەلۆژیا تەکانێکی پێی داوەو ئاڕاستەی ئەکا. لەئەمریکا مادام ھاونیشتمانییەکانی خڵتەیەکن لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو دەوروبەرو ناوخۆیی ، کەواتە شتێک نەبووەو نی یە ناوی ( نەتەوە) بێت . بەڵکو (نیشتمان) ی ئەمریکا ھەیە.ھەموو کەسێک ھەموو بەیانیەک ، لەتەنیشت خوێندنگەیەکەوە تێدەپەڕێت ، کەگوێی لەسرودی نیشتمانی دەبێت ، وەک ڕێزێک دەبێت بوەستێت . پیرۆزترین شتێک بریتی یە لەئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا. ئەوان یەکەم ھەنگاو کەھاتن ( نیشتمانێک) یان بۆخۆیان دروست کرد. لەسلێمانی و کوردستانیش ، ھەموو شتەکان بەستراون بە ( نەتەوە) ەوە. مزگەوتەکانیش پرکراون لەبیری ئوسوڵی و سەلەفی و چەندین بیروبۆچونی ئاینی ، بۆبەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی . گەورەترین شەرەف و شانازیی لای تاکێکی ئەمریکیی ئەوەیە لەدەزگایەکی ئاسایشی نیشتمانیدا کاربکات ، لای ئێمە دەزگاکانی زانیاری و پاراستن وەکو دێو خەڵکی لێیان دەترسێت .
ئەمڕۆکە ، بەملیۆنان کورد ، وەک خەڕات لەوڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپا بەبێ نیشتمان دەژین ، تەنانەت ھەرکەسێک لەئێمە کەسەفەردەکات ، پێی دەڵێن (where are u from) واتە ( لەکوێوە ھاتووی ؟) دەبێت بڵێین ( لەعێراقەوە) یان ئێمە ( عێراقین). لەھەر شوێنێکی دونیا کوردەکانی سوریا بەسوری ناویان تۆمارئەکرێت ، ئەوانەی ئێران و تورکیا بە ئێرانی و بەتورکی ناویان دەنوسرێت ، لەھەر وڵاتێک بن و بۆی بچن .کەواتە نەبونی ( دین و نەتەوە) لەھاوکێشەی دەوڵەتداریدا ، ئەمریکای کرد زلھێزترین وڵاتی جیھان ، تاک جەمسەرانە لەھەموو کونجێکی ئەم کەونەدا بونی ھەیە ، سلێمانیشی کرد بەو شارەی کەھێدی ھێدی دابخرێت.

ڕونتریش ، مرۆڤی‌ کورد تەنها لەسەفەردا ، لەغوربەتدا ، لەبەرمەبنای‌ تێکەڵبون و ڕامکردنی‌ فەرهەنگی‌ ئەوانیتردا ، لەبەهای‌ ناسیۆنالیزم ( ناشناڵێتی‌ ) . تێدەگا ، ئەگەرچی‌ چەمکی‌ ( نیشتمان) لە (نەتەوە) گەورەترو پیرۆزترە ، دەکرێت لەنیشتمانێکدا چەند نەتەوەیەک هەبن وەکو ( هیندستان) دەیان ئاین و نەتەوەو زیاتر لە (100) زمانی‌ جیاجیای‌ لەخۆگرتووە ، بەڵام ناکرێت ( نەتەوە) یەک لەیەک نیشتمان زیاتری‌ هەبێت ، یاخود نەتەوە بێ نیشتمان مانایەکی‌ نییە . لەزمانی‌ ئینگلیزیدا بەرمبەر هەردوو چەمکی‌ ( نەتەوە- قومیە) لەگەڵ ( نیشتمان- وەتەن) تەنها یەک ووشە هەیە ئەویش (national) یاخود (Nasionalisim) ە. بەدامودەزگاکانی‌ پاراستن هەرگیز ناوترێت ( ئاسایشی‌ نەتەوەیی) .. ( ئاسایشی‌ نیشتمانی‌-national security) هەیە . هەروەک چۆن میدیای‌ حزبی‌ و نەتەوەییش نییە ، میدیای‌ نیشتمانی‌ هەیە ، هەموو تاکەکان دەرفەتی‌ یەکسانیان بۆ قسەکردن هەیە . تەنها ئالەتێکە بۆ کۆمینیوکەیشن و پەیوەندیکردن بەخەڵکەوە..

چوارەم : کوردایەتی‌ چییە ؟
سەیر نییه ، کەسانێک تا ئەم چرکەساتەش وا لەکوردایەتی‌ گەشتبن ، یان وا لەناونیشانی‌ بابەتەکە بنواڕێت کە بمانەوێ باسی ( کەرتی‌ 4ی‌ جەباری‌ وشەری‌ خواکورک و سەرهەڵدانی‌ شۆڕشی نوێ لەباوەشی بێگانە) بکەین !.. گرێی نێگەتیڤی‌ سایکۆلۆجیایانەی‌ کوردایەتی‌ ، نەک هەر هەندێک لە پیاوە خانەنشینەکانی‌ کورد ، بەڵکو بەرۆکی‌ ژمارەیەکی‌ زۆر لە ڕۆشەنبیرو سەرکردەی‌ سیاسیی کوردی‌ هەر بەرنەداوە ، لەپاڵ ئەوەی‌ حیکایەتی‌ گەورەمان بۆدەکەن ، جارجاریش ئەو ڕاستیەمان بۆ دووپات دەکەنەوە ، کە عەقڵیەتی‌ ئەمانە بەکەڵکی‌ دەوڵەتداریی مۆدێرن و نەتەوەیی نایات ، بەکەڵکی‌ پیشەسازیکردن لە کلتورو زمان و فەرهەنگ نایات .. بیرکردنەوەیان سنوری‌ قەزایەک یان پارێزگایەک ، یاخود شەقامێکی‌ ناودار تێ ناپەڕێنێت و ناویشیان ناوە ( شارچێتی‌) .. لە ئەجێندەی‌ کام حزبی‌ باشوری‌ کوردوستاندا موسڵ هەیە ؟. ئامەدو مەهاباد و قامیسلۆ هەیە ؟. حەمرین هەیە ؟. لەبەرنامەی‌ کوامە سەرکردەی‌ سیاسییدا دروستکردنی‌ لۆبیەکی‌ تێگەیشتوو هەیە لەئەمریکاو ڕووسیاو ئیسرائیل و فەڕەنساو بەریتانیا ؟. لەتورکیا ؟. چەند ڕایەڵەی‌ نیشتمانیی جۆراوجۆر لەنێوان کوردەکانی‌ تورکیاو سوریاو ئێران و عێراق و ئەردەن و ئازەرباینجان و ڕوسیاو پەناهەندەکانی‌ هەندەران هەیە ؟. ئەی‌ چەندی‌ میتی‌ تورک و ئیتڵاعاتی‌ ئێران و موخابەراتی‌ عێراقی‌ و مۆسادی‌ ئیسرائیل و سی‌ ئای‌ ئەی‌ ئەمریکی‌ هەیە ؟. سەیرەکە ، لێرەوە دەست پێدەکات ، ئەم سەدان تیۆرە ، ئەم دەیان گۆڕانکارییە نێو- نەتەوەییە ئیکۆنۆمییە مێژووییە ، لەجیهاندا ڕوویانداوەو ، ڕووئەدەن ، زیاتر لە (100) ملیۆن کورد هێشتا هەر لەجێی خۆیەتی‌ ، نە زمانی‌ یەکگرتوو ، نە نەتەوە ( بەپێی دەوڵەتی‌ قەومی‌) نە نیشتمان ، نەبازاڕ هاوبەش ، نە کێڵگەکانی‌ بەرهەمهێنانی‌ ڕەئی‌ ، نەخەمڵیون !.

بۆیە ئەمانە تا ئەو شوێنە ئازادن کە دەمامکی‌ غەریزە شکستخواردووەکانی‌ خۆیانمان بۆ ئاشکرابکەن ، چونکە لەمە ترازا ، ڕوانینی‌ کوردانە بۆ سیاسەتی‌ دەرەوە ، تێگەشتن بەپێوەری‌ ” کوردایەتی‌ و عەتفێکی‌ درۆزنانە ” بۆ سیاساتی‌ ئەمریکا بەرامبەر کوردو ناوچەکە ، وەها شێوازێکی‌ بیرکردنەوە بەرامبەر هەموو دیاردە جیهانی‌ و حوکمە جیهانییەکان (Global Goverment) ئابڕوچونێکی‌ گەورەیە ، نەک بۆ خەبات و بەرخۆدانی‌ پیاوە شاخاوییەکانی‌ دوێنێ ، کەئەمڕۆکە لەشاردا دەگەن بە ئافرەت ئەتکی‌ ئەکەن ، نەمام ئەبینن هەڵیدەکێشن ، پارەو سامان حەپەلووش دەکەن ، دەست لەهیچ سنورێکی‌ مرۆیی و نیشتمانی‌ ناپارێزن . ناوبەناویش گڕووی‌ ئاژاوەیەکی‌ شارچێتی‌ لە هەناویانایە ، بەنهێنی‌ کاری‌ بۆئەکەن و بەئاشکراش دەریدەخەن . بەڵکو بۆئایندەی‌ هەر تاکێکی‌ کورد ، کە لەفڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان دائەبەزێت ، شەرمێکی‌ زۆر گەورەیە ، هەرکات دەڵێێت: کوردم ..ها !. ئێوە ئەو میللەتە بون کە بیناکەتان لەسەر لم دروست کردبوو .!!.

ئێمە بۆ ئایندە پێویستمان بە شرۆڤەکردنی‌ سێکوچکەی‌ ( نەتەوە- زمان-دەوڵەت) ە . ئایا ئەوە ڕاستە کە هۆکاری‌ مانەوەی‌ کوردەکان ، لەدوای‌ هەموو ناڕەحەتییەکان ، زمانەکەی‌ بووە ؟. ئایا دەوڵەت نەتەوە دروستەکات ؟. دەکرێت پێش دروستبونی‌ دەوڵەتی‌ یەکگرتووی‌ کوردیی باس لەزمانی‌ ستانداری‌ کوردیی بکرێت ؟. ئایا تاکی‌ کورد ، ڕۆشنبیران ، سیاسییەکانی‌ ، دەزانن کورد تائێستا نە ( نەتەوە) یە.نە نیشتمانیشی‌ هەیە ؟.. ئێستای‌ کورد لەکوێی تیۆرە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکانی‌ وەک مارکس و دۆرکهایم و وێبەردایە .؟. یان هەر لەبنەڕەتدا دەبێت بزانین کورد کێیە ؟.