ئەوەی لە ( ٣١ئابی ١٩٩٦ ) دا لە کوردستان قەوما
31/08/2014 نوسەر: bzavpress

ئەوەی لە ( ٣١ئابی ١٩٩٦ ) دا لە کوردستان قەوما

دکتاتۆرییەت لە ناخی کورداندایە ڕاشید غەننووشی  ڕێبەری بزاڤی نەهزەی توونسی 


ئەوەی لە ( ٣١ئابی ١٩٩٦ ) دا لە کوردستان قەوما، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دکتاتۆرییەت نەک تەنێ لە لایەن سەدام حوسێنەوە یاخود لە لایەن بورقێبەوە دێ، بەڵکوو دکتاتۆرییەت بۆ خۆی بووەتە کولتوورێک لەنێوماندا، دەبێ بگۆڕێت. دەبینین، ئەوا کورد، هەر کە پڕۆژەی دەوڵەتۆکەیەکی کوردییان پێ ڕەوا بینرا، هەر یەکێکیان بوونە دکتاتۆرێکی بچکۆلانە.. پێش ماوەیەک لە برایەکی کوردم پرسی: پەرلەمان چیی لێ بەسەر هات؟ گوتی: نە پەرلەمان ما و نە حکوومەت..! هەموو دنیا لایەنگیری پەرلەمانی کورد و حکوومەتەکەی بوون، بەڵام لە ئاخریدا هەردووک ڕمان، چونکە بنیاتنەرانی پڕۆژەی کوردستان، شێوەیەک لە شێوەکانی دکتاتۆرییەت لەنێو خوێنیاندا چەکەرەی کردووە.. ئێمە هەموومان، چ عەرەب، چ عەجەم و چ کورد، خوێنی دکتاتۆرییەتمان لە دەماردا دەگەڕێت. کەوایە، کێشەی ئێمە، کێشەی نەتەوایەتی نییە، بگرە نەبوونی دیموکراتییەتی ڕاستەقینەیە. گرفتی ئێمە ئەوەیە چۆن بەر لە دکتاتۆرییەت دەگرین، جارێ گفتوگۆیش لەسەر پڕۆژەکانی دیکە، تەنیا کات بەفیڕۆدانە. ڕاستە کورد مەزڵوومن، ئەمە هەقە و هیچ گومانی تێدا نییە، لەوانەیە مەزڵوومییەتەکەیشیان لە هیی غەیری خۆیان گەورەتر بێ و پێویست بێ زێتر پشتیان بگیرێ و داکۆکییان لێ بکرێ، بەڵام هاوکات دەبێ ئەوەیش بڵێین: ئەگەر کورد دەیانەوێ گیروگرفتەکان چارەسەر بکرێن، نابێ خراپێک بە خراپێک و دکتاتۆرێک بە دکتاتۆریکی دیکە بگۆڕنەوە..! ـــــــــــــــــ سەرنج! ئەم بابەتە لە ژمارە(٩٥)ی گۆڤاری دارالسلام ـ ی عەرەبی لە لەندەن، لە ئەیلوولی ١٩٩٦دا، بڵاو کرایەوە.. لە دواییدا لە ژمارە (١٨)ی گۆڤاری (هەڵەبجە)دا بە کوردی بڵاو کرایەوە.

و/ موحسین جوامێر  له‌ فه‌یسبووك وه‌رگیراوه‌