عه‌لى حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر پشكى گۆڕان، داواى ياسايى له‌سه‌ر سه‌رۆكى ليستى يه‌كێتى تۆمارده‌كات و داواى 100 مليۆن دينار قه‌ره‌بوو ده‌كات.
عه‌لى حەمەساڵح به"باس"ى ڕاگه‌ياندوه،"له دادگای جونح و مه‌ده‌نی سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی تۆمار ده‌كه‌م، با له دادگا بیسه‌لمێنێ كه من په‌یوه‌ندییم پێوه كردوون و داوام لێکردوون نێوی ئەو خزمانەم بڵاونەکەنەوە، کە گوایە من لە پەرلەمان داممەزراندوون".
ده‌شڵێت،"با ده‌نگه‌كه‌م بڵاوبکەنەوە. ئه‌گه‌ر وامگوتبێ دەست له په‌رله‌مانتاری و سیاسەتییش ده‌كێشمه‌وه".
ئاشكرايشى ده‌كات،"ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا خزمێكی من له په‌رله‌مانه و ئه‌ویش خۆی سیڤی پێشكه‌شی دیوانی په‌رله‌مان كردووه و چوار ساڵه زانكۆی ته‌واو كردووه و چوار زمان ده‌زانێ و وه‌ك فه‌رمانبه‌ری ئاسایی دامه‌زراوه نه‌ك وه‌ك خێزانی سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مان".
وتيشى،"ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌به‌ر من داندراوه، با فه‌سڵ بكرێت، ئه‌گه‌ر كارێكی نایاساییه با بدرێته دادگا، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر بڕیارێكیش هه‌یه خزمی من بڕوانامه‌شی هه‌بێت هەر نابێت له‌به‌ر من دابمه‌زرێت، ئه‌وه با دانه‌مه‌زرێت".
لەبارەی سکاڵاکەشەوە ده‌ڵێت،" ئه‌و ته‌شهیری پێكردووم، داوای قه‌رەبوو ده‌كه‌م، چونكه ناوم زڕاوه. قەرەبووه‌كه‌ش كه داوای ده‌كه‌م 100 ملیۆن دینارە و ده‌یده‌م به ئاواره‌كان".