بارزاني بۆ ماليكي ئێمه‌ براین
07/07/2013 نوسەر: bzavpress

بارزاني بۆ ماليكي ئێمه‌ براین

دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چاوی به‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كه‌وت و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، مالیكی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ هیچ ناكۆییه‌كی له‌گه‌ڵ كورد نییه‌.

له‌ پرێس كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا،مه‌سعود بارزانیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد و رایگه‌یاند: "سه‌ردانه‌كه‌م بۆ به‌غدا، په‌یامێكه‌ بۆ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كه‌ ئێمه‌ براین و په‌رۆشی هاوكاری و پشتیوانیی یه‌كترین."

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتیشی: دۆسیه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان و رێككه‌وتووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لیژنه‌كان هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بنێن، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌یه‌ و ئاماده‌ن هاوكاریی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران بكه‌ن.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ده‌كرێت كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕٍاڵ له‌رێگه‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند: كێشه‌ی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها له‌ بۆچوون و روانگه‌ی تایببه‌ت به‌ ده‌ستووری عیراقه‌، بۆیه‌ مالیكی ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ هیچ ناكۆكییه‌كی له‌گه‌ڵ كورد یان له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌ته‌دا هه‌بێت.