03/09/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بەنەماڵەى شەهیدێك:بە دوو ملیۆن قەرەبوو کراینەوە
بەنەماڵەى شەهیدێك: دواى شەهید بوونى کورەکەمان حکومەت تەنها 2 ملیۆن دینارى بۆ پرسەکەى خەرج کردووە.
بنەماڵەیەکى شەهید کە ناوى لاى بزاڤ پارێزراوە تایبەت بە بزاڤ وتى "دواى ئەوەى کورەکەمان لە بەرەکانى شەر شەهید بووە، حکومەت تەنها دوو ملیۆن دینارى وەک هاوکارى بۆ ناردووین و لەماوەى سێ رۆژى پرسەکەیدا هەشت ملیۆن دینار خەرجى پرسەکەى بووە...
ئەوەش بە سوکایەتى بە شەهیدان و بنەماڵەکانیان وەسف دەکەن". هاوکات نیگەرانى ئەو بەنەماڵەیە لەوەوە هاتووە کە برازایەکى شەهیدەکە بەهۆى شەهید بوونى مامیەوە نەگەراوەتەوە بەرەکانى جەنگ و بە وتەى خۆشى بەرپرسانى هێزەکەى هەرەشەى ئەوەیان لێ کردووە ئەگەر نەچێتەوە بەرەکانى جەنگ ئەوا فەسڵ دەکرێت. هاوکات بریندارەکانیش بە 200 هەزار قەرەبوو دەکەنەوەو پشویان پێ دەدەن تا چاک دەبنەوە دواتریش دەبێت بگەرێنەوە بۆ دەوامەکانیان.
یەکێک لە بریندارەکان تایبەت بە بزاڤ وتى " کاتێک لە جەلەولا پاشەکشەمان کرد فیشەک بەر قاچم کەوت دواتریش هاورێکانم بە بریندارى گەیاندیانمە نەخۆشخانەى کەلار، دواى ئەوەى لە نەخۆشخانە فریاگوزارى سەرەتاییان بۆ ئەنجامدام رەوانەى ماڵەوەیان کردمەوەو 200 هەزار دیناریشیان پێدام تاوەک و چارەسەرى برینەکەمى پێ بکەم". لە بریارێکى تازەشدا قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت رایگەیاند موچەو ئیمتازاتى پێشمەرگەو هێزەکانى ناوخۆ کەلە بەرەکانى جەنگ شەهید دەبن، بەردەوام دەبێت...
تالەبانى وتیشى لەماوەى شەش مانگى داهاتوودا کەس و کارەکانیان دەتوانن مامەڵەى شەهیدانەیان بۆ بکەن. شەرى داعش لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان بەردەوامى هەیەو لەماوەى رابردووشدا بە دەیان پێشمەرگە بوونەتە قوربانى و تا ئێستەش هیچ بەرپرسێکى سەربازى ئامارى بریندارو کوژراوەکانى هێزى پێشمەرگەى رانەگەیاندووە.
ئەیمەن