ڕۆژهەڵاتناسی و ڕۆژهەڵاتناسان و هەوڵیان بۆ شێواندنی مێژووی ئیسلام
14/09/2014 نوسەر: bzavpress

ڕۆژهەڵاتناسی و ڕۆژهەڵاتناسان و هەوڵیان بۆ شێواندنی مێژووی ئیسلام


پێناسەی ڕۆژهەڵاتناسی: ڕۆژهەڵاتناسی زانستێکە* یاخود پێڕەو پرۆگرامێکە کە هزری ڕۆژئاوا لەسەری دەڕوات چەندین پێناسەی بۆ کراوە..

هەندێ دەڵێن: پرۆگرامێکی ڕۆژئاواییە بۆ تێڕوانینی شتەکان و مامەڵکردن لەگەڵیان لەسەر ئەو بنەمایەی کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە بوون و مەعریفەتدا لە ڕەگەوە لێك جیان.
هەندێکی دیکە هەوڵیانداوە پێناسەیەکی ئەکادیمی بۆ ڕۆژهەڵاتناسی بکەن و دەڵێن: ڕۆژهەڵاتناسی ئاماژەیەکە بۆ چەند لێکۆڵینەوەیەکی  ئەکادیمی" کە ڕۆژئاواییەکان لە وڵاتی ئیستیعمارییەکانی ڕۆژهەڵات ئەنجام دەدەن بە هەموو لق و پۆپە جیاجیاکانی یەوە" مێژوو، کلتور، ئاین، زمان، باری کۆمەڵایەتی و سیاسی.." بە ئەنجامی دەستگرتن بەسەریدا لە پێناو بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا.

زاراوەی ڕۆژهەڵاتناسی

زاراوەی ڕۆژهەڵاتناسی کە بە عەرەبی دەکاتە" استشراق" بە فارسی " خاورشناسی" و بە فەرەنسی" orien talisme "، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بۆ یەکەمجار نوسەرە عەرەبە لبنانیەکان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لە جیاتی زاراوەی" orient talisme " بە کاریان هێنا بۆ دیاریکردنی ئەو زانستەی کە نوسەرە ڕۆژئاواییەکان لە ئەنجامی گەشتەکانی خۆیان بەرەو ڕۆژهەڵات خۆیان پێوە خەریك کردبوو لە میللەتانی ڕۆژهەڵات " نیشتمان، زمانیان، ئەدەبیان و مێژوو.. " .

مێژووی ڕۆژهەڵاتناسی

       ڕۆژهەڵاتناسی لە ڕۆژئاوا، بە بڕیارێکی کەنیسەی " ئەنجومەنی ڤیەننا" لە ساڵی١٣١٢دا بەشێوەیەکی فەرمی دامەزراو بەپێی ئەم بڕیارە لە زانکۆ سەرەکیەکانی ئۆکسفۆرد، پۆڵۆنیا و پاریس.. دەستان کرد بە وانە وتنەوەی زمانە ڕۆژهەڵاتیەکان بە تایبەتیش عەرەبی.
لە فەرەنساش، لەسەرەتای سەدەی شازدەهەمدا بوو کە بەشێوەیەکی فەرمی چەسپا، ئەوە بوو لە ساڵی ١٥٣٠دا لە پاریس کۆلێژی شاهانە لە سەردەمی " فرانسوای یەکەمدا" کرایەوەو لەو کۆلژەدا وانەی زمانی یۆنانی و عیبری دەگوترایەوە، لە هەمان کاتدا لە ئەنجامی پێشکەوتنی بازرگانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی نێوان فەرەنساو وڵاتانی ڕۆژهەڵات پەرەی سەند، لە سەدەی ١٦ بەملاوە، فەرەنسا باڵوێزخانەی خۆی لە پایتەختەکانی دەوڵەتی عوسمانی سەفەوی ئێراندا کردەوە، دواتریش لە ساڵی ١٨٧٣دا یەکەمین کۆنگرەی نێو نەتەوەییانەی ڕۆژهەڵاتناسی بەسترا بە ناوی " المٶتمر الدولی الاول للاستشراق" .

     ڕووداوە مێژووییەکان سەلماندویانە کە چالاکی ڕۆژهەڵاتناسی بەردەوام لە گەشەسەندن و بڵاوبونەوەدا بووەو ئەو ئامانجەشی پێکاوە کە لە پێناویدا دروست بووە، بە تایبەت لە سەدەی نۆزدەدا کە ئیستیعماری ڕۆژئاوا دەستی کرد بە فراوان کردنی داگیرکاریەکانی لە خاکی عەرەبی و ئیسلامیدا و خستیە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بەڵام هەندێك لە زانایان پێیان وایە کە ڕۆژهەڵاتناسی ڕەگ و ڕیشەی بۆ چاخە خاچ پەرستیەکان درێژ دەبێتەوە، کە بە دوو قۆناغدا تێپەڕی:

قۆناغی یەکەم: ئەو قۆناغە بوو کە خەڵکی کلێسا هەڵسان بە گواستنەوە زانستەکانی کلێسا و فەلسەفەی یۆنانی لە خاکی عەرەبدا " بەغداد" و ناوچەکانی تریش بۆ ڕۆما لە کاتێکدا کلێسا لە سەرە مەرگی هزری دا بوو، هەرچەندە عەرەبەکان لە پاڵ بڵاوکردنەوەی ئیسلامدا هەڵسان بە وەرگێڕانی وێژەو فەلسەفەکانی جیهان بە تایبەتی ڕۆمانی و یۆنانی .. ، یەکێك لەو زانستانەی کە هەڵسان بە ڕەخنە لێگرتن و گفتوگۆکردن لەسەری بریتی بوو لە زانستەکانی کلێسا، بەمەش هەندێ لە فەیلەسوفە موسڵمانەکان سودیان وەرگرت لە فەلسەفەی یۆنانی و تێکەڵکردنیان بە هزری ئیسلامی، بەڵام بە بێ ئەوەی لە گرنگی ئەو تێکەڵکاریە کەم بکەینەوە پێویستە ئەو ڕاستیە بڵێین کە هزری ئیسلامی هیچ پێویستی بەو فەلسەفانە نەبوو، بەڵکو بەبێ فەلسەفەش خەڵکی باوەڕیان پێ هێنا بوو،  لە بەغداد لە نێو جەرگەی موسڵماناندا دەیان نوسەری کلێسا دەهاتن بۆ گەیشتن بە زانستە ئیسلامیەکان و پەرتوکە یۆنانیەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ موسڵمانە عەرەبەکان بۆ ئەوەی دواتر وەری بگێڕن بۆ زمانەکانی خۆیان و بەتایبەتیش لاتینی کە زمانی ئەو کاتی کلێسا بوو تاکو پشتی پێ ببەستن لە بڵاوکردنەوەی هزری کلێسا.

دەتوانین ئەو گەشتانەیان بە شەپۆلێکی ڕۆژهەڵاتناسی ناو ببەین کە ئێمە مەبەستمانە چونکە لە گەشتەکانیاندا زمانی عەرەنی فێربوون و زانستەکانیان گواستەوە بۆ نەتەوەکانی خۆیان، بەڵام لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵاتناسەکان هزرێکی چەواشەکراویان لە بارەی موسڵمان و عەرەبەوە گواستەوە بە جۆرێك کە پێغەمبەری ئیسلام و ئاینەکەیان بە خراپترین شێوە وێنا کرد، بەوەی کەوا پێغەمبەر " صلی الله علیە وسلم"  کاردیناڵێکە لە پاپا جیا بوەتەوەو دواتر بانگەشەی پێغەمبەرایەتی کردووە، وە پێغەمبەریان بە دز و بکوژو ساحر.. هەروەها وێنەی زۆر ناشرینیان بۆ ئیسلام دەکێشا کە گوایە لە بنەڕەتدا هەر مەسیحیەت و یەهودی یەو پێغەمبەر " صلی الله علیە وسلم"  لە مامۆستاکانی وەرگرتووە کە چەند کاهینێکی جولەکەو گاور بوون، وە ئیسلامیان بە زەندیق وێناکردوە بەوەی دەیان گوت فیرقەیەکی جاکراوەیە لە کلێسا، سەبارەت بە قورئانی پیرۆزیش بە کتێبێکی وایان دەخستە بەرچاو کە هەندێك لەگەڵ هەندێکی تریدا تێك دەگیرێ و لە هزرەکانیدا هەماهەنگ نییە و ناوەڕۆکەکەی ناڕێکە بگرە هەرچی تێدایە پێچەوانەیەو لەگەڵ عەقڵ و لە کاری دەخات.

 لە گررنگترین ئامانجەکانیش دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو

- داڕوخانی بنەماکانی ئیسلام و کۆتایهێنان بە ڕۆڵە بەرچاوەکەی کە ئەو کات باڵی کێشا بوو بەسەر ڕۆڵی کلێسادا.
- دۆزینەوە ئیستیعماریەکان لە خاکی عەرەبدا، تاوەکو- ناوەندەکانی خۆیان بگوازنەوە بۆ ئەوێ دوای ئەوەی ململانێکە لە نێوان میرو پاشاکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ پاپای ڕوما توند تر بوو لەسەر دەسەڵات.

قوناغی دووەم: ئەو قۆناغەیە کە زۆربەی مێژوونوسان لەسەری کۆکن بەوەی قۆناغی ڕاستەقینەی بزوتنەوە ڕۆژهەڵتناسی یەو بەو مانا زانستیەی کە بەسەریدا بڕدراوە، کە بەڕوونی لە کۆتای سەدەی حەڤدە سەریهەڵدا.

لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین ئاشکرایە چەند دەستێکی ڕەش یاریان بە لاپەڕەکانی مێژووی پرشنگداری ئیسلام کردوەو تێکیان داوە چۆنیان ویستبێت نوسیویانەتەوە، تاکە مەبەستیش لەم کارە شێواندنی ڕووی گەشی ئیسلام و پاکی مێژووەکەی بووە، بۆ ئەوەی ئەو شکۆداریەی ئیسلام هەیەتی لە دڵی پێڕەوەکانیدا لاوازی بکەن، گومانی ئەوە دروست بکەن کەوا ئەم ئیسلامە توانای ئەوەی نیە ببێتە کۆتا پەیام، بەڵکو دەبێت گۆرانکار تێدا بکرێت، سەرباری ئەوەش بە موسڵمانان بڵێن : ئیسلام خۆی بەو جۆرە بووە بەڵام  پێڕەوەکانی بە درێژای مێژوو لە خۆی خراپتر بوون



_______________________

* ئیدوارد سعید: کە یەکێکە لە ڕوناکبیرە عەرەبەکان ڕەتی ئەوە دەکاتەوە کە ڕۆژهەڵاتناسی بە زانست ناو ببات چونکە بەڕای ئەو ڕۆژهەڵاتناسی بابەتەکان دەشێوێنێت و وێنەکان دەگۆڕێت و شتێکی جیا لە واقیعیدا هەیە، بەوەش پێناسەی دەکات کەوا " زانستی ڕۆژهەڵاتناسی شێوازێکی ڕۆژئاوایانەی دەسەڵات پەیداکردنی ڕۆژئاوایە بەسەر ڕۆژهەڵاتدا" .