یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێداچونەوە لەسەر حوکومەتی خۆجەیی دەکات لەگەڵ پارتی
27/09/2014 نوسەر: bzavpress

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێداچونەوە لەسەر حوکومەتی خۆجەیی دەکات لەگەڵ پارتی


لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند پرسێك تاوتوێكران دیارترینیان پێداچوونەوەبە پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتی، بەشداریكردنی لە  ئیدارە خۆجێییەكان بووە.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە، بەشداریكردنی یەكێتی لە ئەنجومەنە خۆجێییەكاندا پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ (پ.د.ك) تاوتوێكراوە، ئەوەش خراوەتەڕوو كە نابێ پێكهێنانی ئیدارە خۆجێییەكان بانێك و دوو هەوا بێت و بە جۆرێك لە هەولێر و دهۆك سیاسەتی تاكڕەوانە پیادە بكرێ و لە سلێمانیش گفتوگۆ لەسەر ئیدارەی بنكە فراوان بكرێ".

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بەلاغی پەسەندكراوی كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك) لە 27-9-2014
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
ئەندام و لایەنگران و دۆستانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

لەدوای پەلامارەكانی تیرۆریستان بۆ سەر چەند ناوچەیەكی فراوانی عیراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و داگیركردنی ناوچەی شەنگال و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی سەر بە پارێزگای موسڵ و تیرۆركردنی هەزاران هاووڵاتی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتی دیكەی بێتاوان و رفاندنی هەزاران كچ و ژنی كورد لە شەنگال و دەوروبەری، پێشهات و گۆڕانكاری و دۆخێكی نوێی بەدوای خۆیدا هێنایە كایەوە، كە كاریگەری سیاسی، ئابووری، مرۆیی، ئیداری، ئەمنی، لێكەوتەوە.

لەهەمانكاتدا پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان قارەمانانەو خۆڕاگرانە روبەڕووی تیرۆریستان بۆتەوە، وە بەرەیەكی فراوانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی دوژمنە هاوبەشەكەیان (داعش) دامەزراوەو دەستیانكردووە بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستان لە عیراق و سوریا كە ئەمە هەنگاوێكی نوێی نێودەوڵەتییە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا لە باشورو رۆژئاوای كوردستان و پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و شەڕڤانانی رۆژئاوای كوردستانە.

بەڵام هێشتا ئەركی قورس لە بەردەم گەلی كوردستاندایەو دۆخەكە پێویستی بە خۆڕاگری و پشوو درێژییەكی زیاتر هەیە تا هەموو ناوچەكانی كوردستان بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای موسڵ لەژێر جنگی تیرۆریستان پاكبكرێتەوە.

بۆیە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی بە میوانداریكردنی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و فراكسیۆنەكانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگاكان و پاش تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان و شەڕی دژەتیرۆر لە باشورو رۆژئاوای كوردستان و چۆنیەتی بەشداریكردنی كورد لە حكومەتی نوێیی عیراقداو چۆنیەتی پێكهێنانی ئیدارە خۆجێییەكانی هەولێرو دهۆك بە شێوەیەكی تاكڕەوانەو هەنگاوەكانی پێكهێنانی ئیدارە خۆجێیەكەی سلێمانی، هەموو ئەمانە بارودۆخێكی نوێی هێناوەتە ئاراوە، بۆیە ئەركێكی نوێ كەوتۆتە ئەستۆمان كە:

1- كاراكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و بەشداریكردنی یەكێتی لە ئەنجومەنە خۆجێییەكاندا بەپێی سەنگ و پێگەی سیاسی خۆی بێت، بۆیە نابێ پێكهێنانی ئیدارە خۆجێییەكان بانێك و دوو هەوا بێت و بەجۆرێك لە هەولێر و دهۆك سیاسەتی تاكڕەوانە پیادەبكرێ و لە سلێمانیش قسە لەسەر ئیدارەی بنكەفراوان بكرێ، وە جەخت دەكەینەوە لەسەر پێویستی بەڕێوەبردنی هەموو جومگەكانی حكومڕانی لە هەرێمدا لەسەر بناغەی حكومەتی هاوبەش و بنكەفراوان.

2- ئەنجومەنی ناوەندی بەتوندی ئیدانەی ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوانە دەكات كە هەندێك لایەن بۆ داپۆشینی شكستە سەربازی و دارایی و سیاسییەكانی خۆیان دەخەنە پاڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەتی لەسەر بڕینی مووچەی هەرێمی كوردستان كە خەڵكی كوردستان وشیارەو چاك دەزانێت چ لایەنێك بوو داوای دەكرد شاندی هەرێم بچێتە بەغدا بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مووچەو بودجەی هەرێم و چ لایەنێكی دیكەش بوو بە هەموو شێوەیەك ناردنی شاند بۆ بەغدای رەتدەكردەوە.

3- تواناكانمان بخەینە گەڕ لە پێناو بەدەستهێنانی پشكی گەلی كوردستان لە حكومەتی نوێی عیراقدا، بەتایبەتی چارەسەركردنی كێشەی (بودجەو نەوت و پیشمەرگە) بۆ ئەمەش بە زووترین كات وەفدە دانوستانكارەكان چالاكبكرێ و هەموو ئەو بەڕێزانەی تەكلیفكراون بۆ پۆستەكان دەستبەكاربن، بەتایبەتی پۆستە سیادییەكانی وەك وەزیری دارایی عیراق كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانەو تائێستا دەستبەكار نەبووە تاكو بودجەو میزانییەی هەرێم و عیراق پەسەند بكات، پشتیوانی هەوڵەكانی سەرۆك كۆمارو فراكسیۆنی یەكیتی لە پەرلەمانی عیراق دەكەین و داواكارین بە زووترین كات كاندیدەكانمان دەستنیشان بكرێن بۆ پۆستەكان لەحكومەتی نوێی عیراقدا.

4- پشتیوانی تەواوی هێزی پێشمەرگە دەكەین و داواكارین كە هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ چارەسەری كیشەكانیان لە مووچەو چەك و تەقەمەنی و تۆكمەكردنی سەنگەرەكانیان، بۆ ئەمەش داواكارین بە شێوەیەكی كاراو بەپێی سەنگی یەكێتی لەناو پێشمەرگەو قوربانییەكاندا رۆڵی هەبێ لە وەزارەتی پیشمەرگەو سەرۆكایەتی هێزە چەكدارەكانداو پەلەبكرێت لە دابەشكردنی چەك و تەقەمەنی بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە بەسەر بەرەكانی شەڕدا.

5- پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و عیراق و كوردستان بەتایبەتی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ (پ.د.ك) بكرێت، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای كە بە شێوەیەك سەنگ و پێگەی یەكیتی بەهەند وەربگیری لە هەموو بوارەكاندا.

6- ئەنجومەنی ناوەندی پشتیوانی تەواوی خەباتی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەكات، داوا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەین رەزامەندی دەرببڕن لەسەر پشتیوانی سەربازی و مرۆیی بۆ خۆرئاوای كوردستان بەتایبەتی بۆ كۆبانی و دەوروبەری بەزووترین كات.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای كوردستان...
نەمری بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان...

ئەنجومەنی ناوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٢٧/٩/٢٠١٤

خەڵك