30/09/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بارزانييهكان بۆ (جامانهى سور) لهسهر دهكهن
لەنێو هەموو خێڵەو عەشیرەتەکانى کوردا، تەنها بارزانییەکان جامانەى سور دەبەستن، دیارە ئەمەش پەیوەندى بە بیروباوەڕى بارزانییەکانەوە هەیە، کەلە ئیستادا بووەتە بەشێکى گرنگ لەکلتوریان.
ئەگەر چى بەشێک لە گەنجەکانى نێو ئەم خێڵە جامانەى سور دەگێڕنەوە بۆ ساڵى 1947 ئەو دەمەى کە کۆمارى مهابات دەڕوخێت و بەرزانییەکان ئاوارەى ڕووسیا دەبن، ئەو ڕەنگە سورەش تاعبیرە لە ڕەنگى ئاڵاى کۆمۆنیزم، بەڵام ئەم بۆچوونە هەڵەیە، چونکە جامانەى سور پێش ڕۆیشتنیان بۆ ڕووسیا دروشمى بارزانییەکان بووە.
یەکەم ئاماژەى ڕوون بۆ جامانەى سور دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1909، ئەوەش لەهۆنراوەیەکدا کەباس لە شەڕێکى نێوان شێخ عەبدولسلامى دووەمى بارزانى و دەرەبەگەکانى خێڵى زێبارى دەکات، بۆیە ئەم بەڵگەیە دەیسەلمێنێ کەجامانەى سور پەیوەندى بەبیروباوەڕێکى شۆرشگێڕانەو هەلومەرجێکى دیاریکراوەوە هەیە.
ئەگەر چى لەو سەردەمەدا بارزان چواردەورى بە نەیار تەنرابوو، بەردەوام هەڕەشەى لەناوچوونى لەسەر بووە لەلایەن خێڵەکانى زێبارو سورچییەکان و شێخ نشینى لۆلانى، بەڵام پێداگرى بارزانییەکان لەسەر بەهاکان، هەیبەت و هیمەتى زیاترى پێدان بۆ ململانێیەک تاوەکو توانییان زۆربەى جوتیارە چەوساوە و کەمدەرامەتەکان بەلاى خۆیاندا کێش بکەن، سەرئەنجام جوتیارەکەن بەپشتیوانى شێخەکانى بارزان سەرکەوتنى یەکلاکەرەوەیان بەسەر دەرەبەگ و چینى باڵاو دەوڵەمەندەکانى زێباردا بەدەستهێنا.
شێخ عەبدولسلام بەرنامەو پرۆژەى خۆى بەهەندێ ڕووخسارى دەرەکى سەقامگیرکرد، چونکە ژمارەى شوێنکەوتووەکانى ڕۆژ لەدواى ڕۆژ زیادى دەکردو تادەهات زیاتر پشتیوانى هەژارەکانى بەدەست دەهێناو ئەستێرەى سەرووتر دەکەوت، بۆئەم مەبەستەش جامانەى سورى کردە دروشمێک بۆ پەیڕەوەکانى.
هەڵبژاردنى ئەم دروشمە پەیوەندى بەو هەلومەرجەوە هەیە کە تێیدا تەکییەى بارزان ئەوەندە لەخۆى دڵنیابوو کەترسی ئاشکرا کردنى بیروباوەڕى خۆى نەمابوو، بۆیە جامانەى سوریان کردە ماناى دواى هێنان بەسەردەمى شاردنەوەى بیروباوەڕو چوونە نێو سەردەمى ئاشکراگەرى.
لە ئێستاشدا جامانەى سور لاى بارزانییەکان نەک بریتییە لەڕەمز و نیشانەیەکى شۆرشگێڕى بەڵکو بەموقەدەسیش کراوە، ئەوان پێیانوایە ئەوە ڕەمزە بۆ میللەتێک، بۆیە بینیمان لە خۆپیشاندانەکانى 17ى شوبات کەبووە هۆى کوژران و برینداربوونى ژمارەیەک لە هاوڵاتیان، سەرۆکى هەرێم ئامادەى هیچ جۆرە هەڵوێست وەرگردنێک نەبوو، تائەو کاتەى لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە جامانەسورەکە سوتێنرا، ئەو کاتەیش ڕایگەیاند کەجامانەى سور کلتور و بەهاى گەلى کوردە و پێویستە ئەنجامدەرانى بدرێنە دادگا.