01/10/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
سەردانی جبووری بۆ هەرێم کوردستان
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە رێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی كوردستان و لە لایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەممەد پێشوازی لێكرا. دواتر لە فرۆكەخانەوە بەرەو پەرلەمانی كوردستان رۆیشت و لە لایەن سكرتێر و بەشێك ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیان لێكرا.
لە پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەیەك لە نێوان شاندی پەرلەمانی كوردستان و عێراق ئەنجام درا كە زیاتر پەیوەندی بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق بوو.
چەند پەرلەمانتارێك بایكۆتی ئەم دانیشتنەیان كرد و پێشوازیكردن لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق یان بە ڕەوا نەزانی.
هۆكاری ئەو بایكۆتەیان بۆ ئەوە گەراندنەوە كە بەغدا بە گەمارۆ ئابوورییەكەی كە خستویەتە سەر هەرێمی كوردستان كێشەی زۆری دروست كردووە و تەنانەت لە ئاستی كۆمەڵایەتی. هەر بۆیەش قەڵادزەیی پێی وابوو كە ئەوە هەڵوێستێك بوو كە دژی رەوانەنەكردنی موژە و بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نواندمان.ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە حكومەتیش لەو بارەوە هەڵوێستی توندتر بێت.
دوای كۆبونەوەی نێوان سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش بۆ دوو لایەن رێكخرا كە تیایدا یوسف محەمەد گوتی: "هەر دوو لامان هاودەنگین لەسەر چارەسەری كێشەكان و ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە لە نێوانمان بە ناڕونی و ناتەواوی ماوەتەوە یەكلا بكرێتەوە.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێی وابوو كە ئەو گرفتانەی لە عێراق هەیە كاریگەریی بووە لەسەر ئەو كێشانەی لە نێوانماندا هەیە و هۆكاری كۆی ئەو گرفتانەشی بۆ سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە عێراق گەراندووە و رایگەیاند: پێویستە سیستەمی حوكمڕانی عێراق بە شێوازی نوێ بەڕێوەببردرێت.
یوسف محەمەد گوتیشی: "لە كۆبونەوەكەدا باسمان لە رەوشی پەنابەرانیش كرد و پێمان وایە ئەوانە میوانی ئێمەن و تا بتوانین یارمەتیان دەدەین، بەڵام ئەوە لە توانی ئێمەدا نییە و حكومەتی ناوەندی دەبێ لەو بارەوە هەنگاوی پێویست بنێ."
لە كۆبونەوەكەدا هەورەها باس لە چۆنیەتی هەماهەنگی و مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشممەرگەی كوردستان كراوە و بە پێی گوتەكانی یوسف محەمەد هەر دوو لایەن هاوڕابوون لەسەر ئەوە پێشمەرگە توانیویانە ئاسایشی بۆ زۆریەك لە ناوچەكانی عێراق بگێرنەوە و ئەو بۆشایەی پڕكردۆتەوە كە سوپای عێراق بەجێیان هێشتووە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها باس لە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراوە و دوو لایەن پێیان وابوو كە ناكرێ قوتی خەڵك وەكوو سزای سیالسی بەكاربهێنرێ و دانوستانیش لەسەر ئەو بنەمایە بكرێ.
دوولایەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كورستان هاوڕابوون لەسەر ئەو رێگە نەدرێ كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا درزێكی گەورەی كۆمەڵایەتی نێوان گەلانی عێراق دروست بكات.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش گوتی: "ئێمە هاتووین بۆ ئەوی پرسە جیاوازەكانی نێوانی هەر دوو لامان تاوتوێ بكەین و بەڵێنیش دەدەین كە ئەو كێشانە چارەسەر ببن."
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "بەڵێن دەدەین كە ئەو رێككەوتنامانە جێبەجێ بكەین كە لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەیە و هاتنەوەی كورد بۆ بەغدا و بەشداری لە حكومەت بە پێویست دەزانین."
سەلیم جبووری سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئەو رێكخراوەشی بە هەڕەشەیك بۆ سەر هەموو لایەنەكان لە قەڵەمدا بە كەمینە نەتەوەیەكانیشەوە و بە پێویستی زانی ئەوانیش لە بەڕێوەبردنی وڵات بەشداربن.
جبووری سوپای حكومەتی هەرێمیش كرد بۆ وەرگرتنی ئەو ئاوارانەی كە روویان لە هەرێم كردووە.