گەر بمانەوێت باس له لەدایكبوونو تەمەنی پەکەکە بکەین، ئەوا نوسینی زیاتر لەچەند کتابێکی پێویستە چونکە پەکەکە هێندە دەریایەکی مەزنە، زەحمەتە بتوانین بەنێو هەموو قوڵاییەکانیدا ڕۆبچین وگشت جوانیەکانی ببینین، بۆیە لێرەدا باس لەدڵۆپێکی ئەو دەریایە دەکەم وبەهیوام ئەو دڵۆپەشم وەك خۆی بینیبێت.
لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە جیهان بە سەر دوو جەمسەردا دابەش کرابوو ، جەمسەری کاپیتالیزم کە ئەمریکا نوێنەرایەتی دەکرد و جەمسەری سۆشیالیزمیش یەکێتی سۆڤیەت ، هەرکام لەم دوو نوێنەرە دەیانویست سەنگی جیهان بەلای خۆیاندا پەلکێش بکەن ، بۆ ئەم مەبەستەش جەنگی ساردیان بەرپاکرد ، لەو سەردەمەدا تەواوی میللەتانی دونیا پێویستیان بەوە بوو لە جەمسەرێکدا خۆیان بەرجەستە کەن ، ووڵاتی تورکیش یەکێك بوو لە و ووڵاتانەی پشتیوانی سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکای دەکرد وسەر بە جەمسەری کاپیتالیزم بوو ، تا دەهات لەو وولاتە دۆزی کورد بە لاڕێدا دەبراو بیری نەتەوایەتی لە هزری هاونیشتمانیانی کورددا دەسڕایەوە ، ئەویش بە فشاری قەدەغە کردنی زمان وپاکتاوکردنی ڕەگەزی ولە ناو بردنی بیری نەتەوایەتی وبڕینی تەواوی سەرچاوەکانی ژیان ومافی هاوڵاتی بوون .
لەساڵانی حەفتاکاندا ( عبدوڵا ئۆجەلان ) هەستی بەتەواوی ئەو مەترسیانە کرد کە لە لایەن دەوڵەتی نەتەوە پەرستی تورکەوە لە ئارادان ، بۆ سڕینەوەی کلتورو زمان وخاك ونەتەوەی گەلی کورد.
بۆیە بیری کردەوە دەبێ میللەتی کوردیش لە گەڵ جیهاندا ڕێ بکاو، لەو جەمسەرانە دانەبڕێت کە تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەسەردا دابەشکراوە .
ئەو لەوە تێگەیشتبوو کە ئەمریکا هیچ کاتێك لە گەڵ سەربەخۆیی ومافی هاوڵاتی بوونی گەلی کورددا نەبووە و نابێ ، بۆ یە زۆر بەتوندی سیستەمی سەرمایەداری ڕەتکردەوەو ، ڕووی لە سۆشیالیزم کرد ، بەڵام بەو پێیەی لەو سەردەمدا سۆشیالیزمیش کۆمەڵێك گیرو گرفت ودابەشبوونی بەخۆیەوە دیبوو ، بڕیاری دا نەبێتە تەرەفی هیچ جەمسەرێك وبەتەنهاو تەنها هەوڵ بۆ سەر خستنی خوودی سۆشیالیزم بدات ، بە واتای ئەوەی تەواوی چین وتوێژەیەکانی کۆمەڵگا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست مافیان پارێزراو بێت ولە نێویشیاندا کوردی بە ئامانج گرتبوو.
ئامانجی سەرۆك ئاپۆبە تەنها کێشەی کوردان نیە ، ئەو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت وهەوڵ بۆ ئازادکردنی تەواوی ئەو میللەتانە دەدات ، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کەوتونەتە ژێرستراتیج وداگیرکاریەکانی ئیمپریالیزم ، لە نێو ئەو میللەتانەشدا کوردی بە بنەما وەرگرتووە ، چونکە ساڵەهای ساڵە کورد لە ژێر کۆلۆنیالیزمی عەرەب و فارس وتورك ژێر دەستەیەو هەوڵی لە ناوبردن وسڕینەوەی دراوە .
بۆ ئەم مەبەستەش ساڵی ١٩٧٨پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk) ی دامەزراند .
لە سەرەتاوە بە کاری سیاسی دەستی پێکرد ، بە ڵام لە ساڵی ١٩٨٤بە ناچاری بووە ڕێکخراوێکی چەکداری ، ئەویش لە ئەنجامی ئەو هەموو زوڵم ستەمکاریانەی کە بە درێژایی ٩٠ ساڵی رابردوو لە لایەن دەوڵەتی نەتەوە پەرستی تورکەوە دەرحەق بە میللەتی کورد ئەنجامدراون .
کاتێك کە خەباتی سیاسی ومەدەنیان لە شاردا کەوتە ژێر فشارەوە ، بە ناچاری ڕوویان لە قەندیل کرد وبە هەزاران ژن وپیاو بوون بەگەریلا.
ئایدۆلۆجیای پەکەکە لە سەر بنەما شۆڕش گێڕیەکانی مارکیسیزم - لینینیزم ونەتەوە خوازی کوردی دامەزرێنرا ، وە ئامانجیشی دروستکردنی دەوڵەتێکی سۆشیا لیستی بوو لە کوردستان .
کاتێك کە پەکەکە ڕێبازی سۆشیالیستی گرتە بەرو بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتێکی سۆشیالیستی دەکرد لە لایەن چەند دەوڵەت وڕێکخراوێکەوە بە تیرۆرست ناسێنرا ، لەوانە ئەمریکاو ناتۆو یەکێتی ئەوروپا
بەڵام کاتێك پرۆسەی ئاشتی بە دەستپێشخەری عبدوڵا ئۆجەلان لە تورکیا دەستی پێکرد ، یەکێتی ئەوروپا ناوی پەکەکەی لە تیرۆرستەوە گۆڕی بۆ چالاکوانان . بەڵام ئەمریکا بڕیاری خۆی نەگۆڕی ولە ساڵی ٢٠٠٧دا بۆ جارێکی تر وەك ویەکێك لە ١٢ڕێکخراوە تیرۆرستیە گەورەو چالاکەکانی جیهان ناساندیەوە
هۆکاری پشتیوانی نەکردنی ئەمریکا بۆ پەکەکە و بەتیرۆرست ناساندنی دەگەڕێتەوە بۆڕەتکردنەوەی ڕژێمی سەرمایەداری وچونە بەرەی سۆشیالیزمەوە .
بەر لە دروست بوونی پەکەکە بەدرێژایی ٩٠ ساڵ دەوڵەتی تورک هەموو جۆرە میکانیزمێکی گرتە بەر بۆ سڕینەوەولەناوبردنی بیروهۆشی نەتەوەیی کوردانی باکور.
ئەتاتورك هەمیشە دەیووت کورد نەتەوە نیەو ئەوان بە تورکی لە دایك بوونەو دەبێ تورك بن.
لە ساڵی ١٩٧٨ کاتێك پەکەکە دامەزراو هاتە نێو گۆڕەپانی سیاسی وچەکداریەوە ، هیچ پشتیوانیەکی نێو دەوڵەتی نەبوو، سەرباری ئەوەی کە خرابووە لیستی تیرۆرەوە ، بەڵام لە ئاستی جەماوەریدا تا دەهات وەکو دەریا شەپۆڵی دەداو گەشەی دەکرد ، لە ناوخۆی تورکیادا بە ئەندازەیەك تەقیەوە ، لە هەموو کوچەو کۆڵانەکانی کوردستاندا خەباتی سیاسی وڕێکخراوەیی دەستی پێکرد ، مرۆڤی کورد ئینتمای کوردبوونی بۆ گەڕایەوەو بە هەمووجۆرێك دژی ئیستبدادیەتی تورك وەستانەوە ، هۆشی نەتەوەیی وبیری ناسیۆنالیزم وەكوکانیاوی بەهاران ژیاییەوە ، پەیڕەوی زمان وکلتوری کوردان کرا بە ئامانج وشکست بە هەوڵەکانی تورک هێنرا بۆلە ناوبردنی زمان وبەلاڕێدا خستنی دۆزیی گەلی کورد .
ئەو بیرە ناسیۆنالیزمە بەهێزە پڕلە تینەی پەکەکە لەهزری تاكدا چەسپاندی ، بە درێژایی مێژووی خەباتی سیاسی وچەکداری و بیری نەتەوەیی لەهزری هیچ کەسێکدا درك پێ نەکراوە وهیچ شۆڕشێکی تر خاوەنی نیە تەنها پەکەکە نەبێ .
لە نێو ئەم تەڤگەرەدا ژنان وەكومرۆڤ مامەڵەیان لە گەڵدا دەکرێت وئازادی کۆمەڵگا بەستراوە بەئازی ژنەوە لە خەباتی شاخدا وەك پیاو گەریلان و لە شاریشدا وەك پیاو هاوسەرۆکن .
ئەقڵیەتی خێڵ وبنەماڵەوپاشاگەردانی ونۆکەری وبێگانە پەرستی لە نێو پەکەکەدا بوونی نیە ولە ئایندەشدا دروست نابێ ، چونکە بناغەی ئەم تەڤگەرە وا بنیاد نراوە ، کە هیچ دەسکەوتێك لای ئەوان لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وئازادی گەلی کورد مەزنترنیە ، وە هیچ خەڵاتێکیش لایان لە شەهید بوون لە پیناوی ئەو ئازادیەدا گەورەتر نیە .
لە ئەنجامی خەباتی سیاسی وشۆڕشگێڕی پەکەکەدا ، گەورەتین سیمبوڵی ئاشتی وئازادی دروست بوو، لە ئاشتیدا ئەگەر ماندێلاو لە شۆڕشیشدا ئەگەر گیڤارا نمونەی بێت .
سەیر نیە کە دەبینین ئەم تەڤگەرە لە نێو خوێنی زیاتر لە ٢٥ملیۆن کەسدا دێت ودەچێت وبەردەوامیش گەشە دەکات ، چونکە بەرخۆدانی سەرۆك ئاپۆلە زیندان و شەهید بوونی هەزاران کەس وتیرۆر کردنی سەدانی تر ، ئەوەدێنێ کە تەواوی میللەتی کورد بچنە ئەو ڕێبازەوەو هەوڵی سەرخستنی ئەو بیرە ناسیۆنالیزمە پڕلە شکۆیە بدەن .
لە دایك بوونی پەکەکە گەورەترین ومەزنترین دیاریە کە سەرۆك ئاپۆ وهەڤاڵانی تری ئەو ڕێبازە پێشکەشی دۆزی کوردیان کردوە ، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموومانە ، هەوڵ بۆ درێژی تەمەنی ئەو ڕێبازە بدەین ، تا ئەوساتەی گەلی کوردبەمافە ڕەواکانی خۆی دەگات ، چونکە پەکەکە تەڤگەرێکی لۆکاڵی وموڵکی تەنها ناوجەیەك وچەند کەسێکی نێو بنەماڵەیەك نیە ، بەڵکوزمانحاڵ ونوێنەری ڕاستەقینەی تەواوی میللەتی کوردە لە باکورو باشورو ڕۆژئاواو رۆژهەڵاتی کوردستانی گەورە .