​هاتوچۆی سلێمانی: ئاماری ڕوداوەكانی هاتوچۆی ڕۆژانی جەژن بڵاودەكاتەوە
08/10/2014 نوسەر: bzavpress

​هاتوچۆی سلێمانی: ئاماری ڕوداوەكانی هاتوچۆی ڕۆژانی جەژن بڵاودەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماری ڕوداوەكانی ڕۆژانی جەژنی قوربانی ئاشكراكرد و بە پێی ئامارەكەش لە 15 ڕوداوی جۆراوجۆری هاتوچۆدا 16 كەس برینداربوون و هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدانیش تۆمار نەكراوە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاند سازکرا بوو ئاماری سەرجەم ڕوداوەكانی هاتوچۆی ڕۆژانی جەژنی قوربان بۆ ڕاگەیاندنەكان خرایەڕو.

مولازم بەهمەن عەبدوڵا ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكەدا وتی" لەماوەی هەر چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا 15 ڕوداوی هاتوچۆ تۆمار كراون كە 8 ڕوداویان لە شەقامەكانی ناوشار ڕویانداوە و 7 ڕوداویشیان لە ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی شاردابوون و ژمارەی بریندارانیش بەهۆیانەوە 16 هاوڵاتی بوون و هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدانیش بوونی نیە".

وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی وتیشی" بە بەراورد بە جەژنی قوربانی ساڵی ڕابردو ڕوداوەكانی هاتوچۆ زۆر كەمیان كردوە چونكە لە ساڵی ڕابردودا 20 ڕوداو تۆمار كرابوون و 30 بریندار و 4 مردنیش بوونی هەبووە ئەمەش بەڵگەی هۆشیاری هاوڵاتیان و ماندووبونی كارمەندانی هاتوچۆ و گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانەیە كە بۆ كەمكردنەوەی ڕوداوەكان گیراونەتەبەر".

وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی باسی لەوەش كرد كە لە ناو ڕوداوەكانی هاتوچۆدا پێكدادانی ئۆتۆمبێل و وەرگەڕان و لە دەستدانی كۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێل بوونی هەیە بەهۆی لێخوڕین بە خێرایی نایاسایی و مەیخواردنەوە و جۆری دیكە سەرجەم ڕوداوەكانیش پشكنینی هێڵكاریان بۆ كراوە و ڕێكارە یاساییەكانیش گیراونەتەبەر.

وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی كامێراكانی چاودێری كرد لە كۆنتڕۆڵ كردنی شەقامەكان و هەروەك ئەوەش خرایەڕو كە لە ڕۆژانی جەژندا 40 ئۆتۆمبێل بەهۆی سەرپێچیەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر.