ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە کودەتای سەربازیی بەسەر دەسەڵاتی خەڵکدا لە میسر
09/07/2013 نوسەر: bzavpress

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان سەبارەت بە کودەتای سەربازیی بەسەر دەسەڵاتی خەڵکدا لە میسر

ڕێکخراوی  خەباتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکیدا کە کۆپیەکی بۆ بزاڤ نێراوە، هەڵوێستی خۆی لەمەڕ  کودەتاکەی میسر روون دەکاتەوە  ئیدانەشی دەکات

دەقی بەیاننامەکە..

بسم اللە الرحمن الرحیم

هێز و لایەنە ئازادییخوازەکان!

ڕێبوارانی ڕێگای ئازادیی و مافە ئینسانییەکان!

شۆڕشی گەلی وەزاڵەهاتووی میسر، کە لە ٢٥ی ژانویەی ٢٠١١ دژی ڕژیمی دیکتاتۆری (حوسنی موبارەك) سەریهەڵدا، خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ لە ناوچەکە و جیهاندا بوو، گوڕێکی گەورەی بە گەمیەی خەباتی مافخوازانەی گەلانی ژێردەستە دا و، دەستکەوتی زۆری بۆ خەڵکی میسر لەگەڵ خۆی هێنا. یەکێک لە دەستکەوتە دیارەکانی ئەو ڕاپەڕینە هێنانەکایەی کەشێکی ئازاد بوو تا خەڵک بتوانن سەربەستانە و سەربەرزانە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دوور لە هەموو ترس و تۆقاندنێک بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی و داهاتووی ژیان و سیستمی دەسەڵات و دەستووری وڵات و نوێنەران و سەرۆککۆماری خۆیان بدەن.

لە دۆخی ئازاد و ئارامی دوای راپەڕیندا خەڵکی میسر لە چەند قۆناغی بە دوا یەکدا بە دەنگی خۆیان پەرلەمانێکیان هەڵبژارد کە تێیدا هێزە ئیسلامییەکان زیاتر لە ٧٠%ی دەنگەکانیان هێنا، هەروەها سەرۆککۆماریان هەڵبژارد کە لەویشدا دوکتۆر (موحەممد مورسی)، کاندیدی (حیزبی ئازادیی و عەداڵەت)، بە ڕێژەی ٥٢%ی دەنگەکان ڕەوایی دەسەڵاتی خۆی لە دەنگ و ئیرادەی خەڵکەوە وەرگرت. هەر لە درێژەی سەرکەوتن بەرەو سیستمێکی خەڵکیی و خاوەن دامەزراوەی بەڕێوەبەریی لە پرۆسەیەکی پاك و ئازاددا دەستووری تازە خرایە دەنگدانەوە کە بە ڕێژەی ٦٥%ی دەنگەکان متمانەی خەڵکی وەرگرت و پەسەند کرا.

دەسەڵات و سەرۆکی تازەی میسر بە هاتنەسەرکاریان بوونە میراتگری ڕژیمێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ و سیستمێکی سیاسیی لاواز و کۆمەڵگەیەکی پڕ دەرد و بەڵای جۆراوجۆر. وەک ئەنجامی هەر راپەڕینێکی جەماوەریی دوای سەرکەوتنی شۆڕش و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی نوێ دەبوو میسریش بە قۆناغێکی تازە و هەستیاری سیاسییدا تێپەڕێ. لە ماوەی یەک ساڵی سەرۆکایەتیی محەممەد مورسیدا لەلایەن پاشماوەکانی ڕژیمی پێشوو و لایەنە نەیارە نێوخۆییەکان و لەوانیش بەرچاوتر هێزە دەرەکییە نەیارەکانی سەربەخۆیی میسر و ئازادیی خەڵکەکەی بە هەموو شێوە و جۆرێك کۆسپ و لەمپەریان لەبەردەم حوکم و بڕیار و بەرنامەکانی دەسەڵاتی تازە و هەنگاو و هەڵوێستەکانی سەرۆکی هەڵبژێراو دانا. ناحەزان و نەیارانی ئەو پڕۆسە دێموکراتییە بە پیلە و پیلان ڕێگەیان نەدا محەممەد مورسی کات و وزەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی گرفت و دژوارییە زۆر و زەوەندەکان و باشترکردنی باری نالەباری ئابووریی وڵات و دامەزراندنی سیستمێکی پتەوی دەسەڵاتداریی تەرخان بکا و ویست و ئامانجەکانی راپەڕینی میسر بێنێتەدی. سەرەنجامی ئەو گشتە پیلانانە ئەوە بوو ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٢ (٣/٧/٢٠١٣) لە کودەتایەکی سەربازییدا دەسەڵاتی خەڵکیی و دێموکراتی میسر ڕووخێندرا و سەرۆککۆماری هەڵبژێراوی ئەو وڵاتە، موحەممەد مورسی، لەسەر کار لابرا. هاوکات کارکردن بە دەستووری جێپەسەندی خەڵک پەکخرا و هەڵمەتی گرتن و ڕاوەدوونانی بەرپرسانی دەسەڵات و سەرکردە و لێپرسراوانی حیزبی ئازادیی و عەداڵەت و کۆمەڵی (ئیخوان موسلمین) و چالاکانی مەدەنیی دەستی پێکرد و چەندین تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و ناوەندی ڕاگەیاندن داخران و ڕێگەی بڵاوبوونەوەیان لێ گیرا.

ئێمە لە ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان زۆر بە توندیی ئەو کودەتا سەربازییە مەحکووم دەکەین و بە کردەوەیەکی دژە ئازادیی و دێموکراسیی و، پێچەوانەی ویست و مەبەستی خەڵك و، بە بێڕێزییکردن بە دەنگ و ئیرادەی ئازادییخوازانی ئەو وڵاتە و هەنگاوێک بەرەو دیکتاتۆریەتی دەزانین و، ترس و نیگەرانیی خۆمان لە ئەنجامەکانی ئەو بڕیارە و گەڕانەوە بەرەو سیستمێکی ستەمکار دەردەبڕین. هەر بۆیە هیوادارین بە پێچەوانەی تێگەیشتنی ئێمە ئەنجامدەرانی ئەو کودەتایە، هەر وەک بۆ خۆیان بانگەشە دەکەن، لە دەسەڵاتی تازەی کاتیی میسردا بەرپرسانە مامەڵە بکەن و خۆ لە خوێنڕێژیی و پێشێلکردنی ئازادییەکان ببوێرن و لە جیاتی ئەوە ئازادیی و ئارامیی و نان و پێویستییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک دابین بکەن.

ئێمە لەگەڵ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرانبەر ئەو کردەوە دژە ئازادییە، دەبێ بڵێین جێگەی خۆشحاڵییە کە تا ئێستا ئەو کودەتایە تا ڕادەیەک بەبێ خوێنڕشتن تێپەڕیوە، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییەش بڵێین کە هۆی ئەوەش هەر بۆ سیاسەت و بەرنامە و هەڵوێستە ئاشتییخوازانەکەی (مورسی) و دەسەڵاتەکەی دەگەڕێتەوە کە بیانوو و پاساویان بەدەست کودەتاچییانەوە نەدا تا بە خوێن و خوێنڕێژیی کودەتاکەیان بکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا بە پێویستی دەزانین سەرنجی هەموو لایەك بۆ چەند خاڵ ڕابکێشین:

- وردبوونەوە لە ڕەوتی ڕووداوەکان و تۆکمەیی بەرنامەی کودەتاکە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی دەریدەخەن کە پانتایی پیلانەکە زۆر گەورەیە و سنوورەکانی میسر و ناوچەکەش تێدەپەڕێنێ. پێشوازییکردن و پیرۆزبایی گوتن، یا لە "بێلایەنانەترین" هەڵوێستدا مەحکومنەکردنی ئەو کودەتایە، لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و زلهێز و دەستڕۆیشتووەکانی دوور و نزیك ئەو ڕاستییە بە جوانیی نیشان دەدا.

- ئەو ڕووداوە لە جۆری خۆیدا بێوێنە و بێ پەیوەندیی بە ڕابردوو و داهاتووەوە نییە. پێشتریش لە جەزائیر و چەند وڵاتێکی دیکە بە هەمان شێوە هێزی ئەرتەش و لایەنگرانیان بە کودەتا و پیلانی هاوشێوە دەنگ و بانگی دێموکراسییانەی خەڵکیان کپ کردووە و ئیرادەی ئازادییخوازیی ئازادییخوازانیان پێشێل کردووە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە ئازادانەکانیان قبوڵ نەکردووە. ساڵی ١٩٩٢ دیتمان لە جەزائیر هەرچەند (بەرەی نەجاتی ئیسلامیی) زیاتر لە ٨٢%ی دەنگەکانی بۆ پەرلەمان وەدەستهێنا، کەچی ئەرتەشی ئەو وڵاتە بە هاندان و پشتیوانیی دەرەوە سیناریۆیەکی دزێو و دژە ئینسانییان وەڕێخست و کودەتایان کرد و، ئاشی خوێن و کوشتاریان وەگەڕخست و، هەزاران کەسیان کردە قوربانیی و، وڵاتەکەیان تووشی دەردێك کرد کە تا ئێستاش بە دەستیەوە دەناڵێنێ.

- بە لەبەرچاوگرتنی شوێن و پێگەی سیاسیی و جوگڕافیایی میسر و شوێندانانی ڕاپەڕینی خەڵکی ئەو وڵاتە لەسەر ناوچەکە، بەڕێوچوون و سەرکەوتنی ئەو پیلانە کاریگەریی نەرێنیی بۆ سەر بزووتنەوەی ئازادییخوازیی لە جیهان و ناوچەکە دەبێ و، هاوکات لە بەرژەوەندیی و قازانجی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و سەرەڕۆکانی ناوچەکە، بە تایبەتییش ڕژیمی تاران و دەسەڵاتی دیکتاتۆری نیوەگیانی سوریە و هاوشێوەکانیان، تەواو دەبێ.

- جێگەی داخ و نیگەرانییە کە ئەگەر ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ میسری تێکەوتووە هەر بەو ئاڕاستە و ئاقارە نەخوزراوەدا بڕوا و، دەسەڵاتدارانی تازەی ئەو وڵاتە ئاوا بێباکانە دەنگ و داوای زۆرینەی خەڵك بەهێند نەگرن و، هەروا سەرەڕۆیانە لە هەوڵی پەراوێزخستنی زۆرینەدا بن، بێگومان مەترسی گەورەی بۆ سەر ڕەوتی راپەڕینە مافخوازەکان و پرۆسەی بەرەو دێموکراسییچوونی میسر و داهاتووی خەڵك و خاکەکەی هەیە.

ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

کومیتەی ناوەندیی

١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٢ی ک. هـ (٤/٧/٢٠١٣ی ز)