بەهۆی نەوشیروان مستەفا، دۆستەكانی لەدەستدا
12/07/2013 نوسەر: bzavpress

بەهۆی نەوشیروان مستەفا، دۆستەكانی لەدەستدا

محەمەدی حاجی مەحمود پشتی دوژمنی دوژمنەكەی گرت

كاكە حەمە مشتومڕی دروستكرد

محەمەدی حاجی مەحمود كە بەسەركردەیەكی خاكی‌و یەكێك لەهەڵگیرسێنەرە دیارەكانی شۆڕشی نوێی بزافی رزگاریخوازی گەلی كورد لەكوردستانی باشوور ناسراوەو لەقۆناغەكانی پێش‌و دوای راپەڕینیش جیاواز لەسەركردەكانی تر دەركەوتووەو ئەمەش سروشتێكی جیاوازی پێبەخشیوەو لای كۆمەڵگەی كوردی پێناسەی جیاوازی بۆ دەكرێت، هەڵوێستی ئێستای لەمەڕ بارودۆخی سیاسی كوردستان مشتوموڕێكی زۆری لەنێو كۆمەڵگادا دروستكردووەو زۆرێك لەحزبەكانی كوردستانیش سەرسامن بەوەی كە ناوبراو لەقۆناغێكی وا هەستیاردا هەڵوێستی پێچەوانەی هەیە.
لەپاش رووداوەكانی 17ی شوبات كە چەندین قوربانی لێكەوتەوە، هەرێمی كوردستان چووە قۆناغێكی ترەوەو هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەتەواوی بۆ جەماوەر روونبووەوەو دەركەوت كێ لەگەڵ دەسەڵاتەو كێ دژییەتی، بەنمونە پێش ئەو بەروارە كۆمەڵێك حزب بەوێنەی "بزووتنەوەی ئیسلامی، سۆسیالیست، زەحمەتكێشان‌و چەندینی تر" جگەلەوەی لەحكومەت بەشداربوون هەڵوێستیان روون نەبوو، بەڵام پاش رووداوەكە ئەو پەردەیە لەنێوان جەماوەرو حزبەكاندا نەما.
سۆسیالیست: دنیا وایە دەبێت وابین
ئەوەی بووە مایەی سەرسامی زۆرێك لەجەماوەری كوردستان‌و چەند حزبێك‌و هەتا لایەنەكانی دەسەڵاتیش، هەڵوێستی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان‌و محەمەدی حاجی مەحمودی سكرتێری بوو، كە لەپێشتردا یەكێك بووە لەو سەركردانەی بەرەخنە بەردەوامەكانی جەماوەری توڕەی كوردستانی خۆشحاڵ كردووەو وەك پاڵپشتییەك بۆ داوا رەواكانی جەماوەر ناسراوە.
لەوبارەوە عەبدوڵڵای حاجی مەحمود ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ راگه‌یاندنی‌ ووت " كاروباری سیاسی لەهەموو دنیادا وایە كە گۆڕانكاری بەسەردا دێت".
كۆمەڵ سەیری بەكاكە حەمە دێت
بەڕای بەپرسانی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن جیاوازی هەڵوێستی محەمەدی حاجی مەحمود لەم قۆناغە هەستیارەدا مایەی سەرسامییە، هەروەك ئەوەی عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان به‌ راگه‌یاندنی‌ ووتدەڵێت "پێمان سەیرە كە لەكاتێكدا هاوڵاتیانی كوردستان لەسەر شەقامەكان دەكوژرێن‌و هێرش‌و پەلامار دەدرێن، كاكە حەمە بێهەڵوێستەو خۆی بەدژایەتیكردنی ئۆپۆزسیۆنەوە سەرقاڵ كردووە".
ئەگەرچی خودی محەمەدی حاجی مەحمود هەڵوێستی ئێستای بەنەگۆڕو بەرژەوەندی خەڵك دەزانێت، سەیری بەو لایەن‌و حزبانە دێت كە رەخنە لەهەڵوێستی دەگرن‌و پێیوایە كاتێك ئەو رەخنەی گرتووە زۆرێك لەوانەی ئێستا بونەتە ئۆپۆزسیۆن هاوبەشی ئەو گەندەڵی‌و ناعادلەتییەی حكومەت بوون كە تا ئێستا بەردەوامەو پێشیوایە كێشەی نێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن لەسەر پۆست‌و پارەیە. 
بۆ وەڵامی ئەو قسەیەی محەمەدی حاجی مەحمود، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەڵێت "گەر كێشەی ئێمە پۆست‌و پارەیە وەك ئەوان بەشداری حكومەتیان دەكرد، ئەوان لەبەر پۆست‌و پارە پشتیان لەمیلەت كردووەو جگەلەوەی بەشداری حكومەتن، بەرامبەر ئەو دۆخەی كە رووی لەهەرێمی كوردستان كردووە بێهەڵوێستن".
بەهۆی نەوشیروان مستەفا، دۆستەكانی لەدەستدا
محەمەدی حاجی مەحمودو حزبەكەی كە پێشتر لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوون‌و لەگەڵ چوار حزبەكە "كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و زەحمەتكێشان" نەیاری حكومەت بوون، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو و لەدەرەوەی پێشبینییەكان چووە بەرەی دەسەڵات‌و كەوتە دژایەتیكردنی ئۆپۆزسیۆن‌و هاوپەیمانانی، كە بەڕای زۆرێك لەچاودێران، جگەلەچەند هۆكارێك شەڕی كۆنە قینی نێوان كاكە حەمەو نەوشیروان مستەفای سەرۆكی بزووتنەوەكە هۆكاری سەرەكی بووە لەپێچەوانە بوونەوەی ئەو هاوكێشەیە.
لەمبارەوە سەرچاوەیەك لەحزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ راگه‌یاندنی‌ ووت "كێشەی كۆنی نێوان نەوشیروان مستەفای سەرۆكی بزووتنەوەی گۆڕان‌و محەمەدی حاجی مەحمود هۆكارێكی سەرەكییە لەهەڵگەرانەوەی هەڵوێستی كاكە حەمە".
لەسەردەمی خەباتی شاخداو لەگەرمەی شەڕو ناكۆكی حزبە چەكدارەكانی ئەوسای كوردستانی باشوور، نەوشیروان مستەفای جێگری ئەوسای تاڵەبانی‌و سەرۆكی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمودی ئەندامی سەركردایەتی ئەوسای سۆسیالیست‌و سكرتێری ئێستای ئەو حزبەوە دەستگیر دەكرێت‌و بۆ ماوەیەك زیندانی دەكرێت، بەڵام بەناوبژیوانی حزبی شیوعی ناوبراو هەڵدێت‌و لەوكاتەوە تائێستا ناكۆكی لەنێوان هەردوو ناوبراودا هەیە.
سۆسیالیست لەحكومەتەوە گۆڕانكاری دەكات
لەبارەی وتەی ئەو سەرچاوەیەی سۆسیالیست، عەبدوڵڵای حاجی مەحمود به‌ راگه‌یاندنی‌ ووت "نەخێر، ئێمە ئەو چاكسازییەی كە هەر كەس تێڕوانێكی جیاوازی هەیە كە حزبەكان بەجیاو رێكخراوە سیاسییەكان بەجیا، قەناعەتمان وایە لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەتوانین چاكسازی بكەین‌و ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی كوردستان ئەوە دەخوازێت بەو شێوەیە گۆڕانكاری بكەین، دەتوانین گەشە بەبنەمای ئابووری وڵات بدەین‌و تەبایی‌و یەكڕیزی گەلی كوردستان بپارێزین‌و ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان بگێڕینەوە".
كۆمەڵ هۆكاری هەڵگەرانەوەی سۆسیالیست دەزانێت
محەمەدی حاجی مەحمود كە پێشتر لەگەڵ عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌و سەڵاحەدین محەمەد بەهادینی ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی نەیاری حكومەت بوون‌و هەمیشە لەلێدوان‌و وتەكانیدا دژایەتی حكومەتی هەرێم‌و ئەو سیستمەی دەكرد كە لەهەرێمدا پەیڕەو دەكرێت، ئێستا لەهاوپەیمانەكانی بووەتە دژو دژایەتی ئەوان دەكات، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ لەو بارەوە دەڵێت "وەك ئێمە ئاگادار بین هۆكاری جیابوونەوەی سۆسیالیست لەهاوپەیمانێتی ئێمە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەوان مەرجیان بەسەر ئێمەوە دانا بۆ ئەوەی كە لەهەڵبژاردنەكانی تردا پێكەوە بین، بەڵام ئێمە راپرسیمان لەنێو خۆماندا ئەنجامداو ئەوەمان رەتكردەوە، ئەوەش یەكەمین خاڵی سەرەتای جیابوونەوەمان بوو، دووەمیش مەسەلەی پەرلەمان‌و بەشداریكردنی حكومەت بوو، بۆ نمونە ئێمە رامان گەیاند كە ئۆپۆزسیۆنین پێشتریش یەكگرتوو و گۆڕان ئەوەیان راگەیاندبوو".
سۆسیالیست وەڵامی كۆمەڵ دەداتەوە
عەبدوڵڵای حاجی مەحمود پێیوایە ئۆپۆزسیۆن بوونیان لەپێشترداو هاوپەیمانیكردنیان لەگەڵ كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و نەیاریكردنی دەسەڵات لەو كاتەدا، بارودۆخی كوردستان خواستویەتی، هەروەك دەڵێت " نەخێر ئێمە خزمەتكردنە، تێڕوانینی سیاسییە، لێكدانەوەی وەزعەكانە، وەك وتم لەم قۆناغەی ئەمرۆدا واباشترە بەو شێوەیە خزمەت بكەین‌و پێشتریش وایدەخواست".
یەكێتی‌و پارتی، سۆسیالیستیان بەلارێدا بردووە
بەڕای زۆرێك لەچاودێران، بەرژەوەندی ئەو حزبە لەپێشتردا وایكردووە كە هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن ببەستێت لەكاتێكدا ئەو حزبە هەمیشە لەبەرەی دەسەڵاتدا بووەو لەو چوارچێوەیەشدا توانیویەتی رەخنە لەگەندەڵی بگرێت، نەك وەك ئەوەی كە ئێستا باسی دەكەن‌و دەڵێن پێشتر سۆسیالیست‌و سەركردەكەی لەپێشەوەی ئەوانەدا بووە كە رەخنەی لەسیستمی سیاسی لەهەرێمی كوردستان گرتووە.
بەپێی زانیارییەكان، هۆكارێكی سەرەكی لەگۆڕانی هەڵوێستی سۆسیالیست‌و سەرۆكەكەی، دەگەڕێتەوە بۆ فشاری دەسەڵات‌و لەخۆگرتنی ئەو حزبە لەلایەن یەكێتی‌و پارتییەوە، لەوبارەوە عەبدولستار مەجید به‌ راگه‌یاندنی‌ ووت "حزبەكانی دەسەڵات وایان لەسۆسیالیست كرد هەڵوێستی بگۆڕێت‌و بەرامبەر دژایەتیكردنی هاوڵاتیان بێدەنگ بن‌و نوقەیان لێنەیەت، چونكە ئێمە لەپێشتردا یەكێتی‌و پارتی پێشنیاری پێدانی پارەیەكی زۆرو ئیمتیازاتی زۆریان پێدان لەبەرامبەر وازهێنان لەبەرەی نەیاری‌و بەشداریكردن لەحكومەت"
لەبەرامبەردا عەبدوڵڵای حاجی مەحمود ئەوەی رەتكردەوەو  "حزبی سۆسیالیست هەڵوێستی نەگۆڕاوەو لەگەڵ رووداوەكاندایەو بەپێی خواست‌و قۆناغەكان هەڵوێستی روونی هەیەو ئەوەی لەوباروە دەوترێت دوورە لەراستییەوە".
سۆسیالیست خەمی داهاتوویەتی
لەلایەكی ترەوەو بەپێی رای چاودێرانی سیاسی، ئەو گەمەیەی كاكە حەمە دەستی داوەتێ بۆ مانەوەی خۆی‌و حزبەكەی‌و پاراستنی بەرژەوەندییەكانییەتی، چونكە سۆسیالیست كە حزبێكی بچوك‌و كەم جەماوەرە، بەو جۆرە سیاسەتە نەبێت لەپرۆسەی سیاسیدا نامێنێتەوەو توانای بەشداریكردنی حكومەت‌و پەرلەمانی نابێت.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە كاكە حەمە لەئێستاوە بناغە بۆ داهاتووی دادەنێت‌و دەیەوێت بەم هەڵوێستەی مانەوەی خۆی لەپەرلەمان‌و حكومەت مسۆگەر بكات، بەجۆرێكی تر دەیەوێت لەئێستاوە یەكێتی‌و پارتی ناچار بكات لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا كورسی پەرلەمانی پێبدرێت‌و بەشداری حكومەتی پێبكرێت، چونكە هیچ كات ئەو حزبە توانای ئەوەی نییە بەتەنها كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش ئەوەی سەلماندو هیچ نوێنەرێكی نەیتوانی متمانەی جەماوەر بەدەستبهێنێت، هەر لەو رووانگەیەشەوە لەهەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ كۆمەڵ‌و یەكگرتوو كرد، چونكە بەشداریكردنی بەتەنها بێبەشیدەكرد لەپەرلەمان‌و بەشداریكردنی حكومەت.