13/07/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
گۆڕان " بۆ یهكێتی لهبهر رهمهزان خاترتان دهگرین
رێكخەری ژووری رۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ "لە رەمەزاندا كەمێك راگەیاندنەكانمان هێوردەكەینەوە". گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش دەڵێ "هەرگیز لەگەڵ شەڕی راگەیاندندا نەبووین".
شێركۆ حەمەئەمین، رێكخەری ژووری رۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (رووداو)ی راگەیاند: "سیاسەتی كەناڵەكانی گۆڕان هەمیشە رەخنەگرتن بووە لە گەندەڵی و خراپیی سیستمی ئیداری و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو سیاسەتەو چاوپۆشی لەو رووەوە ناكەین".
هەڵمەتی راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بۆ سەر یەكدی، دوای بڵاوكردنەوەی وتارە دۆكیۆمێنتییەكەی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیپێكرد لە هەفتەی رابردوودا، كە تێیدا رەخنە لە مام جەلال، سكرتێری گشتیی یەكێتی دەگرێت و تۆمەتباری دەكات بەوەی لەدوای رووخانی رژێمی بەعس "هەموو هەوڵێكی بۆ وەرگرتنی پۆست بووە"، هەروەها رەخنە لە ژمارەیەك ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەگرێت بەوەی "مەراییان" بۆ پارتی بەتایبەت مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كردووە تاوەكو لە یەكگرتنەوەی كابینەدا پۆستی وەزیر وەربگرن. سێ كاژێر دوای بڵاوكردنەوەی بەشێكی ئەم وتارە، مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی وەڵامی نەوشیروان مستەفای بە "هەمیشە بوختان و درۆ" دایەوە ئیدی لەو كاتەوە شەڕی راگەیاندن دەستیپێكرد.
سەبارەت بە راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندن لەسەر یەكدی، شێركۆ حەمەئەمین، رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "رەنگە بەهۆی مانگی رەمەزان و پیرۆزییەكانی ئەو مانگەو میزاجی هاووڵاتیان كەمێك راگەیاندن هێوربكەینەوە، بەڵام سیاسەتی رەخنەگرتنمان هەربەردەوام دەبێت".
گوتیشی: "راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندن تەنیا لەڕێی لایەنێكەوە نابێتو دەبێت لە هەموو لایەكەوە بێت".
لە لێدوانێكیشدا بۆ ماڵپەری snn ئازاد جندیانی، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، سەبارەت بە هەڵمەتی راگەیاندنی نێوان یەكێتیو گۆڕان و ئەگەری راگرتنی، رایگەیاندبوو "رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو دۆكیۆمێنتانەی بڵاوكردەوە و قسەی خۆیان كرد، رەنگە پێشیان خۆش بێت بێدەنگییەك دروست بێت، بەڵام ئێمەش دەبێت وەڵامیان بدەینەوە و قسەی خۆمان بكەین، ئەمەش مافێكی رەوایە و پێویستە بەرگری لە راستی و یەكێتییەكەمان بكەین".
گوتیشی: "هەڵمەتەكەیان گەیاندە ئاستێكی خراپ و دەست و دەمی خۆیان نەپاراست بە ئاراستەی هێرشكردنە سەر جەنابی مام جەلال، بۆیە بە ئەركی خۆمانی دەزانین راستییەكان بخەینەڕوو بۆ رای گشتی و ئەو فەوزایەی ناو حیزبەكەیان باس بكەین " .
گوتەبێژی یەكێتی جەختیشیكردەوە "هەمیشە لەگەڵ ئەوەدانەبووین شەڕی راگەیاندن هەبێت، بۆیە هەمیشە ماوەیەك دوادەكەوین لە وەڵامدانەوەیان بۆئەوەی بەڵكو هۆشیان بێتەوە لایان و وازبهێنن، بەڵام بە بەردەوامیی ئەوان، ناچاردەبین وەڵامیان بدەینەوە"