16/07/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ناوك كهوتن لەنێوان زانست و خورافەدا
گەرچی زانستی پزیشكی شتێك بە ناوی ناوك كەوتن و گرتنەوەی رەد دەكاتەوە،
بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان بڕوایان پێی هەیە و ئەوانەشی كاری ناوك
گرتنەوە دەكەن، پاساوی خۆیان هەیە، پزیشكێكیش جهخت لهوه دهكاتهوه كه
شتێك بە ناوی ناوك كەوتن لە زانستی پزیشكی نییە.
فایزە یوسف
تەمەنی (33) ساڵەو ئافرەتی ماڵەوەیەو ئاماژە بەوە دەكات كە خەڵكانێكى زۆر
ناوككەوتن بە راست دەزانن و بە هۆكاری جیاواز باسی ناوك كەوتنی خۆیان
دەكەن، بەڵام خۆی ئەوە رەد دەكاتەوە و دەڵێت "گەرچی لە كوردەواری خۆمان ئەو
دیاردەیە هەیە و زۆر كەس باسی دەكات، بەڵام من بڕوام بەو شتانە نییە،
لەبەر ئەوەی كەسێك خۆی فێری ئەو بەزمە بكات، ئیتر ناتوانێ هیچ كارێكی قورس
بكات، بەردەوام وادەزانێت ناوكی دەكەوێ گەر شتێكی قورس بەرز بكاتەوە، یان
جێبەجێی بكات، بۆیە من نە ئارەزوومەو نە تاقیشی دەكەمەوە، زۆر رقیشم لەو
شتانەیە كە كەسێك بەحاڵ نەخۆش بێت، پەنا بۆ هەموو خورافەیەك ببات".
بەڵام ئەحمەد محەممەدی تەمەن (45) ساڵ، یەكێكە لەو سەدان هاوڵاتییەی كە
بڕوای بە ناوك كەوتن هەیە، ئەو بە پێداگرییەوە دەڵێت "ناوك كەوتن خورافە
نییەو زۆر راستە و من بڕوام پێی هەیە، لەكۆنیشەوە نیشانەكانی ناوك كەوتن
دیاری كراوە، وەك ئەوەی ناو دەم تاڵ بێت و حەزی خواردن كەم دەبێت، بۆیە من
هەر كاتێك ناوكم بكەوێت، هەر دوو دەستم هەڵدەواسم و خۆم شۆڕ دەكەمەوە، دوای
ئەوەی یەك دوو بەیانی ئەو كارەم دووبارە كردەوە یەكسەر چاك دەبمەوە، ئەو
كاتەی شتی گران هەڵدەگرم دەزانم ناوكم دەكەوێت، بۆیە خێرا چارەسەری دەكەم".
ئامینە رەشید تەمەنی پتر لە (50) ساڵەو رۆژانە وەك خۆی باسیكرد، چەندین
كەس سەردانی دەكەن، ئەو دەڵێت "رۆژی وا هەیە زیاتر لە 10 ژن و پیاو دێن
سەردانم دەكەن، دەڵێن تاقەتمان نییە، ئەژنۆمان نەماوە، دیارە دەمی تاڵەو
خواردنى بۆ ناخورێ، یەكسەر دەزانم ناوكیان كەوتووە، بۆیان چارەسەر دەكەم،
بەڵام بۆ پیاوەكان كەمتر ئەوە دەكەم و خزم و ناسیاوی خۆمان نەبێت، سەیری
ناكەم، بەڵام هی ژنەكان هەموویان چارەسەر دەكەم".
ئامینە ئەوەشی
خستەڕوو كە "هەندێك كەس هەمان نیشانەی ناوك كەوتنی هەیە، بەڵام ناوكی
نەكەوتووەو نەخۆشە، واتە یان مەعیدەی تەواو نییە، یاخود هەنە دووگیانن،
بەڵام نەیانزانیوە".
لەبارەی چۆنیەتی ناوك گرتنەوەش گوتی
"دەستەكانم دەخەمە سەر ناوكیان، پاڵی دەدەم بەهێواشی، ئەگەر ناوكەكە
كەوتبوو ئەوا هیچ لەبن پەنجەی دەستم لێدان نییە كە هەستی پێ بكەم، ئینحا
دەگەڕێم بەولا و ئەولا، دواتر بەلای راست كەوتووە، یاخود چەپ دیاری دەكەم،
بەڵام ئەگەر بەلای سەرەوەی واتە لای مەعیدەی كەوتبوو، ئەوا مەعیدەی خواردن
نابات، بەڵام ئەگەر بەلای راست و چەپ بكەوێـت، ژان دەكەوێـتە ئەملاو ئەولای
وا هەست دەكات كلیەی ژان دەكات، منیش دەیهێنمەوە، هەموو كاتێكیش ناوك
ناهێتەوە، چونكە دەبێت بەیانی زوو بێت و نانی نەخواردبێت، ئینجا چاكی
بكەمەوە. بەگشتی من بەسێ جۆر دەتوانم ناوك بێنمەوە، جاریوایە بەدەست
ناوكەكە دەهێنمەوە، هێواش هێواش تا دێتەوە شوێن خۆی و بۆی دەبەستمەوە،
دەبێت كەمێك لە چیچكان دابنیشێت، ئیزنی نادەم تا هێلكەیەكی كوڵاو دەخوات،
ئەو كاتە نەخۆشەكە مەعیدەی خواردن دەبات، بەڵام دەبێت دوو سێ رۆژ لەسەر یەك
بێت، یاخود زۆر كەس هەن حەز ناكەن بە دەست ناوكیان بهێنمەوە، بە هەڵواسین
ناوكیان بۆ دەهێنمەوە، یاخود درێژی دەكەم هەر دوو دەستەكانی بۆ سەرەوە درێژ
دەكەم هەر دەستی بەجیا دوو سێ جار دەتەكێنم، ئیتر دوای دانیشتن خۆی هەست
دەكات كە پێكانی دەتەزێ، ناوكی دێتەوە شوێن خۆی، یەك دیناریش وەرناگرم،
دەستی خۆم كردۆتە شیفا و خێری پێ دەكەم بۆ خۆم" .
فارس حەسەن
یاريدەدەری پزیشكەو، رایوایە "بەهیچ شێوەیەك ناوك ناكەوێت"، گــــــوتیشی
"ئەم شتانە راست نین، بەڵكو تەشەنوجی لەش وادەكات، كەسێك هەست بە بێتاقەتی
بكات، یان هەیە سەرمای دەبێت دەڵێ ناوكم كەوتووە، بۆیە نازانێت هۆكاری
بێتاقەتی لەشی و نەمانی حەزی خواردنی چییە، بۆیە پەنا بۆ ناوك گرتنەوە
دەبات".
لەلای خۆیەوە دكتۆر كارزان بایز پسپۆڕی نەخۆشییەكانی
هەناو، جەخت لەوە دەكاتەوە كە شتێك بە ناوی ناوك كەوتن لە زانستی پزیشكی
نییە، گوتیشی " ناوك كەوتن لەدێر زمانەوە قسەیەكی باو بووە، كە كەسێك كەمێك
تامی دەمی تاڵ بێت و نانی بۆ نەخورێ، وایزانیوە ناوكی كەوتووە، بەڵام ئەمە
دوورە لە راستی، لەبەر ئەوەی زۆر نەخۆشی هەیە ئەم هۆكارانەی هەیە، ئەمەش
بەگوێرەی كەسەكە و نەخۆشییەكە دەگۆڕێت، بۆیە واباشترە، كاتێك هەر
نیشانەیەكی نەخۆشی هەبوو راستەوخۆ سەردانی پزیشك بكات بۆ ئەوەی لەلایەنی
تەندروستی خۆی دڵنیابێت.