من میوان نیم
24/07/2013 نوسەر: bzavpress

من میوان نیم


لە ئاسمانە نەهاتووم
من میوان نیم
من میوانی سێبەرقورسی کوردستان نیم
بەر لە مێژوو
کانییەک بووم، لێرە دەربووم
بەر لە مێژوو
ئاگرێک بووم لێرە هەڵبووم

بارکەن بڕۆن
کانیاوەکان جگە لە من
کەسێکی دی تێرئاو ناکەن
دارگوێزەکان
جگە لەمن
بۆ هیچ کەسیک، سێبەری خۆیان هەڵناکەن

بارکەن بڕۆن
زەوی ئێمە
دانی ئێوەی لێ شین نابێ
مێرگەکانمان
لە ژێر سمی گاڕانەکانتان وەل ئاگرن
تا دارتووشمان یاخی دەبن
جۆلانەیەک بۆ مناڵانتان ڕاناگرن
باربکەن!
میوەی درەختەکانمان کاڵە
ئاومان سوێرە
هەنگوینمان بە دەمتان تاڵە
بارکەن بڕۆن
بارکەن بڕۆن!