25/07/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
کورتەیەك لە ژیاننامەیمامۆستاموحەمەدمەلاسالح شارەزووری
ناوى تەواوى (موحەمەدى کوڕى مەلا ساڵحى کوڕى سۆفى ئەبوبەکرى کوڕى قادر)ە ، باوکى بە مەلا ساڵحى زارا ناسراوە کە یەکێکە لە پیاوە ناودار و بەڕێزەکانى ناوچەى شارەزوور، و خۆشى بە مەلا موحەمەدى شارەزوورى ناسراوە.
مامۆستا شارەزوورى لە ساڵى 1947ز لە گوندى (کەچەڵى) نزیک شارۆچکەى سەید سادق لە ناو هۆزى شێخ سمایلى لەدایک بوە.
لە ڕۆژى 15-12-1950ز ماڵیان باردەکات بۆ گوندى سەیدسادق کە ئەوکات تەنها چەند ساڵێک بو دروست بوبوو.
لە ساڵى 1954ز دەستى کردوە بە خوێندنى قورئانى پیرۆز تا ساڵى 1960 کە حکومەتى ئەو کاتەى عێراق بڕیارى دروستکردنى شەش قوتابخانەى ئیسلامى دەدات و یەکێکیان بەرى هەڵەبجەى شەهید دەکەوێت و مامۆستا شارەزوورى لەڕۆژى 22-9-1960 یەکەم وانەى تێدا دەخوێنێت.
پاش تەواوکردنى خوێندنى لە ڕۆژى 8-10-1968ز مامۆستا شارەزوورى لەتەمەنى 21 ساڵیدا ژیانى هاوسەرى پێکدەهێنێت و خێزانى یەکەمى دەگوازێتەوە بە ناوى (میناى کچى دەروێش ڕەشید).
مەلا موحەمەد بەوپێیەى کە کوڕە مەلا دەبێت خۆشى زانستە ئیسلامیەکانى تەواو کردوە خۆى تەرخان دەکات بۆ کارى مەلایەتى و لە 4-2-1974ز دەبێت بە مەلا لە گوندى(گورگەدەر) لە ناوچەى شارباژێر،
پاش هەڵگیرسانەوەى شەڕ لەنێوان شوڕشى کوردى و ڕژێمى بەعس لە هەمان ساڵدا باردەکات بۆ شارى سلێمانى و لە مزگەوتى (قەرەچێوار) لە گەڕەکى چوارباخ دەبێت بە پێش نوێژى ئەو مزگەوتە.
پاشان بەپێویستى دەزانێت بگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەى سەید سادق و لە بەروارى 9-9-1975ز بە سیفەتى پێشنوێژ دەگەڕێتەوە بۆ مزگەوتى گەورەى سەید سادق کە باوکى مەلاى هەمان مزگەوت دەبێت و لەوێ دەبێت بە وتاربێژ.
لە نیوەى ساڵانى حەفتاکان تا کۆتایی حەفتاکان کە حکومەتى عێراقی لە لوتکەى توانا و هێزیدا بو دەیویست گەلى کورد چاوترس بکات و لەو ڕۆژگارەى نا ئومێدى باڵى بەسەر کوردستان کێشابوو مامۆستا شارەزوورى مینبەرى کردبوە سەنگەرێک دژى داگیرکەر و ستەمکارى ڕژێمى بەعس و ڕۆژانى هەینى وتارى ئاگرینى دژى کارەکانى ڕژێمى بەعس دەدا و ورەى دانیشتوانى بەرزدەکردەوە و ڕاستى ئیسلامى بۆ ڕون دەکردنەوە.
وتارەکانى دووربون لە شێوازى کلاسیکى و چاولێکەری بەڵکوتارەکانى بەشێوەیەکى سەردەمیانە و زانستیانە بو کە تێیدا باسى لایەنى کۆمەڵایەتى و زانستى و بابەتە هەنوکەییەکان و بەشێکى وتارەکەى تەرخان دەرد بۆ بوارى ڕامیارى و بەبێ سڵەمینەوە پەنجەى دەخستە سەر کارە دزێوەکانى ڕژێمى بەعس و پەنجەى تۆمەتى بۆ درێژ دەکردن، بەتایبەت لە ساڵى 1977 کە گەرمەى وتارە ئاگرینەکانى مامۆستا شارەزوورى دەبێت و زۆرێک لە لاوانى شارەکانى سلێمانى و هەڵەبجە و پێنجوێن بۆ گوێگرتن لە وتارەکانى ڕویان تێدەکرد و وتارەکانیان تۆماردەکرد.
هەر لەو ساڵانەدا مامۆستا نوکى پێنوسەکەى خستە گەڕ و کۆمەڵێک پەرتوکى نایاب و گرنگى خستە بازاڕەوە کە بەپێچەوانەى زۆرێک لە مەلاکانى کوردستان گرنگیەکى زۆری بە بوارى زانست دەدا.
سەرانى بەعس هەراسان بوبون بەدەست وتارە کاریگەریەکانى و بەردەوام دەیانگرت و ئازاریان دەدا، لە یاداشتەکانیدا دەڵێت: "جارێک وتارێکى زۆر توند لەسەر سیاسەتى بەرەى نیشتیمانى خوێندەوە لە نوێژى هەینیدا هێرشێکى زۆرم کردە سەر ڕژێمى بەعس هەر لەو کاتەدا پیاوانى ڕژێم هاتن و لەگەڵ تەواو بونى وتارەکەمدا قۆڵبەستیان کردم تەنانەت نەیانهێش نوێژەکەى هەینیان بۆ بکەم بۆ ناچار باوکم نوێژە هەینیان بۆ کردم"
هەروەها دەڵێت: "هەر لەو کاتەدا بو بەدەنگەدەنگ چونکە ڕیزەکانى دواوە نەیاندەزانى چی ڕویداوە کەسێک بەناوى خاڵە شێخ قادر هەستا و گوتى: "بابە چپەچپی چیتانە مەلا موحەمەد لەنێوان خوا و بەعس گیرى خواردوە ئەگەر ناحەق ئەڵێ خوا ئەیگرى و ئەگەر حەقیش ئەڵێ بەعس دەیگرێ".
هەروەها لە یەکێک لە وتارەکانیدا کە لە سەید سادقەوە دەگوازرێتەوە بۆ سلێمانى مامۆستا دەڵێت: "جێگاى شانازیە کە لەماوەى 36 ڕۆژدا 6 جار گیرام و چواردەورى ماڵم گیراوە، دەیانەوێت من حەق نەڵێم نوکى قەڵەمەکەم بشکێنن بڕیاربێت ئێسقانەکانم بکەم بە قەڵەم بە خوێنى دەمارەکانم هەر ئیسلام بنوسم".
مامۆستا ماوەى 10 ساڵ بو خێزانى یەکەمى هێنابو منداڵیان نەدەبو بۆیە خۆشەویستى بۆ منداڵ وای لە مامۆستا شارەزوورى کرد لە بەروارى 19-3-1978ز خێزانى دوەمى هێنا کە ئەویش ناوى (مینا)بو بۆیە ناوى خێزانى دوەمى گۆڕى بە (هودا)، هەر لە هەمان ساڵدا سەفەرى حەج دەکات.
بۆ ئەوەى پاڵەپەستۆى گرتنى لەسەر کەم ببێتەوە و پشویەک بدات لەڕۆژى 21-5-1980 ماڵى بار دەکات بۆ شارى سلێمانى و لە مزگەوتنى (حاجى عەبدولڕەحمان بۆسکانى) دەبیت بە مەلا.
مامۆستا شارەزوورى پێشتریش چەند جارێک گیرا بو هەروەها هەڕەشە و گوڕەشەى زۆرى لێ دەکرا بەڵام ئەو لە ئاستى ترساندن و هەڕەشەکانى بەعس زۆر بێباک بوو، ئەو ئازایی و مەردایەتیەى واى کردبوو لەناو جەماوەردا ئەوەندە خۆشەویست بوبوو کەڕێزێکى بێ ئەندازەى لێدەگیراپاش بارکردنى بۆ سلێمانى ڕژێمى بەعس هەر بەدوایەوە دەبێت و کۆڵی لێنادەن و سەرەنجام لە شەوى 29-11-1980 لەلایەن (ملازم موحسین)ەوە دەستگیر دەکرێت، و ماوەیەک لەپێش دەستگیرکردنەکەى (شێخ جەواد خالێی) کە ئەندامێکى باڵاى حیزبى دەعوەیە دێت بۆلاى و داواى لێدەکات لە عێراق دەریبکات چونکە ڕژێمى بەعس فەرمانى لەسێدارە دانى بۆ دەرکردبوو، ئەویش دەریدەکات و دەیگەێنێتە ئێران،
ڕژێم لەسەرئەم کارەى مامۆستا شارەزورى دەستگیر دەکات و ڕەوانەى (ئەبوغرێب)ى دەکات و حەوت مانگ لەژێر ئازار و ئەشکەنجە بەسەردەبات، سۆندە و شەلاقە و کارەباى جەلادەکانى ئەمن نەیانتوانى چۆکى پێدابدەن.
ئەم ئازار و ناڕەحەتیانە بۆیە دەهاتنە سەر ڕێگەى چونکە حەق بێژ بوو ئەگەر بیویستایە دەیتوانى دەمى خۆى بگرێت و ژیان لە خۆى تاڵ نەکات بەڵام ئەو ژیانى شۆڕش گێڕی و پڕ دڕک و داڵى هەڵبژارد، بۆیە هەر لە یاداشتنامەکەیدا کە لە 17-3-1987 تەنها چوار مانگ بەر لەمەرگى خۆى نوسیویەتى دەڵێت: "دەینتان بەملم ئەوە مەلایەتى نەبو من کردم، تەوقى عەزراییل بو چوە گەردنم، هەتا ڕۆژى نوسینى ئەم یاداشتە 13 ساڵە من مەلام 13 پاروى ڕەحەتم نەخواردوە، هەناسەیەکی ئۆخەییم هەڵنەکێشاوە".
مامۆستا هەر لە زیندان بو لەڕۆژى 31-1-1981 هاوسەرى دوەمى (هودا)خان بەسەر منداڵەوە دەڕوات و خۆى و منداڵەکەى دەمرن و بۆ هەتاهەتایی یەکتر نابینن.
لەڕۆژى 20-6-1981 مامۆستا ئازادکرا، دەفەرمێت: "کە ئازاد کرام قژێکى درێژ و ڕیشێکى درێژ و ئاڵۆزاوم هەبوو پارەم پێنەبو، ڕۆشتمە حوجرەکەى زاناى گەورەم (مامۆستا مەلا عەبدولکەریمى مودەریس)، کەمنى بینى نەیناسیم وای زانى یەکێکم لە شێتەکانى مزگەوتى گەیلانى، بەڵام وتم مامۆستا گیان من محەمەدى مەلا ساڵحى شارەزووریم ئیتر سوپاسى خواى کرد کە ئازاد کراوم پاشان پەنجا دینارى پێدام، سوێندى لێخواردم نابێت سەر و ڕیش چاک بکەم ئابەم شێوەیە بڕۆمەوە بۆلاى باوکم، پاشان لە سلێمانى جێبێکم بینى شوفێرەکەى خەڵکى سەید سادق بو ناسراو بوو بانگم لێکرد وەڵامى نەئەدامەوە، نەیدەناسیم وتم: کاک (...) من مەلا موحەمەدم، ئیتر کابرا منى ناسیەوە بەهەردوو دەست کێشاى بەسەریدا وتى: مامۆستا مەلا موحەمەد ئەوە تۆیت؟ دڵی پڕبو".
لە ساڵى 1982 بەهاوکارى مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز و چەند مامۆستایەکى ئاینى تر ڕێکخراوێکى نهێنیان بەناوى (بزوتنەوەى زانایانى ئیسلامى تێکۆشەر) پێکهێنا، مامۆستان عوسمان عەبدولعەزیز کرایە ڕابەر، پاش ماوەیەک بەهۆى چەند هۆکارێکەوە بە ئامادەبونى زۆرینەى ئەندامانى ڕێکخراوەکە لە مزگەوتى (سەیوانى دووەم) لە شارى سلێمانى ڕێکخراوەکەیان هەڵوەشاندەوە.
ڕژێم بەردەوام چاودێرى دەکات بۆ کەمبونەوەى پاڵەپەستۆى سەرى لە ڕۆژى 21-12-1982 ماڵى باردەکات بۆ گوندى (قولەگیسکان)، و لەڕۆژى 12-2-1983 باردەکات بۆ گوندى (چنارەى پاڕەزان).
لەو کاتەدا شەڕى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى دەبێت و ئەوە بو یەکێتى کادیرێکى پارتى دەکوژێت بەناوى (جەزاى عەلى کاتب) و دەبێتە شەڕ لەنێوانیان هانا بۆ مامۆستا شارەزوورى دەبەن و مامۆستا ناوبژیوانى نێوانیان دەکات، بۆیە لە ئێستگەى شۆڕشەوە سوپاسى مامۆستا شارەزوورى دەکرێتلە 18-5-1983 ماڵیان باردەکات بۆ گوندى (چنگنیان) بەهۆى هێرشى ئێران بۆ سەر ناوچەى پێنجوێن مامۆستا بەناچارى ماڵى باردەکات بۆ شارى سلێمانى و لە مزگەوتەکەى پێشوى مزگەوتى حاجى عەبدولڕەحمان بۆسکانى دادەمەزرێتەوە.
ڕژێم زۆرى لێى بەداخ دەبن چونکە جگە لە دژایەتیەکانى بۆ ڕژێمى بەعس، ناوبژیوانى نێوان یەکێتى و پارتى کردبو، ئەوەبو بۆ خۆپاراستن لەدەستى ڕژێم باردەکات بۆ ناحیەى (ئاغجەلەر) و لەوێ دەبێت بە مەلاى مزگەوتى ئەو شارۆچکەیە.
لەوێ دەمێنێتەوە تا ساڵى 1987 پاشان لەترسى ڕژێم باردەکات بۆ ناوچەى (پشدەر و بتوێن) و کۆتایى تەمەنى لەو ناوچەیە بەسەر دەبات و لە گوندى (دواوەى) سەربە ناحیەى (سەروچاوە) نیشتەجێ دەبێت.
سەرەنجام لە ڕۆژى 25/7/1987 لە کاتێکدا لە تراکتۆر دەبێت تراکتۆرەکەیان وەردەگەڕێت و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات.
بەو شێوەیە مامۆستا مەلا موحەمەدى شارەزوورى نوسەر و زانا و تێکۆشەرى گەلەکەمان لەتەمەنى 40 ساڵیدا چاوەکانى بۆ هەتایى لێکدەنێت ئەم دنیا پڕ کوێرەوەری و دەربەدەریە جێدەهێڵێت و گیانى پاکى دەسپێرێت و لە گرتن و ڕاوەدونان و چەوسانەوە ڕزگارى دەبێت و لەمەراسیمێکى شایستەدا تەرمەکەى دەگەڕێنەوە بۆ شارۆچکەى (سیدێادق) لەوێ بەخاکى دەسپێرن.
بەم جۆرە چراى ژیانى ئەو پیاوە ناودارە کوژایەوە، بەڵام ناوبانگى هەر بە نەمرى مایەوە و لەناودڵی خەڵکى ئیسلام پەروەر و کورد پەروەردا دەژى و یادى دەکرێتەوە..