یڵدز: رێژەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جیهان زیادیكردوە
21/10/2014 نوسەر: bzavpress

یڵدز: رێژەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جیهان زیادیكردوە

وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز له‌باره‌ی ناردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان گوتی: "بڕیاربوو رۆژانە ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان روانەی بەندەری جەیھان بکرێت، بەڵام حاڵی حازر ئەو رێژەیە بۆ ٢٤٠ ھەزار بەرمیل زیادی کردووە و دوێنێ ١٨ ملیۆن بەرمیل نەوت روانەی بازاڕەکانی جیھان کراوە و ٢٥مین کەشتی لەوێ بار کرا."

یڵدز لە بارەی داعشەوە وتی "داعش نەتەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە سەرانسەری عێراق ئارامی و ئاسایشی ئەو وڵاتەی خستووتە ژێر مەترسییەوە و حاڵی حازر بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و ھەولێر بارودۆخەكە ئاسایی بۆتەوە، بەڵام ھەڕەشەكانی ئەم دوایەی داعش بوونە ھۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر پڕۆژە ئابووریی و وزەییەكاندا، كە ئەو كەسانەی سەرەتا لە دژی ئمیزاكردنی ئەو رێككەوتنانە بوون، ئێستا تێدەگەن كە ئەو رێككەوتنانە چەندە بە سوودن. چونكە رێككەوتنەكان ئەوە دەسەلمێنن كە نەوتی عێراق لەكوێ دەربھێنرێت ھی ھەموو عێراقە و نەوتی كوردستانیش تەنیا ھی كوردستان نییە و ھی ھەمووی عێراقە.

یڵدز لە وەڵامی لێدوانەکانی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە باکۆ کە گوتبووی (ناردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا بۆ قۆناغی چارەسەری ئاسانکاری دەکات و ئەگەر بێتۆ تورکیا ھەڵوێستێکی ستراتیژیکی نەنوێنێت ئەوا قۆناغی چارەسەری تووشی کێشەو گرفت دەبێت) گوتی: "بەلای منەوە ئەو جۆرە شرۆڤەکردنانە راست نین، چونکە ھەڵوێستی ستراتیژیکی تورکیا روون و ئاشکرایە و ھەڵوێستی تورکیا تەنیا لە بەرامبەر کۆبانێ نییە، بەڵکو لە بەرامبەر ھەمووی سوریایە."