لەدایكبونی پارتی چارە سەری دیموکراتی کوردستان (pcdk)
21/10/2014 نوسەر: bzavpress

لەدایكبونی پارتی چارە سەری دیموکراتی کوردستان (pcdk)


لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا خەڵکی کوردستانی باشور، کە بینیان پەکەکە خەت وڕێبازێکی سەربەخۆیەو ئازادی بە بناغە وەرگرتوەو ، بە هێزی خۆی جموجۆڵ دەکات  .ئیتر خەڵکانێکی زۆر تەڤلی ئەو تەڤگەرە بوون.

ئا لەو سەردەمەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان دوو باڵادەسترین هیزی سیاسی بوون لە کوردستان ، ووڵات دابەشکرابوو بە سەر ئەو دووهێزەدا ، یەکێتی نیشتمانی لە گەرمیان وسلێمانی پارتی دیموکراتیش لە هەولێرو دهۆك بە شێوەیەکی ڕەها حوکمیان دەکرد .    

ئەم دووهێزە هەر یەکەیان سەر بە دەوڵەتێك بوون و خاوەنی هیچ ئایدۆلۆجیایەکی دەوڵەتداری نەبوون ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزب وناوچەگەرێتی سیاسەتیان دەکرد و بەردەوام لە بەرەی سەنگەر گرتن لە یەکتری وشەڕو شۆڵدا بوون .

لەم نێوەندەیا خەڵکی کوردستان بێ ئومێدیەکی تەواویان پێوە دیار بوو ، لە سلێمانیەوە خەڵك نەیدەتوانی بچێت بۆ هەولێرو وە بە پێچەوانەشەوە سەفەر کردن بۆ سلێمانی حەرام کرابوو.

ڕۆژانە خەڵکی بێ تاوان لە سەر بیرو تێڕوانینی سیاسی جیاواز، دەخرانە زیندان وزۆر بەتوندی سزا دەدران ، تا کار گەیشتە ئەوەی شەڕی ناوخۆ بەرپاکراو بە هەزاران کەس لە و نێوەندەیا کوژران .

تا دەهات خەڵکی لە ئەداو سیاسەت وستراتیجی ئەم هێزانە بێ ئومێد دەبوو، چونکە گەیشتنە ئەو ڕاستیەی کە ئەم هێزانە خاوەنی هیچ بیرێکی ناسێۆنالیزمی نەتوەیی وزیهنیەتێکی نەتەوە پارێزی نین .

کاتێك پریشکی ئەو ئاگرەی پەکەکە لە باکورکردبویەوەو گەیشتە باشور، خەڵکی پڕ ئومێد بوون وپارادیگمای پەکەکەیان بەشێوەیەك دەبینی ، کە هەموو خەون وئامانجەکانی گەلی کوردیان تێدا بەدی دەکرد .

چونکە پەکەکە خاوەن ڕێبازێکی سەربەخۆ و بیرێکی ناسیۆنالیزمی بەهێز بوو ، ئازادی وپاراستنی کلتورو زمان وسەربەخۆیی ومافی نەتەوەیی کوردانی لە چوارپارچە کەی کوردستاندا بە بنەما گرتبوو ، هەڵگری پەیامی دەرچون بوو لە ژێرهەیمەنەی کۆلۆنیالیزمی عەرەب وفارس وتورک .

گەیاندنی ئەو پەیامەش هەر وا ئاسان نەبوو ، چونکە سەرۆك ئاپۆ زۆر بەباشی لەو ڕاستیە تێ گەیی بووکە جیهان کەڕەو دەنگی ناڵەو ئازارەکانی کوردان نابیستێ ، بۆیە دەبو بە ناچاری لە ڕێگەی خەباتی چەکداریەوە پەلبهاوێ و ئازادی کوردستانی گەورە بکاتە ئامانج .

کاتێك ڕووی لە کوردستانی باشور کرد ، خەڵکانێکی زۆر چونە ڕیزی ڕێکخستنەکانی پەکەکەو لە شاخدا بوون بە گەریلا ، تا دەهات مەیلی هاوڵاتیان بۆ پەکەکە زیادی دەکردوو ڕویان لەو ڕێبازە دەکرد .

لێرە بە دواوە مەترسیەکی گەورە لە سەر یەکێتی وپارتی دروست بوو ، جەماوەرێکی زۆریان ڕووی لە پەکەکە کردو سیاسەتەکانی ئەوانیان ڕەت دەکردەوە ، بەڵام هیچ کاتێك پەکەکە بانگەشەی بۆ ئەوە نەدەکرد کە بچێتە شەڕەوە لە گەڵ ئەو هێزانەدا ، تەنها ئەوە نەبێت هەوڵی وە دەرخستنی کۆمەڵگای دەدا لەو ژینگە دۆگما کراوەی کە چەندین ساڵ بوو یەکێتی وپارتی دروستیان کردبوو ، بۆیە هەمیشە شەڕیان پێ دەفرۆشت وڕێگری وئاستەنگیان بۆ دروستدەکردن بۆئەەی چالاکیە سیاسیەکانیان ئەنجام نەدەن وبە بێگانە وتیرۆرست ناویان دەبردن .

لە ساڵی ١٩٩٧دا پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ تورکیادا ، لە شاری هەولێر هاتنە  سەر پەکەکەو کۆمەڵکوژیەکی مەزنیان ئەنجام دا.

کاتێك خەڵک ئەمەیان بەچاوی خۆیان بینی ، ئیتر کاردانەوەیەکی ناوخۆیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو ئەوەندەی ترتەڤلیبوونی خەڵک بۆ نێو ئەو تەڤگەرە زیادی کرد .

دەوڵەتی تورک بەمەشەوە نەوەستا ، بەڵکو پەیوەندیەکانی لە گەڵ یەکێتیدا ڕێک خستەوەو بەڵێنی دروستکردنی مەرزێکی لە شەمزینان پێ دان کە هەموو داراییەکەی لە قازانجی یەکێتی دا بێت ، وە بۆ بە دەستهێنان وجێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی تورك ، یەکێتیش کەوتە هەوڵی شەڕ فرۆشتن وجێ پێ لەق کردن بە هەڤاڵان وگەریلاکانی پەکەکە .

لە ساڵی ١٩٩٨کاتێك ئامادەکاری دەکرا بۆ ئەو پلانگێڕیەی لە مەڕ دەستگیرکردنی سەرۆك ئاپۆلە سوریا لە ئارادا بوو (ئەمریکا ، بەریتانیا ، ئە ڵمانیا ، تورکیا ، ڕوسیا ، فەڕەنسا ،ئیتالیا ، یۆنان ومیصر) کەوتنە تەکبیر کردن ، بۆ ئەم مەبەستەش یەکێتی وپارتی لە لایەن ئەمریکاوە بانگێشت کران بۆ بەژداری کردن لەو پیلانەدا ، لە گەڵ ئەمریکادا کەوتنە ڕێککە وتن ودوایی لە ڕاگەیاندنەکانی پەکەکەدا بەڕێککەوتننامەی واشنتۆن ناسێنرا ، جەمیل بایک لە کتابی مێژوویەك لە ئاگردا باس لەو ڕێککەوتنە دەکات ودەڵێت (یەکێتی وپارتی دەورێکی سەرەکیان گێڕا لە وپیلانەدا ، گەر بەژدری ئەوان لەو پیلانە نێودەوڵەتیەدا نەبوایە ، ئەوا پلانەکە شکستی دێناو سەرۆك ئاپۆش لە کینیا دەستگیر نەدەکرا ) .

دەستگیر کردنی عبدوڵا ئۆجەلان لەو پیلانگێڕیەدا و زیندانی کردنی لە ئیمرالیدا ، نەك نەبووە هۆی لە ناوچون وپوکانەوەی ئەو تەڤگەرە ، بەڵگو بووە هەوێنی هەڵقوڵان وزیاتر جەخت کردنی هاونیشتمانیان لە سەرمانەوەو برەو دان بەو ڕێبازە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان .

لە ساڵی ٢٠٠٢ دا لە ئەنجامی ئەو پێشوازیە گەرمەی لە باشوردا بۆ ئەم تەڤگەرە هاتە کایەوە ( پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان PCDK ) دامەزارا  .   

ئەم پارتە بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK  دادەنرێت و لەو بیرەوە سەرچاوەی گرتووە کە پەکەکە خاوەندارێتی دەکات ، یەك ئایدۆلۆجیاو یەك ئامانج ویەك هەڵوێستیان هەیە ، خاوەنی یەك بیری ناسیۆنالیزمن ویەك خەونیان هەیە ، بۆ ڕوخانی ئیمرالیزم وبە دەستهێنانی مافی نەتەوەیی گەلی کوردتێدەکۆشن وبانگەشەی دروستبونی دەوڵەتێکی سۆشیالیستی دەکەن.

لە ئیستادا چالاکیەکانی ئەم پارتە زیاتر چالاکی سیاسین نەوەك سەربازی ، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەوش وهەل ومەرجەی لە ناوچەکەدا بونی هەیە ، کە وا دەخوازێ خەباتی چەکداری وپارتی زانی تێدا بەرپا نەکرێ چونکە ژینگەی سیاسی کوردستانی باشوربە ڕادەیەکی زۆر کەم مەترسی ترە لە پارچەکانی تر.

 نەبونی ئەم مەترسیەش دەگەڕیتەوە بۆ ڕوخانی ڕژێمی بەعسی فاشیست ، وە فەراهەم کردنی ئەم جۆرە ژینگەیە ش لە ئەزمون وخەباتی سیاسی وچەکداری هیچ حیزب ولایەنێكەوە سەرچاوەی نەگرتووە ، بەڵکو لە تەماع ودیپلۆماسیەتی ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتووە ، کە بۆ هەڵمژینی ئابوری ئەم وولاتە وپاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی ڕووی لە عێراق کرد وگەلی عێراقی لە ژێر ئیمپریالیزمی رژێمی بەعسدا ڕزگار کرد .

بۆیە پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان لە م بارو دۆخەدا زیاتر سەرقاڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی ودروستکردنی گەریلاو ناردنیانە بۆئازادکردن وبەرگری کردن لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ، یا بە واتایەکی تربۆتە گەیەنەرێکی باش بۆ پراکتیزە کردن وگواستنەوەی ئەو ئایدۆلۆجیایەی پەکەکەی لە سەر بنیاد نراوە ، بۆ نێوهزرو ئایدیای گەنجانی ئەم ووڵاتە .

بۆیە لە دایك بونی پارتی چارەسەرلە باشوردا فاکتەرێکی گرنگ بوو ، بۆ دەرکردنی هاونیشتمانیان وبەهۆش هێنانەوەیان لە وژینگە دۆگماکراوەدا ، کە چەندین ساڵ بوو تێیدا چەقیان بەستبوو، لە هەمان کاتیشدا هۆشی نەتەوەیی وبیری ناسیۆنالیزمی بۆ بە دەستهێنانی مافی نەتەوەیی لە هزری تاکەکاندا زیندوو کردەوە و، فێری کردن کە ( بەرخۆدان ژیانە و نۆکەری وتەسلیم بوون بە ئیمپریالیزم مردنە ).