23/10/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
عەرەفات كەرەم: لێدوانێكی نێچیرڤان بارزانی رەتدەكاتەوە
د. عەرەفات كەرەم پارلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق راگەیاندووە، هەرچەندە رۆژی 12ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ئیتیحادیی سەردانی بەغداد دەكات، بەڵام دەمەوێت ئەو راستیە بەخەڵك رابگەیەنم كە هیچ وەفدێك بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ناچێتە بەغدا بۆ دانوستانو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر.
وتیشی، ئێستا هەرێمی كوردستان لەبەغدا گرنگترە، ناشكرێت چیتر وەفدی هەرێم برۆنە بەغداو هیچ شتێكیش رون نەبێت، ئاماژەشیدا، ناكرێت شتەكان لەسفرەوە دەستپێبكرێنەوە بەڵكو ئەجێندایەكی رون هەبێت تا قسەی لەسەر بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشیگەیاند، ئەو بەرپرسە باڵایانەی پارتیو یەكێتی كە لەبەغدان "خەریكی چین؟" پێویستە ئەوان كارەكان تەواوبكەنو نێچیرڤان بارزانیش بەواژۆیەك كۆتایی پێبهێنێتو تەواوبێت، چونكە ئەركی ئەوان دانوستان بو لەسەر كێشەكان.