مێژووی بێعەقڵی !
28/10/2014 نوسەر: bzavpress

مێژووی بێعەقڵی !

باربارا تاکمەن ( ١٩١٢- ١٩٨٩) ژنە مێژونوسێکی دەگمەنی ئەمریکایە. هەرچەندە کتێبەکانی ئەو دەربارەی مێژوو یاخود شیکردنەوەی میژویین بەلام بە پێچەوانەی چاوەروانی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەوە کە پێیان وایە بابەتی مێژویی کریاری کەمە، نوسینەکانی ئەو هەمیشە لە "پڕفرۆشترین" کتیبەکان بون..
"مێژووی بێعەقڵی" یەکێکە لەو کتێبە دەگمەنانەی پیویستە پێش هەر کتێبێکی تر بۆ زمانی کوردی وەربگێڕدرێت چونکە بە دڵنیاییەوە هیچ میللەتێ، جگە لە عەرەب، بە ئەندازەی ئێمە پێویستی بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە نییە.
ناونیشانی ئەسڵی کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی( وەک وێنەکەیم لە ئەمازۆن وەرگرتوە) بەم جۆرەیە(:the march of folly) کە ڕاستەوخۆ ناکاتە" مێژووی بێعەقڵی" بەلکو دەبێتە" مارشی گەوجێتی" یان بە عەرەبی دەبێتە " مسیرە الحماقە"... بەڵام خوێنەری کتیبەکە دوای تەواوکردنی فەسڵی یەکەم دێتە سەر ئەو باوەڕەی کە وەرگێڕی فارس( کە بە ڕاستی یەکێکە لە ناودارەکان) ناونیشانەکەی بە هەڵە نەگۆڕیوە چونکە هەمو لێکدانەوەکان باس لە بێعەقڵی ئەو سیاسەتمەدارانە ئەکات کە لە چرکەساتی هەستیار و پێویستدا بیعاقڵانەترین و گەوجانەترین بریاریان بەسەر گروپی دەوروبەرو میللەتەکەیاندا سەپاندوە.
بێگومان مەحاڵە لێرەدا بتوانین یەک لە سەدی کتیبێکی ٦٠٠ لاپەرەیی بۆ هاوڕیکان کورتبکەینەوە، بەڵام هەوڵ ئەدەم کۆدە سەرەکییەکانی کتیبەکە و هەندێ پێناسەی نوسەر بۆ: بێعەقڵی، جۆرەکانی زوڵم و ستەمی حکومەتەکان، هۆکار و ئەنجامی حەتمی ڕوداوە مێژوییەکان یاخود هەڵە و بێعەقڵییە مێژوییەکان بخەمە بەرچاو بەو ئومیدەی کەسێک ڕاپەڕێ و سەرجەم " مێژووی بێعەقڵی" بۆ کوردی وەربگێڕێ.
یەک: خاتو تاکمەن لە سەرەتای فەسڵی یەکەما ئەنوسێ: " پەیڕەوی حکومەتەکان لە سیاسەتی ناکۆک لەگەڵ بەرژەوەندەکانی خۆیانا یەکێكە لە دیاردە بەرچاوەکانی سەرانسەری مێژوو بێ لەبەرچاوگرتنی کات و شوێن. وا دەرئەکەوێ ئینسان لە حوکمڕانیا زیاد لە هەر بوارێکی تری چالاکییە ئینسانییەکان ناشایستەیی نیشان ئەدات. عەقڵ، کە ئەتوانین بڵێین بریتیە لە داوەری بە پێی ئەزمون و عەقڵی ساغ و زانیاریەکانی بەردەست، لەم مەیدانەدا کەمتر ئەکەوێتە کار و زۆرتر سەرخوردە و ناکام ئەبێت. بۆچی دەسەڵاتدران ئەم هەموە بە پێچەوانەی عەقڵ و بەرژەوەندی عاقڵانەی خۆیان هەنگاو ئەنێن؟ بۆچی شعور هێندە دەگمەن دێتە ناو کایەکەوە؟"
دوو: دوای ئەو وشانە نوسەر بە وردی چەند نمونەیەک لە سەر بێعەقڵی دەسەڵاتدارن ئەهێنیەتەوە کە شیرینە بیزانین:" لە هەوەڵەوە دەستپێبکەین: فەرمانڕەوایانی تروا بە هەر بەهانەیەک لێیان وەبگرین ئەبوا بەدگومان بن لەوەی کە فێڵیک لە بن سەری یۆنانییەکانەوەیە؛ ئەی کەواتە بۆچی، لەگەڵ ئەوەشا، ئەو ئەسپە دارینە گومانلیکراوەیان ڕاکێشایە ناو قەڵاکەی خۆیانەوە؟
بۆچی وەزیرەکانی جۆرجی سێهەم ( ی بەریتانیا) یەک لە دوای یەک، لە جیاتی ئاشتی و دۆستایەتی لەگەڵ کۆچنشینەکانی ئەمریکا، ئەوانیان خستە ژێر قین و فشارەوە؟ مەگەر ڕاوێژکارەکان چەندین جار نەیانوتبو کە بێگومان زیانی هاتو زیاتر ئەبێ لە ئەگەری هەر سودێک؟
بۆچی کارلی دوانزەهەم(ی پادشای سوێد) و ناپلیۆن و دوای ئەوانیش هیتلەر، سەرباری ئەو بەڵایانەی بەسەر پێشینەکانی هەرکامیاندا هاتبو، دیسانیش پەلاماری ڕوسیایان دا؟
بۆچی مۆنتزوما، فەرماندە سوپای بوێر و نەترس و فەرمانڕەوای شارێکی سێسەدهەزارکەسی، دەسبەستە خۆی دایە دەست چەندسەد کەسێکی داگیرکەری بێگانە_ تەنانەت دوای ئەوەش کە ئاشکرا بو هێرشبەران ئینسانن نەک خوا ؟"
دواتر باربارا دێتە سەر قسەیەکی جۆن ئەدامز سەبارەت بە پێشنەکەوتنی بەشەر لە حوکمڕانیاو دەقی قسەکەی نەقڵ ئەکات کە وتویە" لە حاڵێکدا هەمو زانستەکانی تر پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، زانستی حکومەت راوەستاوە؛و ئەمڕۆ لە سێ یان جوار هەزار ساڵ پیش ئیستا باشتر جێبەجێ ناکرێ"..