03/11/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
سوكایەتی كردنو گاڵتەكردن بە ئیسلامو دروشمەكانی بێ چەندو چوون ئینسان لە ئیمانو ئیسلام دەشواتەوە:
خودا دەفەرمووێ:
(قُلْ أَبِاللَّهِ وَآيَاتِهِ وَرَسُولِهِ كُنتُمْ تَسْتَهْزِئُونَ (65) لَا تَعْتَذِرُوا قَدْ كَفَرْتُم بَعْدَ إِيمَانِكُمْ)
واتە: ئەوە سوكایەتی بە خوا دەكەنو گاڵتە بەو شتانە دەكەن كە بە ئایەتی قورئان باسكراوەو سەلمێنراوە (وەكو جیهاد)، یاخود لاقرتیان بە سوننەتەكانی پێغەمبەر دێت (وەكو ڕیش)، جا مادام گاڵتەو سوكایەتی بەو شتانە دەكەن ئەوە هەرگیز خۆتان بە موسڵمان مەزانن، چونكە ئەو سوكایەتیو گاڵتەكردنە بە یەكجاری لە ئیسلام ئێوەی شۆردەوەو پەلكێشی كردن بەرەو خانەی كوفرو بێ باوەڕی، جا ئیتر هەر بۆخۆتان بیانوو بێنەوەو بڵێن ئێمە تەنها بۆ گاڵتەمان بوو، هیچ بیانوویەك نایخوات تازە ئێوە لە ئیسلام ترازان .
بەڕێزان:
جۆرێك لە جۆرەكانی كوفرو بێ باوەڕی كە ئینسانی پێ لە دین دەترازێ و فڕی بە ئیمانو ئیسلامەوە نامێنێ، ئەوەیە كە بە چاوی سووك تەماشای خوداو پێغەمبەرو ئاینی ئیسلام بكاتو گاڵتەیان پێ بكات.
جا سەرجەم ئەو قسەو دەربڕینانەی كە ئینسان بە زار دەری ببڕێ یان بە نوسین بیانخاتە ڕوو، كە سووكایەتی كردن بێ بە ئیسلام یان بە یەكێك لە دروشـمەكانی ئەو ئاینە ، یاخود بێ ئەدەبی بێ بەرامبەر بە سوونەتەكانی پێغەمبەر وەكو سوكایەتیو لاقرتی كردن بە ڕیش، ئەوە بێ دوو دڵی كوفرێكی گەورەو ئاشكراو زەقە.
هەر كەسێك كە قسەو تەعبیری وای لێ بوەشێتەوە بەرامبەر بە خواو ئاینو پێغەمبەرەكەی، ئەوە بەرلەوەی ئەو قسەو تەعبیرە ناشیرینو قێزەونانە لە زمانیان دەربچێ، لە دڵو دەروونیاندا هەنو ڕەگی داكوتاوە، چونكە دڵ مەنجەڵێكەو زمانیش كەوچكەكەیەتی.
بەڕێزان:
هەر كەسێك بە هەر بیانوویەك بیەوێ سوكایەتی بە ئیسلامو دروشمەكانی بكات، وەكو سوكایەتی كردن بە ووشەی پیرۆزی (جیهاد)، یان سوكایەتی كردن بە (ڕیش)، یان بە (حیجاب) ئەوە ئەگەر نوێژیش بكاتو ڕۆژوویش بگرێ، لە ئیسلام دەچێتە دەرەوەو خۆی لە ناو خانەی كوفردا دەگەوزێنێ.
بە داخەوە كە بیستمان لە وڵاتێكدا كە پڕە لە مزگەوتو مەلاو لە سەدا نەوەدو هەشتی موسڵمانە، كە چی هیچ بە هایەك بۆ ئاینی پیروزی ئیسلام دانەنراو لە ژێر ناوی ڕەخنە لە(گروپێكی سەرلێ شێواوو دروستكراوی دەستی بێ باوەڕان) كەوتنە سوكایەتی كردن بە ئیسلامو بێ بایەخ سەیركردنی لا إلە إلا الله و، ڕشتنی ژەهری بێ باوەڕیو تێگرتنی تیری ناحەزیو ڕقو قینیان بەرامبەر بە ئیسلامو هەموو پیرۆزیەكانی.