نـاسنامەی تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەدا
03/11/2014 نوسەر: bzavpress

نـاسنامەی تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەدا


(کێشەی قوبرص وەک نمونە)

بەپێی " کارل مارکس" هەندێک ڕۆژ هەیە، ڕووداوێک ڕووئەدات،ئەو ڕۆژە ئاوسە بە ڕووداوەکانی (100) ساڵی پێش خۆی،یانی ئەگەر ئەو ڕۆژە نەقۆزیتەوە،ئەبێت (100) ساڵی تر چاوەڕێ بکەیت،تا شەپۆلی بارودۆخەکانی زەمانە،گرمۆڵەی وا ڕووداوێکی گەورە ئەکاتەوە .
مرۆڤایەتی بەردەوام خۆی بۆ جەنگ ئامادە ئەکات،هەر جەنگێکیش مێژوو لەقۆناغێکەوە دەباتە قۆناغێکی تر .وەک یەکەمین جەنگی جیهانی دابەشکردنی ویراسەتی دەوڵەتی بەرفراوانی عوسمانی بو،لەکاتێکدا تورکیا لەبەردەم لەناوچووندا بو،" ئەتاتۆرک" لە ساڵی (1923) هاتو،نەک هەر تورکیای پاراست ،بەڵکو لەدەوڵەتێکی دینی عوسمانییەوە،بردییە قۆناغی دەوڵەتێکی کۆماری،یەکگرتووی، دەستوریی ،دیموکراتی، سیکۆلارەوە،ئایا ئەمە شۆڕش بو ؟.ئەمە یەکێکە لەوپرسیارانەی کە مێژوو وەڵامی ئەداتەوە،ئەتاتۆرک پێشوتر ئەفسەرێک بو لە کۆمەڵەی (ئیتیحاد و تەرەقی) دا.کەئینگلیزەکان لەپشتییەوە بون .زلهێزەکان پیاوە نەخۆشەکەیان ئامادەکرد بۆ ڕۆژێکی وا،ئەتاتۆرک یان هێنا و ،لەئیمپراتۆریەتێکی دینی عوسمانییەوە،بناغەی کۆمارێکی مۆدێرنی نوێیان بۆ تورکیا داڕشت،لێدانێکیش بو لە مەسەلە دینییەکانی ناوچەکە.بەم پێیە هەموو شۆڕشێک لەخوارەوە دەست پێ دەکات،شۆڕشی تورکی لە (1923) دا لە لوتکەوە دەستی پێکرد !.لەدوای مردنی باوکی ڕۆحی نەتەوەیی تورکەکان ئەتاتۆرک لە (1938) ەوە،جۆرەها گروپی ناڕازیی و پەرتەوازەیی لەماڵی تورکیدا دەبینرێت،ئیمڕۆکە گۆڕانکارییە جیهانی و نێوخۆییەکان،تورکیای خستۆتە بەر (3) گرفتی قووڵ :
یەکەم: تورکیا لەبەردەم گرفتی فەندامێنتاڵیزمی ئیسلامی یاخود ڕادیکاڵ ئیسلامیزم .
دووەم: کێشەی کورد لە تورکیا 
سێهەم : کێشەی قوبرص (Cyprus Issue) .

یەکەم : تورکیاو مۆدێرنیتی (ناسنامەی وڵات لە سیاسەتی دەرەوەدا)
بیرۆکەی سەرەکی لە ڕێنسانس (بوژانەوە لەخۆرئاوا) لەدوای سەدەی شانزەوە،بریتی یە لە :سیکۆلاریزم (عیلمانییەت) .پرۆژەیەکی گەڵاڵەکراوی زانستخوازە،ناواخنەکەی سەنتەرکردنی ئەقڵە ،شۆڕئەبێتەوە لە (دەوڵەتەوە بۆ کۆمەڵگە و ئینجا بۆ تاکەکان) .مەبەست لە مۆدێرنەکردنی دەوڵەتی تورکیاو،قوتاربون لە ئیسلامێکی ڕادیکاڵ لای ئەتاتۆرک، کە (91) ساڵە تائێستا تورکیا هەوڵی بۆئەدات چی یە ؟.یان پرۆسەی بون بەئەندام لەیەکێتی ئەوروپا چی یە ؟.ئێستا تورکیا ئەندامە لەهەموو شت (لەناتۆ،لەنەتەوەیەکگرتوەکان،لەبازاڕی هاوبەش،لە زۆربەی هاوپەیمانێتی و دانشتنە خۆرئاواییەکان.....بۆ دوایی)..لەئەوروپاشەو لەئەوروپاش نییە..!..مۆدێرنیزەکردن بۆ تورکیا یانی خۆرئاوایی کردن (غەربەنەکردن-Westernization)..خۆرئاوایی کردن یانی بە ئەوروپایی کردن (Europeanization) ئەورەپەکردن یانی دیموکراتی کردن (Democratization) .کەوابێت دەبێت گرفتی تورکیا بۆ پرۆسەی بەئەندام بونی لەیەکێتی ئەوروپا ئەمە بێت کەناتوانێت بگاتە دیموکراسییەتی ڕاستەقینە،خۆ ئەگەرنا،ترابزۆن و ئەنتالیاو ئیزمیر و ئیستانبوڵ ،چ جیاوازییەکیان لەگەڵ شارەکانی ئۆروپا هەیە ؟.ڕێژەی یانەکانی شەوانەو دیسکۆ و کڵەپ و گەیی و گێڵ فرێندو ساختەخانەکان لەتورکیا،ڕێژەی جەولە خەڵەتێنەرو ئەفسوناوییەکانی ئۆغلۆ،سەدان کیلۆمەتر لەئیسلامێکی هەقیقیەوە دوورە .
هەرلەسەرەتاوە، تورکەکان لەڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە هاتن بۆئەم ناوچەیە، ئیسلامیان وەک ئایدۆلۆژیایەک بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان بەکارهێنا،یاخود ئاینی ئیسلام باکگراوەندی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی تورکی بووە تا دەگاتە " سوڵتان عەبدولمەجید"..؟. چونکە دواتریش بەپێی ووتەی "نەجمەدین ئەربەکان" لەو ڕۆژەوەی پارتی دادو گەشە لە ساڵی (2002) دەستەڵاتی گرتۆتە دەست،تورکیا بەرگی ئیسلامی داکەندووە" .ئەردۆغان بۆخۆی یەکێک بووە لە خوێندکارەکانی ئەربەکان لەحزبی "فەزیلەی ئیسلامی" لەپشت باخچەی قوتابخانەکەی ئەوەوە،دوای لێکترازانێک هەڵهاتووە .
کە وایە،بەگشتی کۆمەڵگەی تورکی ،کۆمەڵێکی ئاوێتەو ئالۆزە،لەبەردەم هەڕەشەیەکی دەرەکی و نیۆخۆیی ترسناکدایە،کەوتونەتە بەر دووڕیان و سەرلێشێواوییەکی ئایدۆلۆژیی (واتە ڕێبازی ڕەفتارە سیاسییەکان نادیارە) ،لەژێر کاریگەری هەمەچەشنی سەلەفییەتی توندڕەو،ئیسلامی میانڕەو،گویلەنیزم،چەپی نەتەوەیی،کارتێکردنی ئامرازەکانی پۆست مۆدێرنە...هەڕەشەکانی تر. لەهەر ساڵێکدا (100000) سەد هەزار تورک تەنها بەجگەرە دەمرن،لەڕاپرسییەکی (Mbc.net) دا هاتووە،کە تەنها (243000) دووسەدو چل و سێ هەزار مەشروبخۆر،بەنمونە وەرگیراوە، هەر تورکێک لەوانە ڕۆژانە (1-1،5) لیتر کحول بەکارئەهێنێت .لەساڵی (2006) یشەوە ئەم ڕێژەیە،هەموو ساڵ دووهێندە ئەبێت ..

دووەم : کێشەی کورد لەتورکیا

کورد،گەلێکی پەرتەوازەو بەربڵاو،لەڕۆژئاوای ئاسیاو باکوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین،بەگشتی دەکەونە سەر چیاکانی زاگرۆز و تۆرۆس (بەگشتی هەموو زنجیرە شاخەکانی کوردوستان پێی دەڵێن زاگرۆز) .مێژوو بەبیری نایا ئەم میللەتە چەند سەدەو هەزارەیە قوربانی ئەدا،کەچی کاروانەکەی هەرناگاتە شوێنی خۆی ،نزیکەی (50-60) ملیۆن کورد هەن،ئێستا ساڵی (2014) یە،بەشێکی زۆر لەوڵاتە پیشەسازیی و مامناوەندەکان ،پلانی درێژخایەنیان بۆ (2020) و (2040) هەیە .کەچی تائێستا لەکۆی (50) ملیۆن کورد،(1) تاکە کورد نازانێت ساڵێکی تر،نەخێر دوو،چوار،،دە ساڵی کورد چی بەسەر دێت .!.بۆ ؟ چونکە ئەو ئەقڵەی کوردی تێکداوە،زۆر گەورەترە لەو ئەقڵەی کورد خۆی،گرفتی جینات و ئازاد نەبونی ئەقڵی کوردی،هەرە مەترسییەکەی ئەوەیە ئاگای لەدەرەوەی خۆی نییە . ماوەیەک لەژێر ناوی مەزهەب و خورافاتدا،ماوەیەک بەژێر فشاری ئیمپریالیزم دا،هەر دەیەو پرسی کورد لەسەردەستی کەسێکدا بووە .ئەمڕۆکە پرسی کورد لەدەستی ئەردۆغان و سەرکردەکانی عێراقیشدا نەماوە، بووە بە تۆپیکێکی جیهانی ..لە ڕابردوودا تورکەکان بەڕەگەزپەرستی خۆیان هیچ ڕێگەیەک،هیچ پیلانێکی تراژیدی و مەرگهێنەر نەما،نەیگرنەبەر،بۆ لەناوبردن و کەپتکردن و تاخیرکردنی قەزیەی کورد،وا بۆی دەچوون جیهان تورکیا نابینێت،بە ئەوروپایان وتوە کێشەی کورد چارەسەر بووە .!.بەگشتی بۆ تورکیا چارەسەری پرسی کورد لەقۆناغی ئاشتی و شەڕی کۆبانێ دا وەستاوە .

سێهەم : لەم کاتەدا تورکیا خۆی کێشەی قوبرێی زیندوکردەوە .
لەناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ئەم (2014) یەوە،کێشەی قوبرس سەریهەڵداوەتەوە،میدیاکانی جیهان،ناوەندە تورکی و یۆنانییەکان بەچاوێکی دوژمنانەی کۆنەوە،قسەلەسەر یەکتر ئەکەن،وەک پێشوتر لەنوسینێکمدا جیاوازی نێوان باکوری قوبرس ،کە ژمارەی دانشتوانەکەی لە (100000) سەد هەزار تێناپەڕێت،لەگەڵ باشوری کوردستاندا ڕەتکردبوەوە،ئێستا لای خوارەوە،دیسان وێنەیەکی تری کێشەی قوبرس بۆ خوێنەر ئەخەینە ڕوو :
سایپرۆس- Cyprus، دوورگە (جەزیرە) یەک لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست،ڕووبەرە گشتیەکەی تەنها (9250) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە،لەبنەڕەتدا خەڵکەکەی قوبرسی ئۆرجیناڵ بون،نە بەتورک نە یۆنانی خۆیان ناوزەند کردووە،ئیستعماری بەریتانیا ئەوساش و ئێستاش کاریگەریی خۆی لێرە خستووە، لەساڵی (1947) بەدواوە دەسەڵاتدارانی تورک، کۆمەڵێک خەڵکی خۆیان ناردە (باکوری قوبرص) ،تا لەدوایدا ڕێژەی تورکیان لەم ناوچەیە زیادکرد و گەیاندیانە (50%) . کاتێک حکومەتی یۆنانی فشاری زۆری هێنا، ساڵی (1974) تورکیا لەڕێگەیەی دەستوەردانی سەربازییەوە،شەڕی لەسەر کرد. 
ساڵی (1983) کۆماری قوبرێی باکور ،لەسەر دەستی (ڕەئوف دانکتاش) ڕاگەیاندرا. لەئەمری واقیعدا وەک دەوڵەتێک بونی هەیە،بەئێستاشیەوە ئەم کۆمارە بۆ هەموو گرێبەستێکی لەگەڵ دونیای دەرەوە،ئەبێت بگەڕێتەوە بۆ (ئەنقەرە) ..چونکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پیا نەنراوە ،ئەمە دوای قۆناغی شەڕی نێوان یۆنان و تورکیا دێت ،کەپێشوتر دەیان هەزار کەسی لەهەردولا تیا کوژراوە،نەتەوەیەکگرتوەکان ناوبژیوانی ڕاگەیاندو کردی بە (2) بەشەوە،بەشی باکوری بۆ تورکیاو باشورەکەشی بۆ یۆنان،هیچ کام لەم (2) دەوڵەتەش ڕووبەری وشکانی لەگەڵ ئەم جەزیرەیە نییە (لەهەرچوارلاوە بەئاو دەوردراوە) ،بگرە کلتوری خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەیان شێواندوەو داگیریان کردووە،تەنها لەمەڕ زیادکردنی ڕووبەری ئاویی و قەڵەمڕەویی وڵاتەکەیان،ئەگەرنا هیچ قازانجێکی تر لەم دورگەیە ناکەن .
بەدرێژایی قەراغە ئاوییەکان، باکوری سایپرۆس واتە بەشە تورکییەکەی لەهەر (3) شارە بچوکەکەی (نیکۆسیا،گێرنە،ماگۆسا) دەزگای ئەمنی و هێزی سەربازیی تورکی لێیە . سنوری نێوان ئەم قوبرسە لەتکراوەلەم دورگەیە بەسەر (2) دەوڵەتدا ،لەچەند لاوە شەقامێکە،تەنانەت پایتەختەکەیان (نیکۆسیا) کردووە بە دووبەشەوە . بەریتانییەکان و یوئێن سنورەکەیان داناوە ،لەهەندێ شوێنیش تەلێکی شەبەکاوییان داناوە،بەڕێژەی نزیکەیی (65%) سنوری بەشە یۆنانییەکەو (35%) یش بەشە تورکییەکەیە،جگەلەوەی یەکێک لەهەرە شارە ڕەسەن و ڕاقییەکانی کۆنی قوبرص قەدەغەکراوە،هیچ لایان تیایدا نەدەبێت بژین،نەگوزەربکەن. 

لەگەڵ ئەم هەموو ئەمانەدا جیاوازیی نێوان (2) سایپرۆس زۆر بەجوانی دیارە :
*قوبرسی باکور موسڵمانن. باشور مەسیحین .
* ئەمیان پارەکەی لیرەی تورکییە،ئەویان یۆرۆیە .
* ئەمیان ڕۆژهەڵاتی ناوینە،ئەویان یەکێتی ئەوروپایە.واتە خەڵکی قوبرسە یۆنانیەکە،بێ ڤیزا بەجیهاندا ئەگەڕێن .( یەک پارچە زەوییەکی وا چەندین جار داوای سەرلەنوێ یەکگرتنەوەی کراوە )
* ئەمیان ڕوبەری ئاوییەکەی و ژینگەکەی کەمتر خزمەتکراوە،لەلایەن تورکیاوە. ئەویان ڕووبەری ئاوییەکەی زیاترەو،سیستەمی ڕێگاوبانیان ئەوروپیترە.بێجگە لەسروشتی مامەڵەی خەڵکەکەی .
جیهان تینوی ووزەیە،بەپێچەوانەی عێراقەوە،کەپێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی (2020) بڕی (7،6) ملیۆن /بەرمیل نەوت،لەڕۆژێکدا بەرهەم بهێنێت .تورکیا و یۆنان و قوبرس،وڵاتانی دەوروبەریشی،لەگرانیەکی سوتەمەنیدا دەژین،لیترێک بەنزین لە قوبرس و لە ئیستانبول لەنێوان (3-4) دۆلاردایە ،لەهیچ شوێنێکی عێراق ناچێتە دۆلارێک . یۆنان زیاتر تینووە بەسەرچاوەکانی ووزە،نزیکەی (3) ساڵیشە تووشی قەیرانی دارایی بۆتەوە،بەهۆی پێدانی زیادەی قەرزەوە بەهاوڵاتیان ..لەم کاتەدا کەجیهان و ناوچەکە سەرقاڵی بەگژاچونەوەی تیرۆر و گەمەیەکی گەورەن،بەیانیەکی زوو،بوو بەهۆسە: نەوت دۆزراوەتەوە لەقوبرس و هەلیکۆبتەرێکی یۆنانیش کەوتۆتە خوارەوە ! .
لەواقیعدا،نەوت و غاز لەو سنورە ئاوییەی بەشە یۆنانییەکە،لەمێژە بونی هەیە،بەپێی یەکێک لەخاڵەکانی (ڕێککەوتننامەی ئاشتی) لەدوای شەڕ،بە بەشداری یوئێن (UN) نوسراوە: لەکاتی دۆزینەوەی نەوت و غازو سەرچاوەکانی تری ووزە لەهەر سنورێکی ووشکانی و ئاویی ، قوبرسی تورکی مافی ئەوەی هەیە دەخالەت بکات ...بۆ زیاتر ڕوون کردنەوەی لایەنە ئابوریی و نێودەوڵەتییەکانی ئەم گرفتەی ئێستا، ئەم خاڵانەی خوارەوە،ڕوون دەکەمەوە :
یەک : بە بەرواری (19/4/2004) حکومەتی کۆماری قوبرس لەگەڵ کۆماری میسری عەرەبیدا،ڕێککەوتننامەیەکیان لە (5) ماددەو کۆمەڵێک بەند پێکهاتووە،مۆر و ئیمزاکردووە،بۆ دەرهێنانی غازو ناردنی بۆ میسر،بەشێکی ئەو غازەشی دەرئەکرێت لەسنوری (قوبرص –ئیسرائیل) دایە،لەسەر حیسابی ئیسرائیل میسر دەری ئەکات،تا ئێستا ئیسرائیل بێدەنگی لێکردووە. 

دوو : بەمەبەستی بەرهەمهێنانی غاز و سەرچاوەکانی ووزە،لەکۆتایی ئەم مانگی (ئۆکتۆبەری 2014) یەدا،تورکیا کەشتییەکی گەورەی بەناوی (ڤارڤارۆ) بە حیمایەتی (2) کەشتی دیکەی سەربازیی ناردۆتە سەر سنوری قوبرسی یۆنانی،بەبیانوی ئەوەی قوبرسی تورکی مافی دەستوەردانی بەخشیوەتێ،وەکالەتی لێوەرگرتووە ...ناوی کەشتی (ڤارڤارۆ) ناوە ئۆرجیناڵەکەی نییە،بەپێی تورکیا خۆی ناوەکە لە (بەربوس) ەوە هاتووە،خەلیفەی سەروەختی سەڵتەنەتی عوسمانی، کە سەرکردایەتی فەتحکردنی ئەو ڕێرەوە ئاوییانەی بۆ تورکیا کردووە،لەمیدیا جیهانییەکانیش ناوەکە بە (باربارو) هاتوە،لە (بەربەریەت) ەوە هاتووە،بەربەریزمی تورکی کەڕووی تێکرد،یان دەکوژێت،یان دەخوات،یان ملی ئەشکێنێت .
سێ : بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بۆ سنورە ئاوییەکان (قانون میاه البحریە) تورکیا سەرپێچی یاسای گشتی نێودەوڵەتی کردووە . وە بەپێی (AOZ) کە حەرەمی پیرۆزو هێڵی سووری ئاسایشی ئاوییە لای ڕێکخراوی زیورخ (Asylum Organization zhurich ) ..بۆیە ئێستاکە میسرو ئیسرائیل و قوبرسی یۆنانی هەموو دژی تورکیایە،ئەو غازەش لەقوبرس دۆزراوەتەوە، دراوە بە کۆمپانیایەکی کەنەدی ،کۆمپانیایەکی میسریش لەگەڵی بە پشک هاتووە،چونکە میسر نزیکەو کولفەی هەرزانترە .
چوار : تورکیا بۆچی لەم کاتەدا ئەم کێشەیەی زیندوکردەوە ؟.چونکە پێی وابو،لەپرسی کۆبانێ و هاوکاریکردنی داعش دا،باش بۆی دەچێتە سەر .کەزانیتی ڕای گشتی نێودەوڵەتی لەسەر کۆبانی یەکدەنگ بون،جیهان تورکیا بە کاراکتەرێکی ناشرین سەیردەکات .هاتەوە بۆ قوبرس .تاوەک کارتێک بەکاریبهێنێت،هەم هاوکارییەکانی بۆ داعش،هەم فشارەکانی سەر تورکیا کەم بکاتەوە .
تورکیایەک،ناحەزی ئێران و ئەسەدە،دژی کوردو پەکەکەیە،میسرو ئیسرائیل دوژمنایەتی دەکەن، قوبرسی یۆنانی و یۆنان،دوژمنی لە مێژینەین،ڕووسیا (لەسەردەمی جەنگی سارددا تورکیا بەکارهێنراوە بۆ دەوردانی سۆڤیەت) ئێستاش لەجێگیرکردنی ڕۆکێتی پاتریۆت لێی بەگومانە،بە تەنێکی ئیزدواجی لێی ئەڕوانێت.. ئەڵمانیا لەناوجەرگەی ئەوروپاوە،لەیەکەم چرکەوە دژیەتی و سوعبەتیشی پێدێت،کە تورکیا داوای ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا دەکات . دوورنییە لەئایندەیەکدا داعش ببێتە کێچ و بچێتە کەوڵی تورکیاوە،لەبەراییترین مامەڵەی دژ بە" تورکیا" ڕەنگە داعش چەندین بەڵگەنامە دژی تورکیا و پەیوەندییەکانیان بڵاوبکاتەوە .داعش چەندین جار میتی تورکی خەڵەتاندووە،بریندارەکانی خۆی دەناردە تورکیا و،لە نەخۆشخانەکانیان تەسویری دەکردن و نیشانی جیهانی ئەدا