بەمەتر یان بەكیلۆ... دار بۆفرۆشتن
07/11/2014 نوسەر: bzavpress

بەمەتر یان بەكیلۆ... دار بۆفرۆشتن



لە باشوری كوردستاندا كەسانێكی زۆرهەن خاوەنی كێڵگەی بەرهەم هێنانی نەمام و درەختن, بۆ ماوەی چەندین ساڵ خزمەتی دەكەن تا تەواو گەشەدەكات و گەورە دەبیـَت, دواتر دەیبڕنەوە و دار و تەختە یان خەڵوزی لێ‌ بەرهەم دەهێنن, دواتر دەیخەنە بازاڕەوە ئەم كارەش بەپێی یاسا ڕێكخراوە, ئەوكەسانەی كە مۆڵەتیان هەیە ڕێگەپێدراون ئەو كارە ئەنجام بدەن, بەڵام كەسانێكی تر هەن, لەناو شار و شارۆچكەكاندا نەمام دەچێنن و خزمەتی دەكەن تا دەبێت بەدرەخت و دواتر درەختەكان دەبڕنەوە و دەیكەن بەدار!! بەهۆكاری ئەوەی درەختەكە جوان نیە یان گەڵا دەوەرێنێت یان دیوار دەڕوخێنێت یان مەترسی بۆ ئاوی ژێرزەوی دروست دەكات!! وەراندنی گەڵا و جوانی و ناشرینی درەختەكان گرنگن؟ یان پاراستنی ژییانی مرۆڤەكان؟؟ لەكاتێكدا هیچ درەختێك ناشرین نیە و هەموو درەختەكان جوان و بەسودن, لەوڵاتانی پێشكەوتوشدا گەڵای درەختەكان وەك پەین بەكار دەهێنرێت, نەك لەبەر وەراندنی گەڵا, درەختەكان ببڕنەوە, بڕینەوە و لەناوبردنی درەختەكان لەبەر ئەو هۆكارانە, دژی یاساكانی ژینگەی هەرێمی كوردستانە, تەنانەت دژی مرۆڤایەتی و نەوەكانی داهاتووشمانە, تائێستاش چەندین كەس بەهۆی بڕینەوەی درەختەوە, بەبێ‌ مۆڵەت, ڕوبەڕووی دادگاكان كراونەتەوە, چونكە بەپێی یاسا تەنها لەكاتێكدا دەتوانرێت درەخت ببڕدرێتەوە كە درەختەكە ڕێگربێت لەبەردەم كار و چالاكی هاوڵاتیان و دامەزراوەكاندا, بۆئەمەش دەبیت مۆڵەت لەفەرمانگەی ژینگە لەپارێزگاكاندا وەربگیرێت, كە بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیان و تەنانەت دامەزراوە حكومیەكانیش گوێ‌ بە مۆڵەت وەرگرتن و یاسا نادەن, بەڵكوم ڕاستەوخۆ درەختەكان دەبڕنەوە. لەئێستادا بێت یان لەئایندەدا دەبێت هەموومان لەو ڕاستیە تێ بگەین, كە لەڕێگەی پارێزگاری كردن لەدرەختێكەوە دەتوانین پارێزگاری لە ژینگە و ژییانی خۆمان و نەوەكانی داهاتوومان بكەین,  هەرگیز ناتوانین لەو ڕاستیە خۆمان بشارینەوە ئەگەر درەختەكان نەپارێزین ئەواڕەنگە بەژییانمان باجەكەی بدەین.

بەڵام ئەم جۆرە بڕینەوەیە كەلە ناوەندی شار و شارۆچكەكاندا دەبینرێت, بووە بەهۆكار بۆ دابین كردنی بژێوی ژییانی مامە پیرەیەك و خیزانەكەی چونكە ئەوكەسانەی كە ئەو درەختانە دەبڕنەوە چاوەڕوانی هیچ بڕە پارەیەك ناكەن و ئامادەن بەبێ‌ بەرامبەر دارەكە ببەخشن بەهەر كەسێك كەخواستی لەسەری هەیە.

 كاتێك بەشەقامی گشتی دەربەندیخاندا تێپەڕ دەبیت مامەپیرەیەكی ڕیش سپی دەبینیت, لەتەنیش عەرەبانەیەكەوە ڕاوەستاوە, لەسەر عەرەبانەكە دار دەبینیت, دارەكان دانراون بۆ فرۆشتن, خۆئەگەر بڕۆیت و  بڵین مامەگیان كیلۆیەك دارم بدەرێ‌ یان مەترێك دارم پێ‌ بفرۆشە؟ ئەوا ڕەنگە بەدەستی بەتاڵ بگەڕێیتەوە, چونكە دار نەدەپێورێت نەدەكێشرێت, ئەی مامە پیرە چۆن دارەكانی دەفرۆشێت؟ مامە پیرە لەسەر قەدی دارەكان نرخی دارەكانی نوسیوە كەنرخی هەردارێك جیاوازە و نرخەكان لە(5000) دیناری عێراقییەوە دەست پی دەكات تا (12,000)هەزاردیناری عێراقی, فرۆشتنی هەندیك داری تر بەباوشە كەلە بڕ پێت دەفرۆشێت, جگەلە بوونی ئەو دارانەی كەلەسەر عەرەبانەكەن لەماڵەوەش مامە پیرە داری تری هەیە بۆ فرۆشتن كەنرخی ئەوانیش جیاوازە, فرۆشتنی دارەكان بژێوی ژییانی مامەپیرە و خێزانەكەی دابین دەكات, ڕەنگە كەسە یاسا شكێنەكان و ناحەزەكانی ژینگە نەبن, مامە پیرە نەتوانێت بژێوی ژییانی خێزانەكەی وابەئاسانی دابین بكات, چونكە بەهۆی كەسەیاسا شكێنەكانەوە دارەكانی دەست دەكەوێت, بەڵام بەدەست هێنانی ئەو یەك دوو دینارە عێراقیە گرنگە؟ یان  پاراستنی ژینگە و ژیانی خێزانی مامەپیرە و خێزانەكانی تر؟؟