27/07/2013 نوسەر: bzavpress

"جەوهەری دیدی ئێمە لەسه‌ر ده‌ستور سازانە".

وته‌بێژی یه‌كێتی رایگه‌یاند: جارێ بڕیارمان نه‌داوه‌ قسه‌ له‌سه‌ر لێدوانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بكه‌ین، چونكه‌ ده‌مانه‌وێت قسه‌كانی ئه‌و كۆتایی به‌ مشتومڕ له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستوور بۆ په‌رله‌مان بهێنێ.
ئازاد جندیانی، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، سەبارەت بە وتەكانی نێچیرڤان بارزانی لەسەر مەسەلەی دەستوور ‌و رێككەوتنی پارتی و یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی: "ئێمە جارێ بڕیارمان نەداوە قسە لەسەر لێدوانەكەی نێچیرڤان بارزانی بكەین، چونكە دەمانەوێت قسەكانی نێچیرڤان بارزانی كۆتایی بەو مشتومڕە لەبارەی گەڕانەوەو نەگەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان بهێنێ.
وتیشی "جەوهەری دیدی ئێمە لەباره‌ی ده‌ستورسازانە".
 داواشی لە لایەنە سیاسییەكان كرد "لەمەودوا تەركیز بخەنە سەر گەڕان بەدوای دۆزینەوەی زمانێكی هاوبەش بۆ سازانی نیشتیمانی لەسەر هەموو بابەتەكان، نەك تەنیا لەسەر دەستوور،كەئەمەش لە پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە".
پێشتر، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندبوو" پارتی و یه‌كێتی پابه‌ندن به‌ رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوانیان، هه‌روه‌ها پابه‌ندیشن به‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی كه‌ له‌ رۆژی 29ی حوزیرانی ئه‌مساڵ له‌نێوان هه‌ردوولادا واژووكرا".