28/07/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
داد:هێزە ئەمنییەکانی له رووداوەکانی زیندانی ئەبوغرێب و تاجی تاوانبار کرد
وەزیری دادی عیراق حەسەن ئەلشەممەری رۆژی هەینی رایگەیاند ئەو هێزە ئەمنییانەی ئەرکی پاراستنی زیندانەکانی ئەبوغرێب و تاجییان لەئەستۆ بوو دەستیان هەبووە لەشکاندنی زیندانەکان و هەڵاتنی ژمارەیەکی زۆر زیندانی.
ئەلشەممەری روونیکردەوە "ئەکی وەزارەتی داد ئەرکێکی مەدەنییە و بریتییە لە بەڕێوەبردنی زیندان و بەدواداچوونی حوکمەکان، تەنانەت کارمەندانی دائیرەی چاکسازی بۆیان نیە چەک هەڵبگرن"، دووپاتیشی کردەوە "دۆسییەی ئەمنیی زیندانەکانی ئەبوغرێب و تاجی بەدەست پۆلیسی فیدراڵی و ئیستیخباراتی ناوخۆیە کە ئەرکییان پاراستنی ناوەوە و دەرەوەی زیندانەکانە."
هەروەها ئاشکرایکرد "لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی پاش رووداوەکە تێوەگلانی هەندێک لەوانە دەردەخەن کە ئەرکییان پاراستنی زیندانەکانە"، وتیشی "پاراستنی ئەو شوێنەی زیندانییەکان لێوەی هەڵاتوون ئەرکی سریەی سێیەم بووە کە لەو کاتەدا شوێنەکەیان چۆڵکردووە و تەنیا ئەفسەرێک و دوو سەربازی لێ بووە."
بە سەرسامییەوە پرسیاریکرد " کارمەندانی دائیرەی چاکسازی کە تەنیا داریان پییە جۆن دەتوانن رووبەڕووی ئەو ئاژاوە و یاخیبوونە ببنەوە کە لەزیندانەکاندا روودەدەن؟ ئەو هیزە ئەمنییانە لەکوێ بوون کە پاراستنی ناوچەی ئەبوغرێبیان لەئەستۆدایە و تیرۆرستەکان بەناویاندا تێپەڕیون؟"
وەزیری دادی عیراق ئاشکرایکرد "ژمارەی زیندانییە هەڵاتووەکان 850 کەس بوو کە هێزەکانی فیرقەی نۆ توانییان هەندێکیان دەستگیربکەنەوە و 29 کەسیشیان لێ کوژران، ژمارەی ئەو زیندانییانەی تا ئێستا دەستگیرنەکراونەتەوە 559 زیندانییە."
ئەلشەممەری داوای لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کرد "ئەرکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە ئیستیخباراتی ناوخۆ وەربگرێتەوە و بیداتە دەزگایەکی بێلایەن جونکە هەندێک لەکارمەندانی سەر بە ئیستیخبارات لەرووداوەکەدا تێوەگلاون."
ئەسوات ئەلعیراق