دەمێکە ڕۆڵەکانى گەلى کورد لەهەر چوار پارچەى کوردستان خەون بەوەوە دەبینن کۆنگرەى نەتەوەیى بەرفراوان سازبکرێت بەبەشدارى نوێنەرى گشت توێژو و لایەنە سیاسیەکانى کوردانى هەر چوار پارچەى کوردستان ئێستا خەریکە ئەو ئومێدە دێتە دى و لەگەرمەى باس و خواسەکانى ئەو بابەتە مێژوویە گرنگە دابن و بەبایەخەوە هەموو کوردێکى دڵسۆز دەڕواننە دەرەنجامەکانى کۆنگرەى نەتەوەیى کەبڕیار وایە لەماوەیەکى نزیکدا لەهەولێرى پایتەختى کوردستان ببەسترێت ، بەڵام لەسەرو بەندى گەرمەى بابەتەکەدا ئەوەى تێبینى دەکرێت ئەوەیە کەئینتماى حیزبایەتى زۆر زاڵە بەسەر ئینتیماى نەتەوەییدا ئەوەندەى حزبەکان دەیانەوێت هەیمەنەیان هەبێت لەسەر ڕەوتى بەڕێوەچوونى کۆنگرەى نەتەوەیى ئەوەندە لەخەمى سەرکەوتووبوون و ئەنجام و ڕاسپاردەکانیدا نین .
دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کەبارودۆخ و هەل و مەرجى ناوچەکە لەبارو گونجاوە بۆ کورد کەهەوڵبدات بونیادى داهاتوویەکى گەش بنێت بۆ نەوەکانى داهاتوو ، لەگەڵ ئەوەشدا ووڵاتانى ناوچەکە بەهەستیاریەوە دەڕواننە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کۆنگرەى نەتەوەیى کورد و ئەنجامەکانى لەوانەیە هەوڵى لەباربردنیشى لەئارادابێت ، یاخود هەر نەبێ کۆنگرەکە بەڕاسپاردەو ئەنجامى باشەوە کۆتایى نەیەت ، بەبڕواى من بیرى تەسکى حیبزبایەتى بەرۆکى ڕەوت و سەرکردەکانى کوردى گرتووە لەچوارچێوەى کوردستانى گەورەدا و بەو حاڵەشەوە چاوەڕوان ناکرێت دەزگایەکى هاوبەشى نەتەوەیى ئاوا بەئاسانى دروست بکرێت کەببێتە مایەى خۆشحاڵى و ئومێدى گەلى کورد وەک مەرجەعێک گشت لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆى ، بۆیە لەم هەنگاوە سەرەتاییەدا ئەبێ بەرژەوەندى حیزبى و خۆ فەرز کردن بخرێتە لاوە لەپێناو بەئەنجام گەیاندنى ئەو هەوڵانەو گەر هیچ نەبێت ئەمە ببێتە دەستپێکى دامەزراندنى دامەزراوەیەکى نەتەوەیى کەبتوانێت کاریگەرى هەبێت لەسەر ڕەوتى ڕووداوەکان و سەرچاوەى تفاهم و لێک تێگەیشتنى نەتەوەیى و ببێتە ناوەندێکى گەورەى دیبلۆماسیش لەناوەندە نێو دەوڵەتیەکاندا .