04/08/2013 نوسەر: bzavpress

" كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردندا نییه‌"

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی، رایگه‌یاند: كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ هیچ چاوپێكه‌وتن ‌و كۆبونه‌وه‌یه‌كدا راو بۆچوونی له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردندا نه‌بووه‌ و نییه‌.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ (شه‌رقل ئه‌وسه‌ت) بڵاویكرده‌وه‌: (كۆسره‌ت ره‌سوڵ) جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان داوای لە نێچیرڤان بارزانی كردوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ،نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، بڵاویكرده‌وه‌: ئێمه‌ هه‌موو لایه‌ك له‌ ناڕاستی ناوه‌رۆكی ئه‌و هه‌واڵه‌ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌واڵێكی هه‌ڵبه‌ستراوه‌ و دووره‌ له‌ راستی.
وه‌ له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌شدا ده‌ڵێت "جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی داكۆكیكارێكی راسته‌قینه‌ی ئه‌نجامدانی سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كان بووه‌ له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ مافێكی سروشتی، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانێت، بۆیه‌ ئه‌و جۆره‌ بوختان كردن ‌و چه‌واشه‌كاریانه‌ به‌توندی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

ڕۆژنامەی (الشرق الاسوط ) ی لەندەنی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا 2013/8/4، لە چوارچێوەی هەواڵێكدا سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، گوایە  كۆسرەت رەسوڵ عەلی داوایەكی ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردبێت , كە هەڵبژاردنەنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دوابخرێت.